ئەمریکا و ناتۆ بەبەهای 10 تڕیلیۆن دۆلار خۆپڕچەک دەکەن

ڕاپۆرت

19/04/2024‌ 770 جار خوێندراوه‌ته‌وه



گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی ئۆکرانیا بۆ چەندین ساڵ کاریگەریی لەسەر بودجەی وڵاتانی گەورە دەبێت، ئەمەش بەهۆی تێچووی پێشبڕکێی نوێی خۆپڕچەککردنەوە لە جیهاندا.

بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی ئاژانسی بلومبێرگ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە سەرەکییەکانی لە ئەوروپا و ئاسیا پێویستیان بە زیادکردنی خەرجییەکانی بۆ چەک و تەقەمەنی بە بڕی 10 تریلیۆن دۆلاری دیکە تا ساڵی 2034 هەیە، بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی کە ناتۆ دایناوە.

ساڵی ڕابردوو خەرجی بەرگریی جیهانی گەیشتە 2.2 تریلیۆن دۆلار. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەتایبەتی لەم دواییانەدا دەستیان کردووە بە زیادکردنی خەرجییەکان بۆ چەک، دوای دەیان ساڵ لە کەمکردنەوەی پێ بەپێی ئەو خەرجیانە.

خەرجیی بەرگریی وەک بەشێک لە قەبارەی ئابووریی نزیکەی 4.4% لە ڕووسیا، 3.3% لە ئەمریکا، 2.8%ە لە کۆریای باشوور، بەریتانیا 2.6%، ئێران 2.2%، ئەڵمانیا 1.6%، ژاپۆن 1.2% پێکدەهێنێت.

ڕووسیا بەراورد بە قەبارەی ئابوورییەکەیدا گەورەترین خەرجکەرە لەبواری بەرگرییدا، لە کاتێکدا ئەمریکا بە ڕێژەی سەدی لە دوای ئەوەوە دێت، بەڵام بێگومان قەبارەی خەرجییەکانی ئەمریکا وەک ژمارەیەکی ڕەها زۆر گەورەترە، بێگومان لەبەر ئەوەی قەبارەی ئابووریی ئەمریکا زۆر لە هی رووسیا گەورەترە.

هەروەک لە سەرووی لیستەکەدا کۆریای باشوور و بەریتانیا و ئێرانن، لە کاتێکدا ئەمە بەراورد دەکرێت بە خەرجیی بەرگریی کەمتری هەریەک لە ئەڵمانیا و ژاپۆن و هەر بۆیە لە ساڵانی داهاتوودا فشاریان دەبێت بۆ زیادکردنی.

لە ئێستادا وڵاتانی ناتۆ ئامانجێکیان بۆ خەرجیی بەرگریی داناوە کە 2%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی هەر وڵاتێک بێت، بەڵام بەرپرسانی سەربازیی دەڵێن پلانە سەربازییەکانی هاوپەیمانێتییەکە پێویستی بە بەرزکردنەوەی بودجەی بەرگریی هەیە بۆ ئاستی جەنگی سارد، کە نزیکەی 4% دەبێت.

ئەگەر خەرجییە سەربازییەکان بۆ 4% بەرز بکرێتەوە، بودجەی وڵاتانی گەورە چی بەسەر دێت؟
لە ئەڵمانیا قەرزی گشتیی لە ساڵی 20234دا دەگاتە 83%ی بەرهەمی ناوخۆیی، لەکاتێکدا تەنیا 60% دەبێت ئەگەر خەرجییە بەرگرییەکانی لە 2%ی بەرهەمهێناندا بمێننەوە.

لە فەرەنسا قەرزەکان لە سیناریۆی چوار لەسەددا دەگاتە 145%ی بەرهەمهێنان، لەکاتێکدا لە سیناریۆی دوو لەسەددا قەرزەکان دەگاتە 118%.

لە ئیتاڵیا سەختترین حاڵەتە. قەرزەکە لە سیناریۆی 4% دەگاتە 180%، لەکاتێکدا لە سیناریۆی 2% قەرزەکە دەگاتە 155%.

سەبارەت بە ئەمریکا، لە ئێستاوە زۆرترین خەرجی بۆ بواری بەرگریی تەرخان دەکات، کە یەکسانە بە 3.3%ی بەرهەمی ناوخۆیی، بەڵام ئەگەر خەرجییەکانی بۆ 4%ی بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بکات، قەرزەکەی دەگاتە 131%ی بەرهەمی ناوخۆیی.

ئەم شایستە جیۆپۆلەتیکیانە وا دەکات ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی دارایی قورس ببنەوە، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ژینگەی سودی بەرزدا و بەم شێوەیەش ناچار دەبن خەرجییەکان بۆ بابەتی دیکە کەم بکەنەوە بۆ ئەوەی کورتهێنانەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدا بمێنێتەوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی