سەکۆیەکی بەرگریی‌و شارێکی پڕ لەترس.. چۆن پاتریۆت شارێكى لەکارەساتێکی مرۆیی ڕزگارکرد؟

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1413 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەبەرەبەیانی 9ی مارسدا، کاتێک ئاسمانی ناوچەی (سترا)ی نیشتەجێبون لەبەحرەین مژدەی ڕۆژێکی ئارامی دەدا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بەبێدەنگی خەریکی نزیکبونەوە بوو لەئامانجە مرۆییەکان، بەڵام پێشئەوەی ئەم مەرگە فڕیوە بگاتە ناو جەرگەی ماڵەکان، دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە ئاسمانی هەژاند، ئەوە سیستەمی بەرگریی پاتریۆت بوو کە ڕێڕەوی مێژویی ئەو ڕۆژەی گۆڕیی، حکومەتی بەحرەین-یش وردەکاریی ئەو ساتە مەترسیدارانە ئاشکرادەکات کە تێیدا سیستەمی بەرگریی پاتریۆت ڕێگریی لەفڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی کرد، پێشئەوەی بگاتە ناو جەرگەی گەڕەکێكى سڤیل نشین.


حکومەتی بەحرەین لەلێدوانێکی فەرمیدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز پشتڕاستیکردەوە، کە ئەگەر پاتریۆت ئەو درۆنەی تێکنەشکاندایە، کارەساتێکی مرۆیی گەورەو خوێناوی دەقەوما، سوپای ئەمریکا ڕوداوەکە وەک هێرشێکی ڕاستەوخۆی ئێران ناودەبات، کە بەمەبەست ناوچەیەکی نیشتەجێبونی کردبوە ئامانج.

هەرچەندە درۆنەکە پێش گەیشتن بەئامانج تەقێندرایەوە، بەڵام بەهۆی پاشماوەی تەقینەوەکەو هێرشە یەک لەدوای یەکەکان، 32 هاوڵاتی سڤیل برینداربون، لەناو بریندارەکاندا منداڵ هەن کە پێویستیان بەچاودێریی بەردەوامی پزیشکی هەبوە، ئەمەش وه‌ك حكومه‌تى به‌حره‌ین وتویه‌تى، "هێرشه‌كه‌ دەریدەخات تەنها پەیامێکی سەربازیی نەبوە، بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بوە بۆسەر ژیانی بێتاوانەکان".

لەکاتێکدا میدیاکانی ڕوسیاو ئێران هەوڵیاندەدا واى نیشانبدەن کە پاتریۆت شکستیهێناوەو درۆنه‌كه‌ گەڕەکەکانی پێکاوە، به‌ڵام فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتكۆم) بەبەڵگەوە ئەو دەنگۆیانەی ڕه‌تكرده‌وه‌، ڕاپۆرتەکانیش دەیسەلمێنن کە تەکنەلۆژیای پاتریۆت نەک هەر سەرکەوتوبوە، بەڵکو بوەتە قەڵغانی پاراستنی گیانی سەدان کەس لەو ناوچەیەدا.

قەبارەی ململانێکان لەم ژمارانەدا کورتدەبنەوە، هێزەکانی بەرگریی بەحرەین ڕایانگەیاند، له‌سه‌ره‌تاى هێرشه‌كانى ئێرانه‌وه‌ تائێستا، 115 موشەک‌و 191 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیان تێکشکاندوە، ئەمە دەریدەخات کە بەحرەین لەبەردەم شەپۆلێکی بەردەوامی هێرشدایەو ئامادەباشیی سەربازیی وڵاتەکە لەبەرزترین ئاستدایە.

ڕوداوەکەی 9ی مارس لەناوچەی ستراى به‌حره‌ین، تەنها وەک ژمارەیەکی دیکە لەتۆمارە سەربازییەکاندا نەمایەوە، بەڵکو گوزارشت بوو لەو سنورە باریکەی کە لەنێوان ژیان‌و کارەساتدا هەیە، لەکاتێکدا پاشماوەی تێکشکاوی درۆنەکە وەک بەڵگەیەکی مەیدانیی لەشوێنی ڕوداوەکە مایەوە، چیرۆکی ئەو 32 بریندارەو ئەو منداڵانەی کە ڕوبەڕوی مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بونەوە، ڕەهەندە مرۆییەکەی ئەم ململانێیەی زیاتر دەرخست، ئێستاش ئارامی بۆ گەڕەکەکانی سترا گەڕاوەتەوە، بەڵام شوێنەواری برینەکان‌و وردەکاریی ئەو ساتە پڕ لەترسە، وەک بەشێک لەمێژوی نوێی بەرگریی ئاسمانیی ناوچەکە لەیادەوەریی دانیشتوانەکەیدا دەمێنێتەوە.