شارپرێس:
ئێران لەڕێگەی پەرلەمانەوە کار بۆ پەسەندکردنی یاسایەک دەکات کە ئامانجی ڕێکخستنی هاتوچۆی دەریاییو بازرگانییە لەگەروی هورمزو دابینکردنی تێچوی ئاسایشی ئەم ڕێڕەوە.
مەنسور عەلیمەردانی پەرلەمانتاری ئێران ڕایگەیاندوە، ئەم پڕۆژەیە وەک وەڵامێکە بۆ سزاکانی ئەمریکاو ئامانجی گۆڕینی مامەڵە داراییەکانە لەدۆلارەوە بۆ دراوی دیكه، هەروەها دەیەوێت تێچوی پاراستنی گەروەکە بخاتەسەر شانی ئەو وڵاتانەی سودی لێدەبینن.
عەلاەدین بروجێردی ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی ئاماژەی بەوەکردوە، ئێران دەستیکردوە بەوەرگرتنی ڕسوماتی تێپەڕبون کە بڕەکەی دەگاتە دوو ملیۆن دۆلار بۆ هەندێک کەشتی، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی سیستمێکی سەروەری نوێ دوای تێپەڕبونی 47 ساڵ.
یەحیا ئال ئیسحاق سەرۆکی ژوری بازرگانیی ئێرانو عێراق، جەختدەکاتەوە، ئێران مافی یاسایی هەیە هاوشێوەی کەناڵی سوێس ڕسومات وەربگرێتو ئاماژە بەوەشدەدات، نزیکەی 30%ی بازرگانیی جیهان بەو گەروەدا تێدەپەڕێت.
پێشبینیدەکرێت، داهاتی ساڵانەی ئەو ڕسوماتانە بگاتە 70 بۆ 80 ملیار دۆلار، ئال ئیسحاق هۆشداریدەدات، هەر گۆڕانکارییەک لەبەڕێوەبردنی گەروەکەدا دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت بۆ زیاتر لە 150 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێکو کاریگەرییەکی توند لەسەر تێچوی وزەو کشتوکاڵ لەئاستی جیهاندا دروستدەکات.
لەکۆتاییدا جەخت لەوەکراوەتەوە، پێویستە پلانێکی نوێو گشتگیر کە ڕەهەندی ئابورییو ئاسایشی پێکەوە گرێبدات، بەهەماهەنگی وڵاتانی دراوسێ بۆ دڵنیابون لەسەقامگیریی ناوچەکە دابڕێژرێت.
