ریفراندۆمی هەرێم.. پێنج ملیۆن‌و ٢٠٠ هەزار كەس مافی دەنگدانی هەیە

کوردستان

21/09/2017‌ 501 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی دواین ئامار، ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەشداری لەریفراندۆمی هەرێم پێنج ملیۆن‌و ٢٠٠ هەزار كەسە، ئەوەش بەبێ رەوەندی كوردستانی لە ئەوروپا. 

هەر بەپێی ئامارەكە ئەو ژمارەیە بەسەر چەند پارێزگایەك دابەشبوون‌و لەپارێزگای هەولێر یەك ملیۆن‌و ١٠٠ هەزار، پارێزگای سلێمانی یەك ملیۆن‌و ٢٠٠ هەزار، پارێزگای كەركوك ٧٥٠ هەزار، پارێزگای دهۆك ٨٠٠ هەزار، پارێزگای هەڵەبجە ٨٠ هەزار، دەشتی نەینەوا ٧٥٠ هەزار دەنگدەری هەیە.

لەو بارەوە شۆڕش حەسەن بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەكان‌و راگەیاندن لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی باسی لەئامادەكارییەكان بۆ دەنگدان كردو رایگەیاند زیاتر لە ١٢ هەزار وێستگەی دەنگدەران هەیە، كە بەسەر دوو هەزار بنكە دابەشكراون.

شۆڕش حەسەن لەلێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ راشیگەیاند "لەناو هەر بنكەیەكی دەنگدان چەندین وێستگە هەیە، تا ئەو ئامارەی ئەمڕۆ لەبەردەستدایە، دوو هەزار و ٦٢ بنكەی دەنگدان هەیە لەهەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەناو ئەو ژمارەیەش ١٢ هەزار و ٧٢ وێستگەی دەنگدان هەیە، لە هەر وێستگەیەكدا سندوقێك دادەنرێت، كە ئەو سندوقە پڕ بووەوە ئەوا سندوقێكی دیكە دادەندرێت.

سەبارەت بەدەنگدانی ئەو پێشمەرگانەی، كە لە هێڵی پێشەوەی بەرەكانی جەنگن، شۆڕش حەسەن ئەوەی راگەیاند "ئەو پێشمەرگانە هەر لەبەرەكانی جەنگ دەنگ دەدەن، چونكە دەنگدانەكە یەك رۆژەو دەنگدانی تایبەت نەماو دەگەڕێنەوە لەهێڵی دواوە دەنگ دەدەن‌و لەوێ بنكەیان بۆ دادەندرێت".

هـ ـ ح