شارپرێس:
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها لە ماوەی سێ ڕۆژدا لە شەڕ لەگەڵ ئێران 800 موشەکی پاتریۆتی بەکارهێناوە، لە کاتێکدا کۆمپانیای لۆکهید مارتن ساڵانە تەنها 600 مووشەک بەرهەم دەهێنێت، ئەم ڕاستییە بە تەنیا قەیرانێکی سەرەکی لە شەڕی مۆدێرندا ئاشکرا دەکات.
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید-١٣٦ی ئێرانی لە فایبەر گلاس دروستکراوە و بە بزوێنەرێکی سادە کاردەکات و خێراییەکەی نزیکەی ١٨٥ کم/کاتژمێرە و نرخی لە نێوان ٢٠ بۆ ٥٠ هەزار دۆلارە. بەڵام خستنە خوارەوەی هەر یەکێک لەو فڕۆکانە پێویستی بە مووشەکێکی ڕێگریکەری پاتریۆت PAC-3 هەیە کە تێچووی تا سێ ملیۆن دۆلارە.
ڕوسیا بە دیزاینێکی نوێی شاهید بەرهەم دەهێنێتەوەو کارگەیەکی لەتاتارستان دامەزراندو ئێستا ڕۆژانە نزیکەی ١٧٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرهەم دەهێنێت. لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا لە ماوەی یەک مانگدا پێنج هەزار و ٣٠٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاراستەی ئۆکرانیا کرد کە ژمارەی پێوانەیی شکاند، تەنها لە شەوێکدا ٧٢٨ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ١٣ مووشەکی لە یەک کاتدا ئاڕاستەی ئۆکرانیا کرد. ڕێژەی ڕێگریکردن لە ئۆکرانیا کە گەیشتبووە ٩٧%، بەهۆی توندی هێرشەکانەوە بۆ ٨٠% دابەزی.
لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بزوتنەوەی حەماس، لە ماوەی ٢٠ خولەکدا ٢٥٠٠ موشەکیان هەڵدا و سیستەمی Iron Dome - یەکێک لە پێشکەوتووترین سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی – دوچار بە گرفت کرد.
ئۆکرانیا بۆ ماوەی سێ ساڵ بەرگەی ئەم شێوازەی لەهێرشەکان گرت و چارەسەرێکی دۆزییەوە کە لە واشنتۆن و ڕیاز چاوەڕوان نەکراو بوو.
یەکەکانی ئۆکرانیا دەستیان کرد بە خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی شاهید بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕێگریکەر کە نرخی هەریەکەیان کەمتر لە هەزار دۆلار بوو و ئەم شێوازە زیاتر لە 70%ی هێرشەکانی سەر کیێڤی لە مانگی یەکی ساڵی 2026دا کەم کردەوە. هەروەها سیستەمی لەیزەری ئایرۆن بیمی ئیسرائیل بەکار دێت بۆ خستنە خوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە تەنها نزیکەی 3.5 دۆلار تێچووەکەیەتی لە هەر بەکارهێنانێکدا.
تا ئێستا ١١ وڵات بە فەرمی داوای هاوکارییان ئۆکرانیا کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. ئەو وڵاتە کە ساڵانێک بە دوای دەستخستنی سیستەمی مووشەکی پاتریۆت بوو، بە بێدەنگی سەرکەوتوو بووە لە دروستکردنی یەکێک لە کاریگەرترین سیستمی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە جیهاندا بە تێچووی کەم، تا ئەو ڕادەیەی کە تەنانەت واشنتۆنیش ئێستا لە کیێڤ نزیک دەبێتەوە بۆ سوود وەرگرتن لەو توانایە.