حزبی زەحمەتکێشان پشتگیری لەپڕۆژەی کۆدەنگیی نیشتمانی بۆ هەژاندنی ناوەندەکانی بڕیار لەجیهان دەکات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 309 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە سۆنگەی هاوهەڵوێستی و بەرپرسیارێتی نەتەوەییمان، پشتگیری لە بانگەوازی (یەک نەتەوە یەک چارەنوس؛ پڕۆژەی کۆدەنگیی نیشتمانی بۆ هەژاندنی ناوەندەکانی بڕیار لەجیهاندا) دەکەین.


حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لەپەیامێکدا دەڵێت، لە کاتێکدا کە ناوچەکە بە ڕەوشی شەڕ و گۆڕانكاریی تێپەڕ دەبێت، ئەم دۆخە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ڕەوشی کوردستان داناوە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاریەکان و لێکەوتەکانی شەڕ و قۆناخی دوای شەڕ و پێشهاتە سیاسییەکان لە ناوچەكەدا، ڕەنگڕێژکردنی سیاسەتێکی هاوبەشی کوردستانی، ئەرکێکی هەنووکەیی نەتەوەیی و نیشتیمانییە.

ئەوەشیخستەڕوو، ڕوداوەکان ئەوەیان پشتڕاستکردەوە کە سەرەڕای تایبەتمەندیی سروشتی خەبات لە بەشەکانی کوردستان، بەڵام مەسەلەی کورد لە ناوەڕۆک دا، یەک مەسەلەیە. لەو چوارچێوەیەدا؛

یەک: لە سۆنگەی هاوهەڵوێستی و بەرپرسیارێتی نەتەوەییمان، پشتگیری لە بانگەوازی (یەک نەتەوە یەک چارەنوس؛ پڕۆژەی کۆدەنگیی نیشتمانی بۆ هەژاندنی ناوەندەکانی بڕیار لەجیهاندا) دەکەین و پەرۆشی و هەڵوێستی خەمخۆرانەی نووسەران، ڕۆشنبیران، ئەکادیمیست و چالاکانی مەدەنی بەرز دەنرخێنین، هیوادارین ئەم تێکۆشانە بەرهەمدارە بەردەوامی هەبێت و ببێ بە بناخەیەکی پتەو بۆ کاری هاوبەشی نیشتمانی.

دوو: هاوکات لە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بانگ لە حزبە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین، لەو ساتەوەختە مێژووییە ناسک و هەستیارەدا، بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی بکرێت بە چەقی کاری سیاسی هاوبەش و بەرژەوەندیی گشتیی لە سەرووی بەرژەوەندیی تایبەتی و حزبییەوە بێت و کۆتایی بە لێکترازانی سیاسی بهێنرێت.