شارپرێس:
لەڕاگەیەندراوێکدا مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاند، بەداخەوە هەر لەسەرەتای هەڵگیرسانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە چەندین هێرشی ناڕەوا و دوژمنکارانە کراونەتە سەر هەرێمەکەمان کە دواترینیان هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆبوو بە مووشەکی ئێرانی، بە نیگەرانییەکی قوڵەوە لەو پەرەسەندنانە دەڕوانین و چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدراڵ و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هەیە کە هەچی زووە سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان دابنێن
هەروەها لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووه، داوامان لە سەرجەم هێز و لایەنە کوردستانییەکانە کە بە یەکگوتاری و هاوهەڵوێستی دژی ئەو پەرەسەندنانە بوەستینەوە و پەیام و هەڵوێستی نیشتمانیانەمان بەرامبەر ئەو پێشێلکاری و غەدرانە نیشان بدەین کە دەرحەق بە هاووڵاتیان و هەرێمەکەمان دەکرێن.
ڕاگەیاندراوێک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە
زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە ناڕەوا و بێ پاساوە دەکەین، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ـی ئاداری ٢٠٢٦، کرایە سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە بە داخەوە بوو بەهۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک پێشمەرگەی دڵسۆز، هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەردەبڕین و هیوای زوو چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
هەرێمی کوردستان هیچ کات نەبۆتە بەشێک لە ململانێ و گرژییەکان و هانی هەموو لایەنەکانی داوە بۆ گرتنە بەری ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆ و بەردەوامیش جەختمان لەسەر سیاسەتی ئاشتخوازانەی کوردستان کردۆتەوە، بەڵام بەداخەوە هەر لەسەرەتای هەڵگیرسانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە چەندین هێرشی ناڕەوا و دوژمنکارانە کراونەتە سەر هەرێمەکەمان کە دواترینیان هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆبوو بە مووشەکی ئێرانی، بە نیگەرانییەکی قوڵەوە لەو پەرەسەندنانە دەڕوانین و چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدراڵ و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هەیە کە هەچی زووە سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان دابنێن و بە ئەرکی دەستووری خۆیان هەڵسن بۆ پاراستنی هاووڵاتیان لەو دەستدرێژیانە و سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان.
هاوکات داوامان لە سەرجەم هێز و لایەنە کوردستانییەکانە کە بە یەکگوتاری و هاوهەڵوێستی دژی ئەو پەرەسەندنانە بوەستینەوە و پەیام و هەڵوێستی نیشتمانیانەمان بەرامبەر ئەو پێشێلکاری و غەدرانە نیشان بدەین کە دەرحەق بە هاووڵاتیان و هەرێمەکەمان دەکرێن.
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٤ـی ئاداری ٢٠٢٦
