به‌شه‌ش موشه‌ك هێرشێكى چڕو قورسكرایه‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4074 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەرماندەیی دەڤەری 1ی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان هێرشێكى موشه‌كیى بۆسه‌ر هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌سنورى قه‌زاى سۆران ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، له‌دوو كاتى جیاوازیى به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆدا، به‌شه‌ش موشه‌ك هێرشكراوه‌ته‌سه‌ر بارەگاکانی فیرقەی حه‌وت.


له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا، فەرماندەیی دەڤەری 1ی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئاشكرایكردوه‌، بارەگاکانی فیرقەی حه‌وت لەدوو کاتی جیاوازی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، بەموشەک کرانە ئامانج.

ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ده‌ڵێت، "لەکاتژمێر 01:50 خولەک بارەگای فیرقە بەپێنج موشەک بۆردومانکرا، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە، لەکاتژمێر 02:50 خولەک، جارێکی دیکە لەنزیک بارەگای فیرقەو بەدیاریکراوی لەسنوری گوندی کەلەکین، هێرشێکی دیکە بەیەک موشەک ئەنجامدرا".
 
فەرماندەیی دەڤەری یەک دەڵێت، "دوپاتیدەکەینەوە کە هێزەکانمان لەئامادەیی تەواودان‌و لێکۆڵینەوە لەسەرچاوەی هێرشەکان بەردەوامە".

كه‌ناڵى (ڕوداو)ى نزیك له‌پارتى له‌زارى سەرچاوەیەکی ئاگادار لەهێرشەکانه‌وه‌ بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، "بەهۆی هێرشی سەر هێزەکانی پێشمەرگەوە، شەش پێشمەرگە شەهیدبون‌و 20 بۆ 25 پێشمەرگەی دیکەش برینداربون".

لەدەستپێکی جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیلەوە دژی ئێران، هەرێمی کوردستان بەزیاتر لە 400 درۆن‌و موشەک بۆردومانکراوە، لەو ژمارەیە بەشێکیان دژی هێزەکانی پێشمەرگە بون.

جگە لەو هێرشەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بەهۆی هێرشەکانی پێشوترەوە هەشت کەس لەهەرێم گیانیان لەدەستدابوو، یەکێکیان ئەندامێکی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی هەولێر بوو، شەشیان پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی کوردستان‌و ئەوی دیکەش سەربازێکی فەرەنسی بوو لەهەولێر.

هەر شەوی ڕابردوش، جگە لەهێرشی سەر ئەو ناوچەیە، ژمارەیەک درۆن ئاراستەی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لەهەولێرو فڕۆکەخانەکران کە لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە بەرپەرچدرانەوە.

بەپەلە