لە نەورۆزی هەبونەوە بەرەو نەورۆزی ئازادی!

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 55 جار خوێندراوه‌ته‌وه


جیاوازی هەر نەتەوەو کۆمەڵگەیەک لەڕێگەی کلتور و مێژوویەکەیەوە دەردەکەوێت. نەتەوەکان بە پاراستنی تایبەتمەندییەکانی تایبەت بەخۆیان دەتوانن خۆیان لە لەناوچوون بپارێزن. هەربۆیەش لەم خاڵەدا پاراستنی کلتور، هونەر و زمان خاوەن گرنگییەکی زۆرە. هەڵکەوتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕووی کلتورەوە خاوەن گرنگییە. نەورۆز کلتورێکی دێرین زەمەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. نەورۆز وەک هاتنی بەهار و جەژنی ژیانەوە لەلایەن گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێناسە دەکرێت.
باس لەوە دەکرێت کە مێژووی سەرهەڵدانی نەورۆز دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی گۆتییەکان، نزیک چوار هەزار و 350 ساڵ لەمەوبەر گۆتییەکان لە پەرەستگەی خۆیان جەژنێکیان بە ناوی "زاگموک" پیرۆز کردووە. "زاگموک" بە واتای ڕۆژێکی نوێ دێت و هەر لە پیرۆزباییەکەیاندا ئاگریان داگیرساندووە. جەژنی "زاگموک" لەلایەن هورییەکان، کاسیستەکان و میتانییەکانەوە پیرۆزکراوەو هەر بەم شێوەیەش گەیەندراوەتە سەردەمی حوکمڕانی مادەکان.
دەستەواژەی نەورۆز بۆ یەکەمجار لە کتێبی "زەندئاڤێستا"ی زەردەشتییەکاندا هاتووە. بەگوێرەی بیرو باوەڕی زەردەشتییەکان نەورۆز چەندین تایبەتمەندی گرنگ لەخۆدەگرێت. یەکەمیان: لە ڕۆژی نەورۆزدا "گەردوونی بچوک" یاخود هەمان مرۆڤی سەرەتایی دروستبوون. بەگوێرەی ئاڤێستا، مرۆڤەکانی سەرەتایی کەلەلایەن خواوەندەوە لە جەژنی نەورۆزدا خوڵقێندراون "میشیا و میشیانا"ن. دووەم: لەڕۆژی نەورۆزدا ئاگر لەلایەن خوای گەورەوە دروستکراوە. سێیەم: لەڕۆژی نەورۆزدا سەرجەم مردووەکان زیندوو دەبنەوە و سەردانی کەسانی زیندوو دەکەن. چوارەم: خوای باشە، ڕووناکی و چاکەکاری واتە ئاهورا مازدا، لە ڕۆژی نەورۆزدا بەسەر خوای شەڕەنگێز و تاریکی "ئانگرا مانیو"دا سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت. پێنجەم: زەردەشت، لەم ڕۆژەدا وەڵام سەرجەم پرسیارە قورس و زەحمەتەکانی دەستکەوتووە و ڕۆژی پێغەمبەربوونی زەردەشتە.
کاتێک مرۆڤ لەم تایبەتمەندییانە دەڕوانێت دەبینێت، نەورۆز ڕۆژی نوێبوونەوە، زیندووبوونەوە، ئافرێنەری، خوڵقکاری، ڕووناکی و سەرکەوتنە. مرۆڤ لە نەورۆزدا خۆی نوێدەکاتەوە، خۆی بە جوانی و گەرمی ئاگر دەڕازێنێتەوە. سروشت لەم ڕۆژەدا نوێدەبێتەوەو باشی و ڕووناکی بەسەر شەڕ و تاریکیدا سەردەکەوێت. نەورۆز میزگێنییە.
بەگوێرەی ساڵنامەی کوردی ڕۆژی 21-ی ئادار سەری ساڵی کوردییە. لەبەرئەوەی گەلی کورد لە کلتوری نیۆلۆتیکەوە سەریهەڵداوە هەربۆیەش ساڵنامەی کوردی بەگوێرەی نوێبوونەوەی سروشت دامەزراوە، لەبەرئەوەی سروشت لە مانگی ئاداردا خۆی نوێدەکاتەوە و ساڵی نوێش بەگوێرەی نوێ بوونەوەی سروشت دیاریکراوە.  
زەردەشت، لەسەردەمی خۆیدا وەک پیغەمبەرێک کە داهاتووی مرۆڤایەتی نوێدەکاتەوە سەیرکراوە. لەهەمانکاتیشدا فەیلەسوفە و خاوەن کاریگەرییەکی مەزنە لەسەر گەلانی ناوچەکە. ئەو گەلانەی لەژێر کاریگەری زەردەشتی بوون نەورۆز وەک جەژن پیرۆز دەکەن. هەربۆیەش نەورۆز لە کوردستانەوە بگرە تاوەکوو ئاسیا و هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک جەژن و ڕەمزی ئازادی پیرۆز دەکرێت.
دەستەواژەی نەورۆز لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانکارییە ئەتیمۆلۆژیکانەی بەسەریدا هاتووە لە زاراوە جیاوازەکانی زمانی کوردیدا لە زاراوەی سۆرانی، کورمانجی و دلمیلکی وەک نو رۆز، نەورۆز و نەوە رۆج بەکارهێنراوە. فارسەکان وەک "نورۆز"، کازاکەکان وەک "نەورز"، قرقیزەکان وەک "نورووز"، تاتارەکان وەک "ناوراز"، ئویگارەکان وەک "نەورو ز" و تورکمانەکانیش وەک "نێڤروز" پێناسەی دەکەن. ڕەگ و ڕیشەی نەورۆز هی نەتەوەی ئارییەکانە و ئەم دەستەواژەیە هەزاران ساڵە لەلایەن کوردەکانەوە بەکاردەهێنریت.
ئێمە هەر وەک جەژنێک باسی نەورۆزمان کردووە، بەڵام ئایا هۆکاری ئەمە چییە؟ لەمێژووی مرۆڤایەتیدا هەندێک ڕووداو هەنە کە لەبیر ناکرێن و جێگەی خۆیان لە مێشک و هزری مرۆڤەکاندا بەجیدەهێڵن، وەک شین یاخود شایی بەبیردەهێنرێنەوە. ڕۆژانی پیرۆز بەگوێرەی ئەو پەیامە مێژووییەی هەیانە بەبیردەهێنرێنەوە. هەروەک چۆن چالاکییەکەی پێغەمبەر ئیبراهیم"د.خ" لەبەرامبەر قوربانیکردنی مرۆڤ وەستایەوە بوو بە سیمبۆلی ئیسنسانییەت. لەو ڕۆژەوە تا ئێستا ئەم ڕۆژە بە واتایەکی گەورەوە پیرۆزدەکرێت. نەورۆزیش، خاوەن واتایەکی مەزنە و بەبێ ئەوەیکە ماناکەی لەدەستبدات گەیشتووەتە ڕۆژی ئەمڕۆمان. جەژنی نەورۆز، خاوەن پەیامێکی بەهێزە لەبەرامبەر هەموو ئەو هێزە دەسەڵاتدارانەی دەیانەویست گەلان لە جەوهەر و بناغەی خۆیان دووربخەنەوە.
لەمێژووی کوردداندا لەڕۆژی نەورۆزدا ماددەکان سەرکەوتن بەسەر زوڵم و ستەمی ئاشورییەکان بەدەستدەهێنن. گەل لەژێر جەور و ستەمی ئاشورییەکان ڕزگارییان دەبێت و ئازادی خۆیان بەدەستدەهێنن. هەر لەبەر ئەمەش جەژنی نەورۆز بەم شێوەیە پیرۆز دەکرێت، واتا گرێدراوی ئەم ڕاستییەیە. تا ڕۆژی ئەمڕۆمان ئەم ڕاستییە لەشێوەی ئەفسانەکان گوتراوەتەوە.
لەئەمڕۆدا، نەورۆز وەک ئەفسانەی کاوەی ئاسنگەر سەیر دەکرێت. بەگوێرەی ئەم ئەفسانەیە زوحاکی حاکم کە لە کتێبی ئاڤێستاشدا وەک بونەوەرێکی تاریکپەرەست پێناسەکراوە، تووشی نەخۆشییەکی گران دەبێت و دوو مار لەسەر شانەکانی بەدیاردەکەوێت. هەموو لوقمان و حەکیمەکان بەدوای چارەسەریدا دەگەڕێن بۆ ئەم دەردەی زوحاک بەڵام بۆیان پەیدا نابێت. هەربۆیەش بە زوحاک دەڵێن: گەر هەموو ڕۆژێک مێشکی گەنجان وەک خواردن پێشکەش بە مارەکان بکەیت ئەوا واز لە تۆ دەهێنن. هەر لەم پێناوەشدا زوحاک، فەرمان دەکات هەموو ڕۆژێک مێشکی دوو گەنجی تازە پێگەیشتوو وەک خواردن بۆ مارەکانی سەرشانی بهێنن. گەلی ناوچەکە بۆ ڕزگار بوونیان لە ستەمی زوحاک بە ناچاری پەنا بۆ کاوەی ئاسنگەر دەهێنن و داوای یارمەتی لێدەکەن. کاوەی ئاسنگەر دەڵێت: لەشوێنی مێشکی گەنجان مێشکی مەڕ پێشکەش بە زوحاک بکەن و با گەنجەکانیش بڕۆنە سەر چیاکە، بەم شێوەیەش ژمارەی گەنجان لەناو گوندەکاندا ڕوو لە داکشان دەکات. ئەو گەنجانەی گوندەکان بەجێدەهێڵن لەناو ئەشکەوتەکانی چیاکەدا خۆیان حەشار دەدەن و ڕێکخستنی خۆیان دادەمەزرێنن و لەلایەن کاوەی ئاسنگەرەوە چەکیان پێدەدرێت. کاتێک سەربازانی زوحاک دێنە بەر دەرگای کاوەی ئاسنگەر بۆ ئەوەی مێشکی منداڵەکانی دەربهێنن پێیان دەڵێت: ئێوە بڕۆن بۆ لای زوحاک من خۆم دێم و قوربانییان دەکەم بۆ زوحاک. کاوەی ئاسنگەر، دەستی کوڕەکەی دەگرێت و چەکوشە ئاسنیکەکەی دەخاتە سەرشانی و دەڕوات بۆ حوزوری زوحاک. زوکات بەدڵخۆشییەوە پێشوازی لە کاوەی ئاسنگەر دەکات و کاوە کوڕەکەی دەبات بۆ بەردەم پێیەکانی زوحاک بەڵام لەبری ئەوەی چەکوشەکەی لە ملی کوڕەکەی بدات، چەکوشێک لە ملی زوحاک دەدات. بەمشێوەیەش گەل لە ستەم و زۆرداری زوحاک ڕزگاری دەبێت. کاوەی ئاسنگەر، دوای کوشتنی زوحاک دەڕواتە سەر قەڵاکە و ئاگر دادەگیرسێنێت. دوای ئەوەیکە گەلی ناوچەکە ئاگرەکەی کاوەی ئاسنگەر دەبینن ئەوانیش ئاگری پیرۆزبایی دادەگیرسێنن. لەو ڕۆژەوە تا ئێستا نەورۆز وەک سەریساڵ پیرۆز دەکرێت.  
جەژنی نەورۆز، بەگێڕانەوەکانی کاوەی ئاسنگەر و زوحاکی زاڵم تا ئەمڕۆمان هاتووە. گەر ئەم چیرۆکە ڕاستیش نەبێت بەڵام بووە بە سیمبۆلی بەرخۆدانی مەزڵومەکان و ڕاستی ستەمکاران. ئەم چیرۆکە ڕاستی مێژووییمان بۆ دەردەخات. لەکەسایەتی ئەم چیرۆکەدا، باس لە سەردەمی سەپاندنی زوڵم و ستەمی فەرمانڕەوایی ئاشورییەکان و حوکمڕانی زوحاک بەسەر گەلدا دەکرێت. باس لە سەردەمێک دەکرێت کە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرامبەر ستەمی ئاشورییەکان بێ هەناسە ماونەتەوە. کۆمەڵگەی کوردی ماوەی 300 ساڵ لەبەردەم ستەمی ئاشورییەکان بەرخۆدانی کردووە. لەو سەردەمەدا بە پێشەنگایەتی ماددەکان و دامەزراندنی کۆنفێدراسیۆن و هۆزەکان گەلی ناوچەکە خۆیان بەڕێکخستن کردووە و لە بەرامبەر زوڵم و ستەمی زوحاک ڕاپەڕینیان کردووە و سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە. نەورۆز بووەتە هێمای ڕووخاندنی قەڵای ستەمکاری و گەیشتن بە ئازادی و سەربەستی. لە 21-ی ئاداری 612 "پ.ز" تا ئێستا ئەم ڕۆژە بە پێشەنگایەتی گەلی کورد لەلایەن گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە پیرۆزدەکرێت.
ڕاستی نەورۆز دەگەڕێتەوە بۆ قوڵایی مێژوو و ئەو کاتەی گەلان گەڕاون بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و ڕزگاری. جەژنی نەورۆز لە 21-ی ئاداری 612"پ.ز"ەوە تا ئێستا کە 2638ی کوردییە پیرۆزدەکرێت، ئەمەش وایکردووە ببێت بە یەکێک لە جەژنە هەرە دێرینەکان. جەژنی نەورۆز، بەو ناوەرۆک و واتایەی کە هەیەتی، بەو پەیامەی کە هەیەتی ئەویش گەڕانی گەلانە بەدوای ئازادیدا و بەو مەشغەڵەی کە هەرگیز ناکوژێتەوەو بەردەوامە لە گەڕان بەدوای ئازادی و بەدەستخستنی ڕووناکی بۆ مرۆڤایەتی هەمیشە بە سیمبۆلی ئاشتی، ئازادی و برایتییەوە بەردەوامدەبێت و پیرۆز دەکرێت.
گەلی کورد کە بووەتە بناغەی یەکگرتوویی گەلان و بە بەرخۆدانی خۆی لەبەرامبەر ستەمی ئاشورییەکان، جەژنی نەورۆز وەک ڕۆژی ژیانەوەو نوێبوونەوە پیرۆز دەکات. دەتوانین نوێبوونەوە وەک ڕزگاربوون لە کۆیلایەتی و گەیشتن بە ئازادی پیناسە بکەین.
ڕۆژی نوێبوونەوە و دووبارە لەدایکبونەوەی کۆمەڵگەی کوردان هاوکاتە لەگەڵ نوێبوونەوەی سروشت و هاتنی بەهار. ئەمەش وایکردووە کە گەلی کورد هەر وەک سروشت هیچ سنورێک نەناسێت و زیاتر لە ڕۆحییەتی ئازادییەوە نزیک ببێتەوە.
هەرچەندە کە ناوی پیاوەکان لەئەمڕۆماندا گۆڕانکاری بەسەردا هاتبێت بەڵام هەر بەردەوام بووە لەسەر زوڵم و ستەم. گەلان بەپێشەنگایەتی حوکمڕانی ماددەکان شکستییان بە زوڵم و ستەمی ئاشورییەکان هێناوە و بۆ ماوەیەکی کاتی توانیویانە بە ئازادی و سەربەستی بژین. بەڵام لەبەردەوامی زهنییەتی دەوڵەت و دەسەڵات زوحاکەکان بەردەوامی لەناو شەڕدا بوون لەگەڵ گەلاندا. هەربۆیەش لەپێناو وەستانەوە لەبەرامبەر زوحاکەکان پێویستمان بە نوێکردنەوەی زهنییەتی نەورۆز هەیە.
بەهۆی ئەوەیکە کوردستان، خاوەنی جیۆ-ستراتیجیک بووە بەبەردەوامی ڕووبەڕووی هێرش و تاڵانکاری  داگیرکەران بووەتەوە. لە پارسەکانەوە بگرە هەتا مەدۆکییەکان، لە عوسمانییەکانەوە بگرە تاوەکوو کۆتا نوێنەرەکانی زهنییەتی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری. هەموو هێزە دەسەڵاتدارەکان لە ئاستیی جیهانییەوە ویستوویانە هەژمونی خۆیان بەسەر کوردستاندا بسەپێنن. هەر ئەمەش بووەتە هۆکاری ڕزینی ڕاستی و حەقیقەتی گەلی کورد.
لەبەرامبەر کۆمەڵکوژی کلتوری و سیاسەتی لەناوبردنی گەلی کورد بۆ یەکەمجار تەڤگەری ئازادیی بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ لە نەورۆزی ساڵی 1973دا لە بەنداوی "چابوکێ'' تۆوی ژیانی نوێی بۆ کوردان ڕشاند و بە گیان و خوێن ئاویدا. بە دامەزراندنی پەکەکە، گەلی کورد لەخەوی مردن هەستایەوە، هەربۆیەش ڕێبەر ئاپۆ ڕاستی گەلی کورد وەک ڕاستی گەلی نەورۆز پێناسە دەکات.  دوای هەموو سیاسەتەکانی قڕکردن و لەناوبردن، گەلی کورد بۆ یەکەمجار بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادیی فێری ئەوە بوو کە چۆن بەرخۆدانی بکات و ببێت بە هەبوون.
هەروەک چۆن لە نەورۆزدا، ئاگر بووەتە سیمبۆلی ڕووناکی و ئافڕاندن و نوێبوونەوە، هاوکات ئەم چیرۆکە لەگەڵ پەکەکەدا بوو بە ژیانەوە و لە کەسایەتی کاوە ئاسنگەردا "مەزڵوم دۆغان" بوو بە هاواری "بەرخۆدان ژیانە". بە ڕۆحییەتی مەزلومەکان بەرخۆدانمان کرد، بووین بە هەبوون و سەرکەوتین.
مانگی ئادار مانگی نەورۆزە. هەرچەندە گەلەکەمان وەک مانگی هاتنی بەهار لیکدانەوەی بۆ دەکات بەڵام ئادار بۆ گەلەکەمان ئاگرە، بەرخۆدانە. لەڕێگەی بەرخۆدانەوە بەدەستهێنانی هەبوونە.
گەلی کورد چەندین ئازادی بینیوە لە مانگی ئاداردا وەک کۆمەڵکوژی قامیشلۆ و هەڵەبجە. نەورۆز بەرخۆدانکردنە لەبەرامبەر ئەم ستەمانە، هەربۆیەش نەورۆز بۆ کوردان ڕۆژی ژیانەوەو بەرخۆدانە.
هەرچەندە نەورۆز سەیران کردنە بەڵام، گەلی کورد ناتوانێت تەنها وەک سەیران کردنێک لە نەورۆز بڕوانێت. جەژنێکی دێرینەو ناکرێت بۆ گەلێک کە لەپێناو هەبوونی خۆیدا تێدەکۆشێت تەنها وەک سەیرانێک بێت.
نەرۆز هەمیشە هەر پیرۆزکراوە بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا وەک ئاگرێکی بچوک و بەدزی لە گوندەکاندا پیرۆزدەکرا. لەبیرنەکرابوو بەڵام بەگوێرەی ڕاستی و حەقیقەتی نەورۆزیش پیرۆز نەدەکرا. بە چالاکی کاوەی سەردەم مەزڵوم دۆغان و تێکۆشانی تەڤگەری ئازادی نەورۆزیش بوو بە نەورۆزی سەردەم. بۆ پیرۆزکردنی نەورۆز گەلی کورد گەلێک قوربانیدا و هەربۆیەش جەژنێکە کە بە قوربانی مەزن بەدەستهێنراوە.
لە هەندێک شوێن هەوڵی هاوشێوە هەیە. تەنها کاتێک ئازادی کورد لە هەموو لایەکەوە مسۆگەر بێت، نەورۆز وەک فێستیڤاڵێک بەڕێوە دەچێت. تا ئەو کاتە نەورۆز چەندە بەرخۆدان و هەڵپەڕین بێت بە هەمانشێوەو هەمان ڕادە تێکۆشانە.
ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: ئێمە ئێستا هەوڵدەدەین باشتر لە نەورۆز تێبگەین، خۆمان بۆ نەورۆزی ڕاستەقینە ئامادە دەکەین، بۆ ئەوەی نەورۆز وەک ئەوەی دەمانەوێت یادی بکرێتەوە، ئەم ڕۆژانە ڕۆژانی ئامادەکارییە بۆ نەورۆزێکی جوانتر". بەشێوەیەکی بەرچاوتر ژنان، تێکۆشانیان کرد بۆ ئەوەی نەورۆز وەک جەژنێکی ڕاستەقینە پیرۆز بکرێت. چونکە زۆربەی ژنان تایبەتمەندی هاوبەشیان لەگەڵ نەورۆزدا هەیە. چونکە نەورۆز ڕۆژی نوێبوونەوە و خوڵقاندنە. زۆربەی ژنان بە سروشتی داهێنەرانە و تایبەتمەندییەکانی دووبارە لەدایکبوونەوەیان دەبنە دەنگ بۆ نەورۆز.
نەورۆز لە بنەڕەتدا جەژنی خۆڕاگرییە. هەرگیز ئەم ناوەڕۆکەی لەدەست نەداوە و هەرگیزیش نەبووەتە سەیران. بۆ ئەوەی کورد ئازاد بێت و نەورۆز ببێت بە سەیرانی ئازادی، هەڤاڵان زەکیە ئاڵکان، ڕەهشان، ڕۆناهی، بێریڤان بە ئاگری جەستە و ڕۆحی یاخیبوویان بوونە دەنگی نەورۆز. هەڤاڵ سەما یووجەش لە ٨ی مارس تا نەورۆز بە چالاکی خۆی بوو بە پردی ئازادی. واتە بوو بە سیمبولی حەقیقەتی ژن، یەکخستنی لەگەڵ حەقیقەتی نەورۆز. نەورۆز بە ئازادی کۆمەڵگە دەگاتە حەقیقەتی خۆی، کۆمەڵگاش بە ئازادی ژن دەگاتە حەقیقەتی خۆی. لەسەر ئەو بنەمایە جەژنی نەورۆزی کوردی، جەژنی ئازادیی گەل بەرز دەکەینەوە.