کاتێک مرۆڤایەتی لەنەورۆزدا دەبێتە پرد.. پۆلیسی ئەڵمانیاو منداڵە کوردەکە

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1503 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەجەرگەی ژاوەژاوی جەژن‌و ڕەنگی ئاڵاکاندا، وێنەیەک بوو بەناسنامەی نەورۆزی ئەمساڵ لەئەڵمانیا؛ کاتێک منداڵێکی کورد لەسەر شانی ئەفسەرێکی پۆلیسی شاری (بۆن)ەوە، جیهانی لەڕوانگەیەکی جیاوازەوە دەبینی، ئەمە تەنها وێنەیەک نییە، بەڵکو چیرۆکی متمانەی نەتەوەیەکە کە لەغەریبیدا، باوەشێکی گەرم‌و شانێکی پۆڵاینی بۆ بوە بەنیشتمان.


لەجەرگەی ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆز لەشاری "بۆن"ی ئەڵمانیا، کە تێیدا هەزاران کورد بەئاڵاو جلی ڕەنگاوڕەنگەوە یادی سەری ساڵی کوردییان دەکردەوە، وێنەیەک بوە نیشانەی باڵای پێکەوەژیان‌و جوانیی مرۆڤایەتی.



تۆبیاس هوچ ڕۆژنامەنوسی ناسراوی ئەڵمانی وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئەفسەرێکی پۆلیسی ئەڵمانی منداڵێکی کوردی خستوەتەسەر شانەکانی، ئەم وێنەیە تەنها گوزارشت لەپاراستنی ئاسایش ناکات، بەڵکو گوزارشتە لەو متمانەو ڕێزە قووڵەی کە لەنێوان کۆمەڵگەی کوردی‌و دامەزراوەکانی دەوڵەتی ئەڵمانیا دروستبوە.

هوچ ئاماژەی بەوەکرد، ئەمە "جوانترین وێنەی نەورۆزە لەبۆن"، ئەمەش پەیامێکە بۆ جیهان کە نەورۆز تەنها جەژنی نەتەوەیەک نییە، بەڵکو بۆنەیەکە بۆ بەیەکگەیشتنی کولتورەکان.

پۆلیسی ئەڵمانیا لەڕێگەی ئەم دیمەنەوە نیشانیدا کە ئەوان بەشێکن لەخۆشییەکانی خەڵک‌و پێشوازیی لەو هەمەجۆرییە دەکەن کە پەنابەران‌و کۆمەڵگە جیاوازەکان بەئەڵمانیای دەبەخشن.

لێدوانی هوچ کە دەڵێت، "ئەم خەڵکە ئەڵمانیا دەوڵەمەند دەکەن"، وەڵامێکی توندە بۆ هەموو ئەو دەنگە ڕەگەزپەرستانەی کە دژی کۆچبەرانن، نیشانیدەدات کە کورد وەک پێکهاتەیەکی زیندوو، بەشێوەیەکی شارستانی تێکەڵی کۆمەڵگەی ئەوروپی بون.

ئەم وێنەیە لەمێژوودا دەمێنێتەوە؛ نەک تەنها وەک یادگارییەکی نەورۆز، بەڵکو وەک بەڵگەیەک کە مرۆڤایەتی هیچ سنورو زمان‌و ڕەگەزێک ناناسێت کاتێک ڕێزو خۆشەویستی دەبنە بنەما.