ئێران درۆنێکی مەترسیدار بۆ هێرشکردنەسەر هەرێم ئامادە دەکات

ڕاپۆرت

03/01/2024‌ 2620 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

جیهان لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا هەنگاوێکی گەورەی نا، ئەویش پێشخستنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بوو. هەر چەندە درۆنەکان مێژوویەکی کۆنتریان هەیە، بەڵامدەیەی هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی بیست سەرەتای قۆناغێکی نوێ بوو لە جیهانی درۆنەکاندا، ئیتر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بوون بە چەکی یەکلاکردنەوەی جەنگ و پێکدادانە گەورەکان، سوپاکان بەبێ ئەوەی سەربازەکانیان بنێرنە بەرەکانی جەنگ، توانییان جەنگەکان لە بەرژەوەندیی خۆیان کۆتایی پێ بهێنن. جیهانیئێستا لە قۆناغی چوارەمی شۆڕشی پیشەسازیدایە، پێشکەوتنەکان لە هەر کاتێک خێراترن و گۆڕانکارییەکانیش وردترن. پیشەسازیی فڕۆکە بێفرۆکەوانەکانیەکێکن لە پێشکەوتنەکانی ئەم قۆناغە.

ئێستا هەرێمی کوردستان لەمێژووی دەیان ساڵەی ڕابردوویدا قورسترین کاتەکانی بەڕێدەکات، شەڕی دژ بە هەرێم لە سەر زەوی نییە، بەڵکو شەڕەکە لە ئاسماندایە و چیتر ئاسمانی هەرێم شوێنێک نییە حکومەت و حزب کۆنترۆڵی بەسەریدا بشکێت، ئەگەر لەڕابردوودا شاخ و دۆڵ و ڕێگەکان شوێنی تەراتێنی درۆنەکان بوبن، ئەمڕۆ درۆن گەیشتووەتە ئاسمانی پیرمام، پێگەی سەرەکی پارتی و بنەماڵەی بارزانی...

هەرچەندە لە ماوەی ڕابردوودا ناوبەناو هێرش دەکرایەسەر پێگەکانی ئەمریکا لەناو خاکی هەرێم، بەڵام هێرشەکان لەڕێگەی موشەک و کاتیۆشاوە بوو، ئێستا شێوازییارییەکە گۆڕاوە و چیتر لایەنی بکەر پێویستی بەوە نییە بارهەڵگرێک لە موشەک لە نزیک هەولێر جێگیر بکات و موشەکبارانی ئامانجەکەی بکات، بەڵکو بە ئاسانیی درۆنێک بۆمبڕێژ دەکات و کوێی بوێ ئاڕاستەی دەکات، ئەگەر درۆنەکە گەیشتە ئامانجەکەی ئەوا پێکاویەتی، نەگاتە ئامانجەکەش خۆ لە ئاسماندا هەر دەتەقێتەوە و ترس و دڵەڕاوکێ دروستدەکات... بەڵام ئێستا بابزانین ئەو درۆنانە لە کوێوە دێن؟

چاودێران بۆچوونیان وایە بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینەوە، میلیشیاکانی مقاوەمەی عێراقیی بە پاڵپشتی ئێران شێوازێکی دیکەی شەڕی دژ بە ئەمریکا لە عێراق و بە تایبەت لە هەرێم پەیڕەو دەکەن، ئەویش ئەوەیە ئێرانڕێگەی گەیشتنی درۆن بە میلیشیاکان ئاسان دەکات، ئەوانیش دوای بۆمبڕێژکردنی ئاڕاستەی هەرێمی دەکەن

یەدەگی ئەم جۆرە درۆنە لە چینەوە هاوردە دەکرێت، لەلایەن سوپای قودسەوە داخڵی عێراق دەکرێن، لە 2015وە سوپای بەدر و نوجەبا ئەم چەکانەیان بەدەست گەیشتووە، بەتایبەتی موهاجیر و ئەبابیلیان بەدەست گەیشتووە، بەڵام ئێستا خۆیان پیشەسازیی سەربازییان هەیە و دەتوانن درۆن ببەستن، واتا درۆنەکان بە پارچە دەهێندرێن و لە عێراق دەبەسترێن.

شارەزایەکی بواری درۆن، هۆشداری دەدات کە لە ماوەیەکی نزیکدا "هێرشێکی گەورەی سایبەری دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان" و روونی دەکاتەوە، "هێرشەکە بە رواڵەت سیاسی و لە نێوەڕۆکدا ئەمنییە." دەشڵێت، "دەکرێت هەرێمی کوردستان پێش بەم هێرشە درۆنییە بگرێت."

شوان جاف لەبارەی هێرشە درۆنییەکانەوە روونی دەکاتەوە، "درۆنەکان لە دەشتی نەینەوا هەڵدەدرێن و ئامانجیان لەکارخستنی فڕۆکەخانەی هەولێرە."
پێشتر کۆمەڵێک درۆن بەکاردەهاتن بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی سعودیە، بەڵام ئێستا گۆڕاوە، نوجەبا کۆمەڵێک چەکی وەکو سەمەد 1 و سەمەد 3 و قاسفی 1 و ئەبابیلی 2ی بەدەستەوەبوو، دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی وەکو سعودیەی بەکاردەهێنا، بەڵام ئێستا مقاوەمەی ئیسلامی بۆشاییەکی دروستکردووە لەگەڵ رابردووەکەی، تاوەکو نەناسرێتەوە، چونکە ناسنامەی مقاوەمەی ئیسلامی روون نییە و وەکو گرووپێکی خۆکوژیی تیرۆرستی هەژمار دەکرێن، ئەم گرووپە وەکو بەرگێک دروستکراوە تاوەکو فشار دروستنەبێ لەسەر میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، بۆیە ئێستامقاوەمەی ئیسلامی بە درۆنێکی نوێ، کە ناوی موراد 4 و موراد 5ـە، هێرشەکانیان دەکەن.

لە ئێستادا گۆڕانکاری لە پلێتی دروستکردنی درۆنەکە کراوە، کراوەتە ریشاڵی کاربۆنی، بۆئەوەی رادار نەیخوێنێتەوە، کە ئەمە تێچووەکەی زۆرترە، بۆیە ئێستا رادار ئەم درۆنانە ناخوێنێتەوە، چونکە رادار تەنیا ئەو ماددانە دەخوێنێتەوە کە پێکهاتەکانیان وەکو ئاسن و مس چڕە، پەروانەی ماتۆڕەکەی کراوە بە تەختە، ئەوەش بۆئەوەی شێ کاری لێنەکات و شەپۆلەکان نەخوێنێتەوە.

ئێران دوو جۆر درۆن لێرە بەکاردەهێنێت، سیخوڕی و بۆمبڕێژکراو، لەو سیخوڕییە مەترسیدارانە، درۆنی موهاجیر 10یە، کە حەماس لە هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل بەکاریهێنا، کە هەرچی کامێرە بوو لەکارکەوت. ئەم موهاجیر 10یە لەکاتی فڕینی دوو درۆنی دیکە هاوکاریی دەکەن،یەکێکیان ئەبابیل 4ە و ئەوی دیکە کایان 19یە، کە بۆ هێرشی سایبەری ئامادە کراون...

شوان جاف پێشبینی دەکات، لە چەند مانگی داهاتوودا "شەڕێکی گەورە" بۆیەکلاییکردنەوەی بەرژەوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا لە عێراق رووبدات و دەڵێت، "جووڵەی سەربازی لە ناوچەکە هەیە، پێشبینی دەکەین درۆنی هێرشبەر لە کەرکووک و نەینەواوە بەکاربێت، پێشبینی دەکەین، ئەمبابەتانە بکەونە نێو جووڵەی گەورەی درۆنەوە. کە مل دەکێشێت بۆ جەنگێکی هێرشبەرانە بۆیەکلاییکردنەوەی بەرژەوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا."

بەپەلە