هەڵکشانی هەژموونی حوسییەکان وەک فاکتەری بەردەوامبونی جەنگی ناوخۆیی یەمەن

جیهان

20/12/2017‌ 791 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 هاوکار ڕەفیق ڕەحمان


پێشەکی 
قەیرانی یەمەن حەوت ساڵی تەمەنە و وابەستەیە بە ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبییەوە، لەو ساتەوە هەتا ئیستا ئاگری شەڕ لە وڵاتە دانەمرکاوەتەوە، جەمسەرە دژ بەیەکەکانی ناوخۆ و نەبوونی هاوپەیمانی ڕاستەقینە و دەستوەردانی دەوڵەتانی سعودیە و ئێران وەک جەمسەری دژ بەیەک، هێندەی تر ئاگری جەنگەکەی گەرمتر کردووە، بۆیە لەم توێژینچەیەدا باس لە قەیرانی یەمەن و لایەنە پێکهێنارەکانی ئەم قەیرانە دەکەین، لەگەڵ هۆکارەکانی بەهێزبوونی حوسیەکان و ڕوداوەکانی ئەم دواییەی یەمەن، ڕۆڵی هەریەکە لە سعودییە و ئێرانیش لەم جەنگەدا دەخەینەڕوو، دواتر ولە کۆتایدا سیناریۆکانی داهاتوو شرۆڤە دەکەین. بە وەڵامدانەوەی ئەو گریمانەیەش کۆتایی بە بابەتەکە دەهێنین، کە پێمانوایە قەیرانی یەمەن لە دوای کوژرانی علی عەبدوڵا سالح و دەستوەردانی زیاتری ئێران و بەهێزبوونی حوسیەکان و گەمارۆدانی ئاوی و ئاسمان و وشکانی، یەمەن دەخاتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، کە تێیدا ملێۆنان هاوڵاتی مەدەنی دەبنە قوربانی، لەگەڵ بەردەوامبونی ناسەقامگیری و تێکچووی ئاسایش بۆ چەندین ساڵی تر. 
قەیرانی یەمەن و خراپی دۆخی مرۆیی  
لە ساڵی 2014ەوە، دۆخەکە بەتەواوی تێکچوو، کاتێک حوسییەکان بە پاڵپشتی ئێران و هێزە حکومییەکانی یەمەن بە پشتگیری سعودیە هاندەدران دژ بەیەکتر، لە مانگی ئاداری ساڵی 2015شەوە، سعودییە سەرکردایەتی هاوپەیمانی عەرەبی دەکات دژ بە حوسییەکان. دوای کوژرانی  سەرۆکی پێشووی یەمەنیش ململانێکان چوونە قۆناغێکی نوێوە. قەیرانەکە بە شێوەیەکە، لە ئازاری 2015ەوە، لە یەمەندا زیاتر لە8400 کەس بوونەتە قوربانی، کە ٤٨هەزاریان لە کەسانی مەدەنین، لە ناو ئەوانیشدا 1500منداڵ هەن(١) بە پێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرووەکانیش بێت، زیاتر لە ٨٠٠ هەزار توشبووی کۆلیرا لەیەمەندا هەن، پێشبینی کراوە لە کۆتایی ئەمساڵدا بۆ یەک ملیۆن توشبوو بەرزبێتەوە، ئاوی پاک و خۆراکی تەندروست، بە زەحمەت دەستدەکەوێت. گەمارۆکانی سەر یەمەن وای کردووە ٨٠٪ دانیشتوانەکەی   پێداویستی سەرەتایی پێناگات، سەرباری ئەوەی ئەم قەیرانە زیاتر لە سێ ملیۆن هاوڵاتی یەمەنی ئاوارە کردووە،(٢)بەپێی ئاماری  ڕێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی، (لمنڤمه‌ إنقاژ الگفوله‌) تەنیا لە یەک ڕۆژدا ١٣٠ منداڵ دەمرن، نزیکەی ١٧ ملیۆن کەسی تریش، کە لە ناویاندا ١١ ملیۆن منداڵ هەیە، پێوستیان بە هاریکاری مرۆیی و تەندروستی بە پەلەیە(٣).بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لە سەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەراورد بە جەنگی عێراق و سوریا، بایەخی ئەوتۆ بە دۆخی ناهەموای یەمەن ناردێت.
 لایەنە سەرەکییەکان لە قەیرانی یەمەندا 
یەکەم: حوسییەکان  
حوسییەکان(ئەنسارولا)، وەک جوڵانەوەیەک سەرەتا لە ساڵی ١٩٩٢دا، دروستبوون. بە ئامانجی پشتگیریکردن لە مافی تایفەی یەزیدی شیعە. بەدرەدین حوسی، دامەزرێنەری سەرکردەی رۆحی بزوتنەوەکەیە، دوای ئەویش لەلایەن براکەی (حسێن حوسیی)ەوە سەرکردایەتی کرا، دوای کوشتنی لەلایەن سوپای عەلی عەبدولا سالحەوە، سەرکردایەتی بزوتنەوەکە بۆ (عەبدولمەلیک بەدرەدین) گواسترایەوە، تا ئەوەی بزوتنەوەکە لە کۆتاییدا وەک جوڵانەوەیەکی  سیاسی یاخی چەکدار دەرکەوت. شاری سەعدەیان لە یەمەن کردە بنکەی سەرەکیان. لە 2004 هەتا 2009، لەگەڵ حکومەتەکەی علی عەبدولا ساڵح، بەرەنگاری یەکتربوونەوە، لە ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٠ش، لە لەسەر سنوری یەمەن، لەگەڵ سعودییە کەوتنە جەنگەوە، لە تەموزی  2014شدا، توانیان باکوری یەمەن کۆنترۆڵ بکەن، دواتر لە پایزی هەمانساڵدا پایتەختی یەمەنیان (سەنعا) کۆنترۆڵ کرد، بەم شێوەیە سەنعا دوای شاری عمران و سەعدە بووە سێهەم شار، کە کەوتە ژێر سەرکردایەتی حویسیەکان. 
هەتا ئەوەی لە مارسی ٢٠١٥ توانیان عەدەن کۆنترۆل بکەن، کە سێهەم گەورەترین شاری یەمەنە. پشتگیری بەشێک لە سوپاو هاوپەیمانی لەگەڵ سالح، دوو هۆکاری سەرەکی بەهێزبوونی قەڵەمرەوی حوسییەکان بوون، کە دواتر بە شکستی لایەنی دووەم کۆتایی هات.  بە هێزی حوسیەکان بەڕادەیەکبوو  توانیویانە ئاب و حەدیدەی کۆنترۆڵ بکەن، کە دوو ناوچەی گرنگن. هەتا ئەوەی بووتە مەترسی بۆ پرۆژە ئاوییەکانی سعودییە لە  کەنارەکانی دەریای سور و مینای مەخا. هاوکات لە ئاوە نێودەوڵەتیەکانی یەمەن، بە موشەک هێرشیان کردەسەر کەشتیەکی جەنگی ئەمریکا. زیاتر لە دووجاریش بە ئاراستەی سعودییە موشەکی بالیستیان هەلداوە، لە ئێستاشدا پێگەیەکی سەربازی گرنگیان هەیە لە یەمەندا. بە تەواوی  ناوچەکانی ڕۆژئاوای یەمەنیان کۆنتڕۆڵکردووە، کە تێیدا پایتەختی دەولەتەکە دەگرێتەخۆی کە ستراتیژیترین ناوچەیە. بە پیێ داتا نافەرییەکانی ٢٠٠٥ بێت، ژمارەی چەکدارە حوسییەکان نزیکەی ٥٠٠٠چەکداربووە، ئەم ڕێژەیە لە ٢٠٠٩ بۆ ١٠٠٠٠چەکدار بەرزبۆتەوە، لە ئیستاشدا نزیکەی ١٥٠٠٠چەکداری هەیە. کە ئەمەش هەڵکشانێکی گرنگە لە هێزی سەربازیی ئەم بزوتنەوەیەدا.
دووەم: عبد ربە منسور هادی  و  پارتی کۆنگرەی گشتی
عبد ربە منسور هادی، لە ماوەی راگوزەری دیموکراسیدا، وەک سەرۆکی کاتی لە ساڵی 2012، بۆ سەرکردایەتی یەمەن دیاریکرا. بەڵام هەر زوو حوسییەکان بنکەی مانەوەیان لە سەنعا کۆنتڕۆڵکرد، تا ئەوەی دەستی لەکارکێشایەوە. دواتر بە ناچاری لە ماڵەکەی خۆیدا لە ژێر چاودێری حوسیەکان مایەوە، دواتر بەرەو عەدەن هەڵهات، لەوێ پاشگەزبووەوە لە دەستلەکارکێشانەوەکەی و حکومەتی پێکهینا و داوای لە سوپا کرد بێـتەپاڵی. لە ئێستاشدا بە پاڵپشتی هاوپەیمانی عەرەبی، زۆرینەی ناوچە کەناراویی و سنورییەکانی کۆنترۆلکردووە، کە ئەوانیش بریتین لە ناوچەکانی (فەیزە، مئارب، زنجبار و مەخا). هەمیشە سعودییە و ئیمارات، لە هاوپەیمانی عەرەبیدا، دوو دەوڵەتی کارابوون، لە پشتی حکومەتەکی هادیەوە، بۆ ئەوەی بەسەر حوسیەکاندا سەریبخەن، وەک ئەو پشتیوانە ئاسمانیەی بۆ پاڵپشتی سوپاکەی هادی خرایە گەر، بۆ گەڕانەوەی پێنج پارێزگای باشوری یەمەن و گەروی بابولمەندەب(ئەم گەرووە لە دیدی سعودییە و ئیماراتدا وەک بەدیلی گەروی هورمزە، بۆ گواستنەوەی نەوت و بەدەستهێنانی وزە، بەڵام حوسییەکان هەمیشە لە هەوڵیکۆنترۆڵکنردیدان)، و کەناراوەکانی دەریای سور لە رۆژئاوای یەمەن، لەگەڵ هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکرنەوەی سەنعای پایتەخت. بەڵام ئەم ڕوداوانەی دوایی هاوکێشەی ملمانێکانی لە بەرژەوەندی حوسیەکان گۆڕی. 
 عەلی عەبدولا سالحیش، هەر لەسەرەتاوە ناکۆک بوو لەگەڵ عبد ربە منسور،  دواتر بە ڕێکەوتن لەگەڵ حوسیەکان، نفوزی سیاسی و سەربازی بەکارهێنا، بۆ  دژایەتی سەرۆکی نوێ و گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ خۆی. ئەمەش بە مەرگی خۆی کۆتایی پێهات. دوای کوشتنیشی، بۆ ماوەیەکی دورمەودا  ئەم بابەتە دەبێتە فاکتەری پێکدادان،  لە نێوان لایەنگرانی سالح و حوسیەکاندا. کوشتنی سالح و خزم وکەسەکانی و دەسبەسەرکردنی ئەندامانی حیزبی کۆنگرەی گشتی، دەشێت هەڵمەتی تۆڵیسەندنەوەی بەدوادابێت، بە بێ ئەوەی لایەنگرانی سالح چیتر، دژی سەرۆکی شەرعی نوێ بوەستنەوە. لەخوارەوە زیاتر لەسەر ئەم پرسە وەستاوین.
سێهەم: ڕێکخراوی قاعیدە  و داعش
  ڕیکخراوی قاعیدە،   لە نیمچە دورگەی عەرەبی یەمەن ڕۆڵی هەیە، لە ساڵی ٢٠٠٩دا، هەریەکە لە  لقی سعودییە و یەمەنی قاعیدە یەکیانگرت. بە هێرشکردنە سەر کۆمپانیای فرۆکەوانی نێودەوڵەتی و ئەنجامدانی هێرش لە سعودییە بوونی خۆی سەلماندووە، لەگەڵ دەستپێکردنی زنجیرەیەک لە هێرشی خوێناوی دژ بە سوپا و ئاسایشی یەمەن .لە ساڵی ٢٠١١شدا، لە دەرئەنجامی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکەی یەمەن دژی حکومەتەکەی سالح، نفوزییان لە باکوری وڵات برەویسەند. لە ساڵی ٢٠١٥شەوە، قاسم ئەلریمی، سەرکردایەتی  دەکات، سەرباری پرۆسە سەربازییە چەندبارەکان، بۆ ڕاوەدونانی ئەم ڕیکخراوە، لە باشوری و ڕۆژهەڵاتی ولاتەکە)کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا، فڕۆکەکانی ئەمریکاش بەشداربوون)، تا ڕادەیەک بەرەو لاوازی ڕۆیشت، بەڵام دواتر داعش شوێنی گرتەوە، دۆخی ئێستای یەمەنیش پێدەچێت جارێکی تر ئەم ڕێکخراوە زیندوو بکاتەوە. 
بێجگە لەوەی  ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشیش، لەیەمەن چەندین چالاکی خوێناوی ئەنجامداوە، گرنگترینیان لە ئەستۆگرتنی ئەو هێرشە تیرۆرستەیبوو کە لە ٢٠مارسدا، بۆ مزگەوتێکی شیعەکان، لە سەنعای پایتەخت ئەنجامدرا، کە تێیدا ١٤٢ قوربانی لێکەوتەوە، دواتر پرۆسە تیرۆرستیەکانی لە باشوری وڵاتەکە فراوانکرد، بە تایبەتی ئەو شوێنانەی لە نیمچە دورگەی عەرەبی وەک حەشارگەی قاعیدە هەژماردەکران، کە تێدا ژمارەیەکی زۆر لە هێرشی تیرۆرستی ئەنجامداوە، لە ئیستاشدا سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، ئەم ڕێکخراوە  بەشێک لە سنورو کەناراوەکانی یەمەنی کۆنتڕۆڵکردووە، کە ئەوانیش بریتین لە قەسیعەر، ئەحوار و مودەیتە.
چوارەم: جوڵاندنەوەکانی باشور
ئەمەش جۆرێکە لە هاوپەیمانی دەستەو گروپەکان، کە ویستان ئەوەیە، یەکگرتوویی یەمەن هەڵبوەشێننەوە و دەوڵەتی یەمەنی باشور زیندوو بکەنەوە.ئەم جوڵانەوەیە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی، لە شەقامی باشوری یەمەندا لەگەڵە، بە تایبەتی لە عەدەن، مەکلا و عەزان. لەگەڵ ئەوەشدا لایەنگری سەرۆکی شەرعی یەمەنن، بەڵام سەرکردەیەکی شایستە نیە بۆ ئەوەی ئەم پشتگرییە جەماوەرییە بکاتە کردار.
پێنجەم: ڕەوتی چاکسازی
ئەم رەوتە، وەک پارتێکی ئیسلامی نمایندەی بەرژەوەندییە ئیسلامی و هۆزگەراییەکان دەکات، سەرباری ئەوەی لە گروپی ئیخوان موسلیمینەوە نزیکە، هەروەها پاڵپشتەییەکی گەورەی لە  یەمەن هەیە، پێشتر لە هەوڵدابوو دەسەڵاتێکی زیاتر بەدەست بهێنیت لە ماوەی راگوزەریدا، بەڵام لەبەرامبەر حوسیەکاندا شکستی هێنا.دواتریش لە هاوپەیمانیکردن لەگەڵ لیوا(علی محسین ئەحمر)کە رابەرایەتی لیوایەکی گرنگی دەکرد، شکستیهێنا. سەرباری ئەوەی دژ بە دەسەلاتی سەرۆکی پێشوش دەوەستایەوە، لە ئیستاشدا دژی حوسییەکانە و بە کەڵک وەرگرتن لە ئەندامەکانی لە هۆزە سونیەکان، پڕۆسەی چەکدارکردنی دامەزراندە، کە بە شێوەیەکی باش خۆی چەکدارکردووە. (7-4)
لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە هەریەکە لە لایەنگرانی هادی و سالح و جوڵانەوەکانی باشور و ڕەوتی چاکسازی، دژ بە حوسییەکانن، بەڵام هەتا ئیستا نەیانتوانییوە، لەبەرەیەکی هاوبەشدا یەکبگرن و دژیان بجەنگن، زۆرکاتیش دەکەونە جەنگەوە لەلایەک دژ بە حوسییەکان و لەلایەکی تریشەوە بەرامبەر بە یەکتری، بۆیە هەتا ئیستا نەیانوانیوە یەک دەنگبن بەرامبەر بە بەرەنگاروبونەوەی حوسییەکان.  
  عەلی عەبدولا سالح سەرەتا و کۆتاییەکی دوبارە
یەکەم:  هەڵگەڕانەوە لە سعودییە و هاوپەیمانی لەگەڵ حوسییەکان
عەلی عەبدولا سالح لە ساڵی 2004 هەتا کۆتایی 2009، شەش جەنگی لەگەڵ حوسییەکان ئەنجامدا،  بە بیانووی ئەوەی ئێران پشتگیری ئەو گروپە شیعیانە دەکات. لەم هەوڵەشدا سعودییە پشتگیری دەکرد، دوای ڕوداوەکانی بەهاری عەرەبیش، سعودییە و دەوڵەتانی کەنداو لە ترسی گواستنەوەی ئەم تەوژمە بۆ وڵاتەکەیان، پشتگیری حکومەتی یەمەنیان کرد، بەڵام دواترهاوپەیمانە ناوخۆییەکان و بەشێک لە سوپا و هۆزەکان، پشتیان کردە ساڵح و چوونە پاڵ هێزە یاخییەکان (القوات المنشقە)، لەمەوە هیچ شتێک لەبەردەم سالحدا نەما، بێجگە لە سعودییە بۆ ئەوەی رزگاری بکات، لە دادگاییکردن یان کوشتن، وەک ئەوەی لە هەندێک دەوڵەتانی بەهاری عەرەبی رویدا. لەمەوە دەستپێشخەرییەک لە دەوڵەتانی کەنداوەوە(المبادرە الخلیجیە) خرایە بەردەم علی عەبدولا سالح و تێدا باسکرابوو باشترە بەسەلامەتی  وڵات بەجێبهێلێت واز لە دەسەڵات بهێنێت(8).هەر لە چوارچیوەی دەستپێشخەریەکەی کەنداودا و لە شوباتی 2012،دەسەڵات لە علی عەبدولا ساڵحەوە گواسترایەوە بۆ عبد ربە منسور هادی. بەڵام   لە ئەیلولی 2014دا، بە هاوپەیمانی لەگەڵ حوسیەکان خیانەتی لە دەستپێخەرییەکەی کەنداوکرد. دوای لادانیشی  ئەکتەرێکی سەرەکی بوو لە گۆڕەپانی یەمەندا. هەتا ئەوەی بەهاوبەشی لەگەڵ حویسیەکان کەوتە دژایەتیکردنی سەرۆکی نوێ و هاوپەیمانی عەرەبی، هەتا ئەوەی کەوتە پشتگیری مادی و سەربازی بۆ حوسیەکان،  دواتر یارمەتیدان بۆ کۆنترۆڵکردنی سەنعای پایتەخت، هەتا گەیشتنە گەمارۆدانی کۆشکی سەرۆکایەتی. تەگژەکان بەجۆرێکبوون هادی ناچار بەدەستلەکارکێشانەوەکرا(9).دوای ئەوەی لە ئاداری ٢٠١٥دا، سعودییە، هاوپەیمانی (عاێفە الحزم) ڕاگەیاند بۆ بەرەنگاروبنەوەی حوسیەکان، لە پیناو گەڕانەوەی شەرعیەت بۆ سەرۆکی نوێ،علی عەبدولا سالح، هێرشی کردە سەر سعودییە و بە تێکدانی دۆخی یەمەن تاوانباری کرد.(10)
دووەم:هەڵگەڕانەوە لە حوسییەکان و گەڕانەوە بەرەو لای  سعودییە
بەلام دواتر ناکۆکی وململانێ کەوتە هاوپەیمانی سالح و حوسیەکانەوە، هەتا ئەوەی لە کۆتایی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، لە ئەنجامی پێکدادانی چەکداری لە ناوچەکانی باشوری سەنعا، 14کەس لە هەردوولا کوژران. دوو ڕۆژ دوای ئەوە ساڵح، لە لێدوانێکی لە ناکاودا ڕایگەیاند "بە هۆی ئەوەی ترس و تۆقاندنیان لە ناو خەڵکدا بڵاوکردووەتەوە، داوا لە هاوڵاتیانی یەمەن دەکەم دژ بە حوسییەکان ڕابپەڕن". دواتریش دەستپێشخەری کرد بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ دراوسێکانیدا، هاوپەیمانی عەرەبیش هەر زوو پێشوازی لەم کردەیەکرد و بە (ڕاپەڕینی پیرۆز) ناوزەندی کرد. بەڵام حوسییەکان ئەمەیان وەک خیانەت لێکدایەوە و دوو ڕۆژ دوای ئەوە، عەلی عەبدولا سالحیان کوشت. ئەمە لە کاتێکدا   هەمیشە دەیگووت" فەرمانڕەوایی یەمەن، وەک سەماکردنە لەسەر سەری مارەکان" وەک ئاماژەیەک بۆ قورسی سیاسەتکردن لە یەمەن، بەڵام لە کۆتایدا نەیتوانی لەسەر سەری حوسییەکان یاری بکات(11).لە بنەڕەتدا ئەم هاوپەیمانیە هەڵەیەکی ستراتیژی سالح بوو، چونکە حوسیەکان هەمیشە سالح و پارتەکەیان بە دوژمنی سەەکی خۆیان دەزانی، ئەوەی ئەم دوانەشی کۆکردبۆوە ناچاری و ئەمری واقیع بوو، چونکە لە ٢٠٠٤دا، سەرکردەی رۆحی حوسییەکان (حوسەیەن بەدرەدین ئەلحوسی)، لەلایەن حکومەتەکەی سالحەوە کوژرا، بۆیە هەمیشە حوسییەکان لە بیانوویەک دەگەڕان بۆ تۆڵەکردنەوە. 
 سێهەم: حوسییەکان و هۆکارەکانی بەهێزبوون  
1:لە سەرەتادا حوسیەکان  سیاسەتی مناوەرەکردنیان پەریڕەو دەکرد، کە بە دەستێک چەک و بەدەستێکی تر دروشمی گفتوگۆکردنیان بەرزکردبووەوە، ئەمەش کاتی زیاتری پێبەخشین بۆ ڕیکخستنی ڕیزەکانیان و کۆکردنەوەی هێزی سەربازی.
2: ئەو شارەزایی و تواناییەی لە دەرئەنجامی شەڕی شەشساڵە بەدەستیان هێنا، پاڵنەرێکی لۆژیکی بوو، بۆ هەڵکشانی فراوانخوازی  زیاتر لە یەمەندا. 
3:لەو شوێنانەی سەردەکەوتن، دەستیان دەگرت بەسەر کەلوپەلە سەربازییە گرنگەکاندا، سەنعای پایتەخت باشترین نمونەیە، بەمەش بە تەواوی چەکە قورس و مامناوەند و سوکەکانیان بەردەستدەخست.
4:دوای شەش شەر لە جەنگی بەرامبەری،سالح دەستی خستە ناو دەستی حوسییەکان، ئەم هاوپەیمانییە حوسیەکانی چەند هێندەی تر بەهێترکرد و  پشتگیریی زیاتی جەماوەری  بۆ مەیسەرکردن. 
5: سەرباری ئەوەی هەندێک لە سەرکردە باڵاکانی سوپا و هۆزە ناوخۆییەکان، بە جدی بەرەنگاری حوسیەکان نەدەبوونەوە، یان دەچونە پاڵیان، یان لە زۆرکاتدا هەڵوێستی بێ لایەنیان دەنواند. دابەشبوونی سوپاش لەنێوان هادی  و حوسییەکاندا، هۆکارێکی دیکەی بەهێزبوون بوو. 
6:پشتگیریکردنی سەربازی و دارایی ئێران بۆ حوسیەکان، سەرەکیترین فاکتەری بەهێزبوونیانە، پێدانی موشەکی بالیستی، ئەوپەڕی پشتگیری سەربازییە. یارمەتی مادی قەتەریش بابەتێکی حاشاهەڵنەگرە.
 7: ململانێکان لەسەر دەسەڵات و دابەشبوونە سیاسیەکان، لە سەروبەندی ڕاپەڕینی شوباتی 2011دا، (ئەوەی بە بەهاری عەرەبی ناسراوە)، پاڵنەرێکی تر بوو بۆ فراوانبوونی هەژمونی سەربازی و سیاسی ئەم بزوتنەوە. 
8:دوای ئەوەی عەبد رەبە منسور هاتە سەر دەسەلات )٢٠١٢-٢٠١٤(، حوسیەکان ژمارەیەک وەرگۆڕانی سیاسیان لە بەرژەوەنی خۆیان بەکارهێنا، بۆ لێدان لەو هێزە سیاسیانەی بەرهەڵستیان دەکردن، لە لایەکی تریشەوە پشتگیری ئەو هێزە سیاسانەیان دەکرد، کە بەرژەوەندی و دوژمنی هاوبەشیان هەبوو.(13-12)
گرنگە ئەوە بخەینەڕوو، کە حوسییەکان بە هاوپەیمانی لەگەڵ سالح، بەهێزتربون بەراورد بە ئێستا، چونکە کوتلەو هێزەکانی دژ بە حوسییەکان لە ئیستادا زۆرترن بەراورد بە جاران. 
 

  ڕۆڵی هەریەکە لە سعودییە و ئێران لە جەنگی یەمەندا
یەکەم: سعودییە وەک دۆڕاو  وتاوانبار لە جەنگی یەمەندا
  حوسییەکان بە تەواوی بونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی سعودییە، لە ماوەی ڕابرودا زیانی گەورەی کردووە، لەو بۆسانەی حوسییەکان بۆ سەر قافڵە سەربازییەکانی ناویانەتەوە(14).هەروەها چەندینجار پاسەوانانی سنوری سعودییەیان دەستگیرکردووە و کۆنترۆڵی ئەو دێهاتانەیان کردوە کە دورەدەستن و ئاوەدانین، وەک ربوعە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی عەسیر. بێجگە لەوەی حوسییەکان بە ئاراستەی کەناراوەکانی دەریایی سور ساروخیان هەڵداوە، کەجەدە و مەککەی پیرۆزی لێوە نزیکە. لە مانگی ڕابردووشدا، بە مووشەکی بورکانی ئێچ 2 دوورمەودا، مەلیک خەلیلیان، لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سعودییە بە ئامانجگرت، پێشتریش یەک ڕۆژ پێشهاتنی ترەمپ بۆ سعودییە حوسییەکان موشەکێکی دورمەودایان، بە  ئاراستەی سعودییە هەڵدا، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن بۆجاری سێهەم و لە ڕێکەوتی ١٦ی تشرینی یەکەمدا، بە موشەکی بالیستی فەرماندەی سوپای سعودییەیان لە ناوچەی جیزان لەسەر سنووری یەمەن و سعودیە بە ئامانج گرتووە.  لەبەر ئەوە سعودییە هەر  لە ٢٦ ئازاری ٢٠١٥وە،  وەڵامی عبد ربە منسورهادی دایەوە، بۆ دەستوەردانی سەربازی لە پێناو پاراستنی یەمەن لە هەڕەشەی میلیشیا شیعەکان، لەمەوە سعودییە لەگەڵ هەشت دەوڵەتی دیکەی سوننی، هاوپەیمانییەکی سەربازی پێکهێنا، بۆ لادانی حوسسیەکان و گەڕانەوە هادی بۆ دەسەلات(15).
 بە شێوەیەک لەماوەی دووساڵدا پرۆسەیەکی فراوانی ئاسمانی دژ بە حوسییەکان خستەگەڕ، کە تێیدا هەزاران بۆمبی خستەخوارەوە، کە ئەم کردەیەش زیاتر  کەسانی مەدەنی کردە ئامانج، بە پێی هەندێک لە ئامارە فەرمیەکان، لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا هاوپەیمانی عەرەبی لە ژێر ناوی (گەردەلولی زبر)، نزیکەی ٨٦٠٠ بۆردومانی ئاسمانی لە یەمەن خستۆتەخوارەوە، کە تێیدا ٣٥٧٧ بنکەی سەربازی بە ئامانج گرتووە، وێڕای ئەوەی زیاتر لە ١٥١٠ ناوچەی نیشتەجێبون و خوێندنگە و نەخۆشخانە و ناوەندی مەدەنی بۆردومان کردووە.(16)بروس ڕیدل، لە نوسنێکدا پشتبەست بە توێژینەوەیەکی زانکۆی هارفارد، ئەوە دەخاتەڕوو کە تیچووی جەنگی یەمەن لە لایەن سعودییەوە، نزیکەی ٢٠٠ ملۆن دۆلاری ڕۆژانەیە، بۆیە پێشنیار بۆ ئەمریکا دەکات، جەنگی یەمەن بە کۆتا بهێنێت، چونکە سعودییەی هاوپەیمانی لە مردنیکی هێواشدایە(17).بە پێی ڕاپۆرتێکی گۆفاری فۆرین بولیسی ئەمریکی، لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی ئەم سێ مانگەی دواییدا، سعودییە شکستی هێناوە، لە زاڵبوون بەسەر حوسییەکاندا، ئەمە بێجگە لەوەی کوژران و برینداربوونی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لیکەوتۆتەوە.(18)ئەمەش بووەتە ئەوەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرکردایەتی سعودییە بکاتە لیستی ڕەشەوە. (19)دوای ئەوەی نۆفەمبەری ڕابردوو، ساروخێکی حوسییەکان سعودییەی کردە ئامانج،  وەک کاردانەوەیەک سعوسییە سەرجەمی دەروازە ئاوی، ئاسمان و وشکانیەکانی لەگەڵ یەمەن داخست. ئەمە لە کاتێکدا یەمەن سەرجەمی پێداویستیە سەرەتاییەکانی لە خواردن وخۆژیان، لە رێگەی دەریاوە پیدەگات، ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت ملیۆنان هاوڵاتی ژیانیان دەکەوێتە مەترسیەوە.  لەمەوە سعودییە ڕوبەڕوی ڕەخنەی دەوڵەتانی رۆژئاوا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆتەوە(بە ئەمریکای هاوپەیمانیشیەوە).  سومعەی نێودەوڵەتی لەکاداربووە و ڕۆژانە فشار دەخرێتەسەری بۆ ئەوەی سنورەکانی بەڕووی یەمەندا بکاتەوە.(20)
دووەم: ئێران وەک پاڵەوانێک لە پشتی سەرکەوتنی حوسیەکانەوە
دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، وەک ستراتیژێکی نەگۆڕ بنەماکانی شۆڕش بۆ دەوڵەتانی دەوروبەر گواسترایەوە، دوای سەرکەوتنی ئەم تاقیکردنەوەیە لە لوبنان، هەر زوو ئیران تاقیکردنەوەکەی گواستەوە بۆ یەمەن. باڵوێزخانەی ئێران لە یەمەن، لە هەشتاکانەوە هەستا بە بانگێشکردنی گەنجانی یەمەن بۆ ئێران، بۆ ناساندنی ئەزمونی شۆڕشی ئێران، لە دیاریترین ئەوانەش حسێن حوسی،  دامەزرێنەی بزوتنەوەی حوسییەکان بوو، لەگەڵ سەرۆکی ئیستای حوسییەکان عەبدول مەلیک، ئەمانە سەرسامی نمونەی شۆڕشی ئیرانی بوون،  لە ڕووی بیرۆکەی سەرکردایەتی سیاسیەوە، کە دەبێت مەشروعیەتی دینی هەبێت هاوشێوەی ڕژێمی ئێران. تا ئەوەی حوسییەکان هەندێک لە دروشمەکانی شۆڕشی ئێرانیان دەگوتەوە، (مردن بۆ ئەمریکا مردن بۆ ئیسرائیل).  دوای ئەوەی کە حوسییەکان کەوتنە جەنگەوە لەگەڵ حکومەتی یەمەن، لە خولی چوارەمی ئەم جەنگەدا ولە ساڵی ٢٠٠٧دا، کاریگەری حیزبوڵا بە شێوەیەکی پلەبەندی لەسەر شێوازی شەرکردنی حوسیەکان دەرکەوت، دواتر لە لوبنان، لە لایەن حیزبولاوە ڕاهێنان بە شەرکەرەکانیان دەکرا(21).
  ئێران هەمیشە پێێ وایە حوسیەکان لاسایکەرەوەی حیزبوڵان و وەک نمونەیەکی خۆیان لیی دەڕوانن، هەرچەندە وەک حیزبوڵا کۆنترۆلی تەواوی بەسەریاندا نیە، هەتائەوەی بەشێک لە حوسیەکانیش ڕەتی دەکەنەوە ببنە ئالقە لەگوێی  ئێران، زۆرجاریش ڕێنمایی ئێرانیان فەرامۆش کردووە، ئێرانیش هەتا ئێستا ڕاستەوخۆ دانی بەوەدانەناوە کە پشتگیری حوسیەکان دەکات (ئەمەش پێدەچێت جۆرێکبێت لە سیاسەتی چاوبەستی)(22) .بەمشێوەیە ئێران هەر لەسەرەتاوە پاڵپشتی حوسیەکان بووە، لە ساڵی ٢٠٠٤شەوە، پاڵپشتی مادی، سەربازی، تەکنەلۆجی و ڕاوێژکاری  ئەم ڕێکخراوەی کردووە، دژ بە حکومەتەکەی سالح،  دواتر دەستوەردانەکانی  لە ساڵی ٢٠١١ەوە بە چری دەرکەوت. هەتا ئەوەی سعودییە هاوپەیمانی عەرەبی پێکهێنا بۆ لێدان لە حوسییەکان، ئێرانیش بە توانا و چەکی زیاترەوە کەوتە پشتگیری حوسییەکان، تا ئەوەی موشەکی بالیستی دورمەودای پێدان(23).لەدوای تێپەڕبوونی مانگێکیش بەسەر هەڵدانی دوو موشەکی دوورهاوێژ لە خاکی یەمەنەوە بە ئاراستەی سعودیە،  نیکی هێلی باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان،  پاشماوەی موشەکە دوورهاوێژەکانی لەناو بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکاندا نمایشکرد،  ڕاستەوخۆش ئێرانی بەوە تۆمەتبارکرد موشەکی داوەتە چەکدارە حوسییەکانی یەمەن تا ئاسایشی ناوچەکەی پێ تێکبدات و بە وەکالەت شەڕی خۆی لەگەڵ سعودییە پێ بکات.(24).  
 ستراتیژی ئێران لە جەنگی یەمەندا دیاری بکەین:
١: ئێران ویستی ئەوەیە یەمەنیش بکاتە نمونەیەکی مەزهەبی شیعی. بە شێوەیەک لەژێر هەیمەنەی ئێراندا بێت.
٢: یەمەن نزیکیەکی جوگرافی هەیە لە گەروی بابولمەندەب، کە ڕاڕەوێکی گرنگ و ناوچەیەکی وزەیی جیهانیە، کە نزیکەی ٣.٢ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەیە.
٣: ویستی ئەوەیە لە باشوری سنوری یەمەنەوە، حوسیەکان بکاتە کارتێکی هەڕەشە لە بەرامبەر ڕکابەرە دێرینەکەی کە سعودییەیە.
٤: ویستی ئەوەی هەیە، هاوشێوەی عێراق، یەمەن بکاتە بازاڕێک بۆ ساخکردنەوەی کاڵاکانی  و درێژەپێدانی پڕۆژە ئابوری و بازرگانیەکانی.  (25)
سێهەم: سیناریۆکانی داهاتوو: دوای کوشتنی سەرۆکی پێشووی یەمەن
1: ڕوودانی کەلێنیک لە نێوان حوسیەکان و ئێراندا: پارە میکانیزمی سەرەکیە بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، بەڵام حوسییەکان هەتا ئێستا هەست بە فشارێکی تەواو ناکەن، بۆ قبوڵکردنی ئەم جۆرە داواکارییە، بۆهەڵگەڕانەوە لە ئێران.
2:فشاری سەربازی زیاتر بۆسەر حوسیەکان لە باکورەوە: ئەمەش لە ڕێگەی پێشخستنی بنکەکانی سعودییە و جێگرکردنیان بە شێوەیەکی باشتر دەبێت، بە یارمەتی سوپای ئیماراتی کە لێهاتویی زیاترە. 
3:پشتگیریکردنی ئەو هۆزانەی سەر بە حوسیەکان نین: دەکرێت هۆزەکانی تر لە باکوری وڵات، بۆ بەرەنگاربوونەوەی حوسیەکان بەسودبن. بەتایبەتی ئەو هۆزانەی لە(پارتی کۆنگرەی گشتی) دابوون،و سەرۆک هۆزەکانیان لەلایەن حوسیەکانەوە لە سێدارە دراون(26).
4:کۆنتڕۆلکردنی دەسەڵات لە لایەن حوسیەکانەوە: دەشێت حوسیەکان تاکڕەوی بکەن لە پیادەکردنی دەسەلاتدا، لە ڕێگەی زیاتر بەکارهێنانی  هێزەوە، وەک پەیڕەوکردنی شێوازی هەمیشەییان(لە سێدارەدان، روخاندنی ماڵان، چەکدارکردنی ناچاری  و بەزۆر کۆچکردن) 
 5: بەرگری نەتەوەیی: دەتوانین گریمانەی ئەوە بکەین، هەندێک لە ئەندامانی پارتی کۆنگرەی گشتی، هەڵبستن بەڕیکخستن و پێکهێنانی شانەی بەرگری، لەسەر ئاستی هەموو ناوچەکە، یان هاوپەیمانیکردن لەگەڵ  ئەو گروپانەی زیانیان پێگەیشتووە، لە لایەن دەسەڵاتی حوسیەکانەوە. 
6:پرۆسەی تۆڵەکردنەوە:دەکریت سەرکردایەتی پارتی کۆنگرەی گشتی هەماهەنگی بکات، لەگەڵ هێزە شەرعەییەکانی یەمەن، هەروەها ڕاگەیاندنی ئینتیما بۆ حکومەتی شەرعی ئەو ولاتە،و ئامادەیی بۆ شەرکردن لەژێر سەرپەرشتی ئەودا(27).
7: ناسەقامگیری بەردەوام تا چەندین ساڵی تر: دابەشبوونەی جەمسەرەکانی ناوخۆ و نەبوونی هەماهەنگی تەواو دژ بە حوسییەکان و پاڵپشتی  ئێران و بەردەوامبونی سعودییە لە سەپاندنی گەمارۆکان و بەڵێنی ئەحمەد علی عەبدولا، کوڕی سەرۆکی پێشوو، بۆ تۆڵە سەندنەوەی لە خوێنی باوکی، هۆکارێکی تری ناسەقامگیری و نەمانی ئاسایشە لە یەمەندا، بۆ ماوەی چەندین ساڵی تر. (28)

دەرئەنجام 
1:چارەنوسی یەمەن لە دوای ئەم ڕوداوانەی دوایی، پێناچێت بەرەو ئارامی بڕوات. تەگژەکان بەرەو قوڵبوونەوە زیاتر دەڕۆن. ئەگەری سەرکەوتنی ئاشتیش لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا  یەکجار کەمە.
2:جەنگی بە وەکالەتی نێوان سعودییە و ئێران گەرمتر دەبێت، هاوشێوەی لوبنانیش دۆڕوای یەکەم سعودییەو سودمەندی سەرەکی ئێرانە. 
3:یەمەن دەوڵەتێکی سوننە مەزهەبە، لە ستراتیژی سعودییە ڕێگە پێدراونیە، گروپێک لە شیعە کە لەلایەن ئێرانەوە هاندەدرێن، کۆنترۆلی دەوڵەتێک بکەن کە هاوسنورە لەگەڵ سعودییە.
4:ئێران حیزبوڵای لوبنان، وەک کارتێکی هەڕەشە دژ بە ئیسرائیل دەخاتەگەڕ، بە سودبینن لە حوسییەکان هەمان سیناریۆ بەسەر سعودییەدا دوبارە دەکاتەوە.
5:سیناریۆیی لوبنان دوبارەدەبێتەوە، حکومەتێکی شەرعی لاوازبە سەرۆکایەتی هادی و میلشیایەکی بە‌هێزی تونڕەو بە پاڵپشتی ئێران، هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکان  دەبەن بەڕێوە. 
6:هاوپەیمانی عەرەبی، بەم تاکتیک و سیاسەتەی ئێستا، ناتوانێت بەرەنگاری حوسییەکان بێتەوە، ئەمە بێجگە لەوەی ئەم هاوپەیمانیە لە ٢٠١٥ەوە، سەرکەوتوو نەبوە، لە چارەسەرکردنی قەیرانی یەمەن.
7: گەمارۆدانی یەمەن بەمزوانە ناشکێت و دۆخی مرۆیی زیاتر لەوەی هەیە خراپتر دەبێت.
8: ئەگەری زیندووبونەوەی گروپە تیرۆرسیەکان هەیە، بە تایبەتی ڕێکخراوی قاعیدەو داعش. 
9:ئەوەی حوسییەکان کردیان گۆڕانکاری ڕیشەیی لە هاوسەنگی هێزدا دەکات، بەڵام پێدەچێت ئەمە دورمەودا لە بەرژەوەندی ئەوان نەبیت، چونکە لە ئێستادا سەرجەمی پارت و هێزە سیاسیەکان لە ڕەفتاری حوسییەکان نیگەرانن. 
 

لیستی سەرچاوەکان
 (1)ملیون اصابه‌ بالكولیرا قریبا،موقع النهار.
(2)حالات الكولیرا فی الیمن تتجاوز نصف ملیون خلال أربعه‌ شهور،بی بی سی. 
(3)Amanda Erickson, Yemen is on the brink of a horrible famine. Here‌s how things got so bad. Washington post. 
-لە باسکردنی لایەنە پێکهێنەرەکانی جەنگی یەمەن، سود لە سەرچاوەی ٤هەتا٧ بینراوە.
(4)من هی اڵاگراف الرئیسیه‌ فی اڵازمه‌ الیمنیه‌؟موق النهار. 
(5)من هم الحوپیون؟،موقع مونت كارلو الدولیه‌. 
(6)الوچع المیدانی فی الیمن بعد7سنوات من اڵازمه‌،روسیا الیوم.
(7)الاگراف الرئیسیه‌ فی النزاع الیمنی،موقع ایلاف.
(8)محمد بن گارق، رقصه‌ الموت اڵاخیره‌، صالح لم یكمل الرقص علی رۆوس الپعابین،موقع الساسه‌ بوست.  
(9)صالح والرقص علی رۆوس الپعابین، بی بی سی عربی.
(10)  Saudi Arabia's war in Yemen 'a strategic failure'.
(11)صالح والحوپی.. خلاف الشركا‌و،بی بی سی عربی.  
(12)أنصار الله‌ فی الیمن: أسباب الصعود و عوامل القوه‌،البیت الخلیجی للدراسات. 
(13)د. احمد یوسف، ایران تدعم الحوپیین بقوه‌ للاستیلا‌و علی السلگه‌ الیمنیه‌.  
(14)معارك الحد الجنوبی والنزیف السعودی المستمر، الجزیره‌، 12/12/2017. 
(15)بگل بلا انتصارات.. كیف فشل ابن سلمان من الیمن الی لبنان؟الساسه‌ بوست، 12/12/2017.
(16)Amanda Erickson,Yemen is on the brink of a horrible famine.Here‌s how things got so bad,Washington post. 
(17) بروس ریدل، إیران تتفوّق علی السعودیه‌ فی الیمن، موقع المونتر. 
(18)From the War on al Qaeda to a Humanitarian Catastrophe:How the U.S. Got Dragged Into Yemen,foreign policy.
(19)إدراج التحالف بقیاده‌ السعودیه‌ فی الیمن علی قائمه‌ سودا‌و تابعه‌ لڵامم المتحده‌، بی بی سی.   
Amanda Erickson,OP.CIT.(20)
(21)MAYSAA SHUJA AL-DIN ,Iran and Houthis:Between political alliances and sectarian tensions,opendemocracy.
(22)بروس ریدل،مصدر سابق.  
(23) Mohsen Milani, Iran's Game in Yemen,foreign affairs. 
(24)Phil Stewart,In first, U.S. presents its evidence of Iran weaponry from Yemen,reuters.
(25)نبیل البكیری،حقیقه‌ التدخل اڵایرانی فی الیمن،موقع الجزیره‌. 
(26)سایمون هندرسون،مستقبل الیمن المحفوف بالمخاگر ما بعد صالح،معهد واشنگن.
(27)د. حمود ناصر القدمی، سیناریوهات ما بعد مقتل "علی عبدالله صالح"، مركز مستقبل.
(28)د. شملان یوسف العیسی، ما مصیر الیمن؟،موقع الشرق اڵاوسگ.