شارپرێس:
لەپشت پەردەی جەنگو وێرانکارییەکانی سوریا، جەنگێکی دیکەی بێدەنگ بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەروەتو سامانی وڵات بەڕێوەچوو، ئەسما ئەسەد خانمی یەکەمی پێشوى سوریا، لەڕێگەی "نوسینگەیەکی ئابوریی نهێنییەوە" توانیی سیستەمێکی نوێی "سەرانەو باج" دابهێنێت کە تێیدا بازرگانە کۆنەکان کرانە قوربانیو چینێکی نوێ لە"پیاوانی سێبەر" هاتنە پێشەوە.
تۆڕی دڵسۆزی لەبری بازرگانان
لەساڵی 2016وە، دیمەنی ئابوریی دیمەشقو حەلەب گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەخۆیەوە بینی، ئەو بازرگانانەی بۆ چەندین دەیەی درێژ بڕبڕەی پشتی ئابوریی سوریا بون، ڕوبەڕوی فشارێکی بێوێنە بونەوە، ئەمە تەنها ڕێکخستنەوەیەک نەبوو، بەڵکو پرۆسەیەک بوو بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتی دارایی لەدەستی دهموچاوه تەقلیدییەکانەوە بۆ ناوەندێکی نوێ کە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە"کۆشکی کۆماریی".
نوسینگەی نهێنی.. حکومەتی سێبەر
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی بەرنامەی "الملف 404" لەسەکۆی (الجزیره 360)، ئەسما ئەسەد سەرکردایەتی نوسینگەیەکی ئابوریی نهێنی کردوە، ئەم قەوارە نادیارە بوەتە سەنتەری بڕیارە ئابورییەکانو جێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی گرتوەتەوە، ئەرکهكهشى تەنها بەڕێوەبردن نەبوە، بەڵکو دروستکردنی چینێکی نوێ بوە لەفەرمانبەرو بازرگانان کە دڵسۆزیی ڕەهایان تەنها بۆ خانمی کۆشک هەیە.
تەکنیکی "سەرانەو ڕاوەشاندن"
شێوازی کارکردنی ئەم سیستمە نوێیە لەسەر بنەمای هەڕەشەی ئەمنیو وەرگرتنی "سەرانە" بوە، بازرگانان ناچارکراون لەژێر ناوی "پاڵپشتی لیرەی سوری" یان "بەخشین بۆ لقە ئەمنییەکان" پارەی خەیاڵیی بدەن، ڕاپۆرتەکانیش دهڵێن، تەنها لەلقی ئەمنی خەتیب، زیاتر لە 3400 بازرگان ڕوبەڕوی سوکایەتیو فشارى گهوره بونەتەوە بۆ ئەوەی سامانەکانیان ڕادەستبکەن، بەو پەیامە ڕونەی "کەس ناتوانێت ڕزگارتان بکات جگە لەئەسما ئەسەد خۆی".
دهموچاوه نوێیەکان.. لەمریشکفرۆشییەوە بۆ ئیمپراتۆریەت
لەناو جەرگەی ئەم گۆڕانکارییانەدا، ناوی (خزر عەلی تاهیر ـ ناسراو بهئەبو عەلی خزر) وەک دەستی ڕاستی جێبەجێکار دەرکەوت، ئەو کە پێشتر بازرگانێکی بچوکی مریشک بوو، بوە خاوەنی کۆمپانیای ئەمنیی (القلعه)و دەیان کۆمپانیای دیکە لەبوارەکانی گەشتیاریی، پەیوەندییەکانو گواستنەوە، ئەم کۆمپانیایانە وەک "کیسەی پارە" بۆ کۆشک بەکاردەهێنرانو ئامانجیان تەنها کۆکردنەوەی پارە بوە لەڕێگەی بازگەکانو قۆرخکاریی بازاڕەوە.
ئابوریی "پاراستن" نەک "دەوڵەت"
ئەم سیستمە نوێیە پێنج تایبەتمەندی سەرەکی هەبوو كه بریتی بون له(ناوی کۆمپانیاکان لەیەک دەچون، سەرمایەی سەرەتاییان کەم بوو، بوارەکانی کاریان زۆرو جیاواز بوو، هاوبەشی ڕاستەقینەیان تێدا نەبوو و زۆربەیان خرانە لیستی سزاکانی ئەمریکاو ئەوروپاوە).
کۆتایی دیمەنەکە
ئەوەی لەسوریا ڕویدا، تەنها گۆڕینی چەند بازرگانێک نەبوو، بەڵکو گۆڕینی ناسنامەی دەوڵەت بوو لەدەزگایەکی خزمەتگوزاریی بۆ ئامرازێکی جەبایەو سەرانەوەرگرتن، ئەسما ئەسەد-یش بەبەکارهێنانی دەسەڵاتی ئەمنیو سیاسیی، ئابوریی سوریای کردە موڵکێکی تایبەتی کۆشک، کە تێیدا یاساو دامەزراوەکان تەنها وەک پەردەیەک بۆ داپۆشینی تاڵانییەکی ڕێکخراو بەکاردەهێنران.
