شارپرێس:
پاش ڕاگەیاندنی پڕۆژەی (کۆدەنگیی نیشتمانی بۆ هەژاندنی ناوەندەکانی بڕیار لەجیهاندا)، دەنگدانەوەی پڕۆژەکە لەسەر ئاستی لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەردەوامە، لەنوێترین پێشهاتدا، ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی وەک سێیهم هێزی سیاسیی کوردستان، بەفەرمی هاتەدەنگو پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە دەربڕیی.
عەلی حەمە ساڵح بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانیی لەپەیامێکی فەرمیدا بۆ ڕێکخەرانی پڕۆژەکە، وێڕای دەستخۆشی، ئاماژەی بەوەکردوە، پرسی نەتەوەیی کۆڵەکەی سەرەکی کارکردنی ئەوانە، ئامادەشن هەموو ئەو ئەرکانە بگرنە ئەستۆ کە پڕۆژەکە بۆ داکۆکیکردن لەمافەکانی گەلی کورد لەناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا دەیخاتەڕوو.
ئەم هەڵوێستەی ڕەوتی هەڵوێست لەکاتێکدایە کە پێشتر کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) وەک یەکەم لایەن پێشوازییان لەپڕۆژەکە کردبوو، دواتر زهحمهتكێشان وهكو دوهم هێزى سیاسیى پهیوهستبونى خۆى بهپڕۆژهكهوه ڕاگهیاند، بەمەش پڕۆژەی کۆدەنگیی نیشتمانی دەبێتە چەترێکی هاوبەش کە هێزە سیاسییەکانی باشورو باکورو بهشهكانى دیكهى کوردستانیش لەسەر ئامانجێکی نەتەوەیی کۆدەکاتەوە.
پڕۆژەی کۆدەنگیی نیشتمانی هەوڵێکی مەدەنیو سیاسییە بۆ یەکخستنی گوتاری کوردی بەرامبەر ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان، ئامانجی سەرەکی تێپەڕاندنی سنورە حزبییەکانو دروستکردنی فشارێکی کاریگەرە بۆ ئەوەی پرسی کورد وەک پرسێکی مرۆییو سیاسیی ڕەوا لەسەر مێزی نێودەوڵەتی بمێنێتەوە.
ڕەوتی هەڵوێست جەختیکردوەتەوە، کارکردنیان تەنها بۆ باشور نییە، بەڵکو بەکردار پشتیوانیی گەلی کوردیان لەڕۆژئاوا کردوەو داکۆکیکاری مافەکانی گەلەکى كوردستانن لەباکورو ڕۆژهەڵاتیش، ئەمەش هاوئاهەنگییەکی تەواوە لەگەڵ ناونیشانی پڕۆژەکە (کۆدەنگیی نیشتمانی) کە هەوڵدەدات هەموو بهشهكان لەژێر یەک چەتردا کۆبکاتەوە.
گرنگترین خاڵ لەهەڵوێستەکانى ڕهوتى ههڵوێستدا ئەوەیە کە تەنها بە"پشتیوانی مەعنەوی" نەوەستاون، بەڵکو بەڕونی ڕایانگەیاندوە، "ئامادەین ئەرکەکانی خۆمان لەئەستۆ بگرین"، ئەمە بەو مانایەیە کە ڕەوتەکە وەک هێزێکی کارا دەچێتە ناو جێبەجێکردنی پڕۆژەکەو لەئاستی دیپلۆماسیو مەیدانیدا هاوکار دەبێت بۆ "هەژاندنی ناوەندەکانی بڕیار لەجیهاندا".
چاودێرانیش پێیانوایە، هاتنە پێشەوەی لایەنی سیاسیی وەک (کەجەکە)و (ڕەوتی هەڵوێست) ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی پڕۆژەکە خەریکە دەبێتە جێگەی بایەخی جیددیو ئەگەری هەیە لەڕۆژانی داهاتودا لایەنی دیكهش پەیوەندیی پێوەبکەن.
