چۆن ئەمریکاو ئیسرائیل لەمەزەندەکانیان سەبارەت بەئێران بەهەڵەدا چون؟

ڕاپۆرت

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 194 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
راپۆرت و شرۆڤە رۆژئاواییەکان ئاشکرای دەکەن کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بەو ئاراستەیەدا نەڕۆیشتووە کە لە واشنتۆن و تەلئەبیب پلانیان بۆ داڕشتبوو.

 
لە شرۆڤەکاندا هاتووە: سەرەڕای گورزە توندەکان و تیرۆرکردنی کەسایەتییە دیارەکان و زیادبوونی گوشارە سەربازیی و ئابوورییەکان، کۆماری ئیسلامی هەرەس نەهێنا و هیچ ڕاپەڕینێکی ناوخۆیی بۆ خێراکردنی ڕووخانی ڕووی نەدا، هەروەها ئەم هەڵمەتە نەبووە هۆی خۆبەدەستەوەدانی سیاسیی خێرا کە ئامانجەکانیان بپێکێت.

 بەپێچەوانەوە، تاران توانایەکی ڕوونی لە خۆگونجاندن و هەڵمژینی شۆکەکە نیشان دا و توانی تێچووی ڕووبەڕووبوونەوە لەسەر نەیارەکانی زیاد بکات، بە جۆرێک کە تەنها خۆڕاگرییەکەی گۆڕی بۆ دەستکەوتێکی سیاسیی و مەعنەوی.

شرۆڤەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکێک لە هەڵە دیارەکانی هەڵسەنگاندنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بریتی بوو لەو باوەڕەی کە باڵادەستیی سەربازیی دەبێتە هۆی پەلەکردنی ئێران بۆ دانوستان بە مەرجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەڵام تاران هیچ ئامادەییەکی بۆ پاشەکشە نیشان نەدا، بەڵکو هەوڵی دا بازنەی گوشارەکان فراوانتر بکات لە ڕێگەی هەڕەشەکردن بە کارتی گەرووی هورمز کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی وزە لە جیهاندا. 

ئەم هەڕەشەیە کاریگەرییەکەی تەنها لە مەیدانی سەربازییدا نەمایەوە، بەڵکو گەیشتە ئابووریی جیهانیش، ئەمەش مەودایەکی زیاتری بۆ مانۆڕکردن بە ئێران بەخشی و دەریخست کە ناتوانرێت لێکەوتەکانی جەنگەکە لەناو سنوورەکانی ئەو وڵاتەدا قەتیس بکرێت.

 لەم چوارچێوەیەدا، جوڵەدیپلۆماسییە ناوچەییەکان بۆ گەڕان بەدوای ئاگربەستدا دەرکەوتن، ئەمەش دوای تێگەیشتن لەوەی کە هێزی سەربازیی بە تەنها ناتوانێت لە ئایندەیەکی نێزیکدا دەسەڵاتی ئێران بڕووخێنێت.

هەروەها دەرکەوت کە گرەوکردن لەسەر دروستبوونی درزێکی ناوخۆیی خێرا لە شوێنی خۆیدا نەبووە، چونکە سەرەڕای گورزە چڕەکان، هیچ ئاماژەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ داڕمانی کۆنتڕۆڵی دەسەڵات دەرنەکەوت، تەنانەت هەندێک هەڵسەنگاندنی ئیسرائیلی دانیان بە ئەگەری مانەوەی ڕژێمەکەدا نا و تەنها خۆڕاگرییەکەیان بە سەرکەوتنێک بۆ ئێران لەقەڵەم دا.

 لە لایەکی ترەوە، ئەو پێشبینییانەی گرەویان لەسەر گۆڕینی تووڕەیی گەل بۆ ڕاپەڕینێکی بەرفراوان دەکرد شکستیان هێنا، ئەمەش بەهۆی دوو هۆکاری سەرەکیی: سەرکوتی توندی ئەمنیی و یادەوەریی مێژوویی کە دەستوەردانی بیانی ڕەتدەکاتەوە. 
ڕێکارە ئەمنییە توندەکان تێچووی ناڕەزایەتییان زۆر بەرز کردەوە، لە کاتێکدا ئەزموونە مێژووییەکانی وەک کودەتای 1953 و جەنگی عێراق و ئێران، بوونە هۆی بەهێزبوونی هەستی نیشتمانیی دژی دەستوەردانی دەرەکیی.

جگە لەوەش، جەنگەکە ناڕوونیی لە ئامانجەکانی ئەمریکادا دەرخست، بە جۆرێک پاساوەکان لە نێوان گۆڕینی ڕژێم، سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی و لاوازکردنی توانای سەربازییدا دابەش ببوون. 

ئەم فرەیی ئامانجانە گوزارشتی لە نەبوونی دیدگایەکی ستراتیژیی ڕوون دەکرد، چونکە وەها دەردەکەوت کە هێزی سەربازیی وەک جێگرەوەیەک بۆ پلانی سیاسیی بەکارهێنراوە، بێ ئەوەی وێنایەکی ورد بۆ کۆتایی جەنگ یان شێوازی سەرکەوتن هەبێت.

 لە ئەنجامدا، ئەم خوێندنەوانە ئاماژە بەوە دەکەن کە جەنگەکە واقیعێکی ئاڵۆزی بەرهەم هێناوە کە تێیدا هەردوولا دەتوانن بانگەشەی دەستکەوت بکەن: ئێران بە خۆڕاگرییەکەی، و ئەمریکا و ئیسرائیل بە پەکخستنی بەشێک لە تواناکانی ئێران، بەڵام نەبوونی یەکلاکەرەوەی سیاسیی، کەموکوڕی لە هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکاندا نیشان دەدات و دوپاتی دەکاتەوە کە باڵادەستیی سەربازی بە تەنها بەس نییە بۆ سەپاندنی ئەنجامێکی سیاسیی جێگیر.