لێدان لەسەری هەره‌مەکە.. موسڵ لەژێر ئاگری توندی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکادایه‌

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 810 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەیانیی ئەمڕۆ، شاری موسڵ بوە گۆڕەپانی یەکێک لەتوندترین‌و هەستیارترین هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا، کە ئەمجارە ڕاستەوخۆ سەری هه‌ره‌می دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکانی کردە ئامانج، هێرشەکان تەنها بنکەی سەربازیی نەبون، بەڵکو گەیشتنە ناو قووڵایی ماڵ‌و بارەگای تایبەتی باڵاترین سەرکردەکانی حەشدی شەعبی.


فالح فەیاز؛ ئامانجە سەرەکییەکە
لەم ئۆپەراسیۆنەدا، پەیامە تیژەکەی واشنتۆن گەیشتە بەر دەرگای ماڵی فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەگەڕەکی (مەلایین)، بۆردومانکردنی ماڵی کەسی یەکەمی حەشد، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ گۆڕانی هاوکێشەکان، هەرچەندە سەرچاوە هەواڵگرییەکان‌و ئاژانسی ڕۆیتەرز پشتڕاستیانکردەوە، کە فەیاز لەو ساتەدا لەماڵەکەیدا نەبوەو لەمردنێکی حەتمی ڕزگاریی بوە، بەڵام پەیامی هێرشەکە ڕونبوو، "هیچ شوێنێک چیتر پارێزراو نییە".

ڕەیان کلدانی‌و بازنەی ئاگر
هاوکات لەگەڵ تێکشکاندنی دیوارەکانی ماڵی فەیاز، بارەگای ڕەیان کلدانی سەرۆکی بزوتنەوەی بابلیۆن لەناوچەی (قەوسیات) کەوتەبەر شاڵاوی موشەکەکان.

کلدانی کە یەکێکە لەکارەکتەرە مشتومڕاوییەکانی ناو حەشد، بارەگاکەی بوە وێرانە، ئەو هێرشە هاو وەختانە نیشانیدەدات کە ئەمریکا نەخشەی "بڕینی سەری مارەکە"ی گرتوەتەبەرو دەیەوێت بەلێدانی سەرکردەکان، هەیبەت‌و یەکگرتویی ئەو گروپانە لەناوببات.

موسڵ لەچاوەڕوانییەکی پڕ لەترسدا
دوکەڵی ڕەش ئاسمانی موسڵی داپۆشیوەو شوێنی بۆردومانەکان گەمارۆدراون، چاودێران پێیانوایە، بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی ماڵ‌و بارەگای تایبەتی سەرکردەکان، ئاستی ململانێکان دەباتە قۆناغێکی نوێی ڕوبەڕوبونەوەی کراوە.

هەموان چاوەڕێی ئەوەن بزانن، ئایا ئەمە تەنها سەرەتای زنجیرەیەک تیرۆرکردنی ئاسمانییە، یان کاردانەوەی توندی حەشد ناوچەکە بەرەو تەقینەوەیەکی گەورەتر دەبات؟

تائێستا بێدەنگییەکی پڕ لەگومان باڵی بەسەر قەبارەی زیانە گیانییەکاندا کێشاوە، بەڵام بێدەنگییەکە ناچێتە خانەی ئارامییەوە، بەڵکو وەک "بێدەنگی پێش زریان" دەبینرێت.