تائێستا هەرێم و بەغدا لەسەر مووچەی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکان ڕێکنەکەوتوون

کوردستان

28/03/2024‌ 498 جار خوێندراوه‌ته‌وه



 تاوەكو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق قایل نەبووە لەسەر بنەمای كۆد مووچەی هێزە ئەمنییەكان بنێرێت و بەنیازە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لەو بڕیارەی ئاگادار بكاتەوە.
 
میدیای نزیك لە پارتی بڵاویكردەوە، لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عێراق، لیستی ناوی هێزە ئەمنییەكان كە بە كۆد ئامادەكراوە، لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ماوەی دوو رۆژ وردبینی كراوە و نێردراوە بۆ بەغدا، بەڵام پارەكەیان كە زیاتر لە 350 ملیار دینارە نەنێرداوە و لە لیستی دابەشكردنی مووچەدا نەبوون، تاوەكو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق ئامادە نییە بە لیستی كۆد پارەی هێزە ئەمنیەكان بینرێرێت.

وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵی داوای كردووە، لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەكان و ئەو شوێنانەی كە ماون و ناوەكانیان بە كۆد نێردراوە بۆ بەغدا، لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستانەوە وردبینی بكرێت و بۆیانی بنێرن.
 
 پرۆسەی وردبینی لەو لیستانەی كە ناوەكانیان بەكۆد بووە، دوو رۆژی خایاندووە و و دوای تەواوكردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە، لە 27ی ئاداری 2024 نێردراوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق كە دەبوو ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی ئاداری 2024 ئەو بڕە پارەیەی دیكە بنێردرایە كە ماوە، بەڵام نەنێردراوە.
 
بڕیارە لە رۆژی شەممەوە دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات دەستپێبكات، بەگوێرەی ئەو لیستەی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، جگە لە وەزارتی پێشمەرگە، چەند هێزێكی دیكەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان ناویان لە لیستی مووچەدا نییە.

بەپەلە