ئیسرائیل ورده‌كاریى كوژرانى ئەندازیاری یه‌كخستنى میلیشیاکانی ناوچەکە ئاشكراده‌كات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2069 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گورزێکی کوشندە بۆ ناوەندی بڕیاردانی ئەمنی لەئێران؛ ئیسرائیل وردەکاریی ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆز ئاشکرادەکات کە تێیدا عەلی شەمخانی کلیلی پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ حزبوڵڵا، حوسییەکان‌و گروپە چەکدارەکانی عێراق، لەناو شوقەیەکی نهێنیدا لەتاران کرایە ئامانج.


دوای زنجیرەیەک لەهەوڵی شکستخواردوو، دواجار دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل توانییان کۆتایی بەژیانی یەکێک لە"مەترسیدارترین" پیاوەکانی ناو بازنەی بڕیاردانی ئێران بهێنن، عەلی شەمخانی کە بەئەندازیاری هەماهەنگیی گروپە چەکدارەکانی ناوچەکە دەناسرا، لەناوجەرگەی تاراندا کرایە ئامانج، میدیا ئیسرائیلى ورده‌كاریى چه‌ند ئۆپه‌راسیۆنێكى پێشتر بۆسه‌ر شه‌مخانى‌و ده‌ربازبون لێى ئاشكراده‌كات.

به‌گوێره‌ى ئەو زانیارییانەی ماڵپەڕی (واڵا)ی ئیسرائیلی بڵاویکردونەتەوە، شەمخانی خاوەنی بەختێکی سەرسوڕهێنەر بوە لەڕزگاربون، لەحوزەیرانی 2025، تەنها چەند چرکەیەک پێشئەوەی موشەکێکی وردپێک ئەو باڵەخانەیە بكاته‌ ئامانج کە تێیدا بوو، توانیبوی شوێنەکە جێبهێڵێت.

دواتر لەهێرشێکی بەرفراوانی فڕۆکە جەنگییەکان بۆ سەر بنکە ئەمنییەکانی تاران، دوبارە بەشێوه‌یه‌كى سه‌یر لەمردن گەڕایەوە.

وه‌كو میدیا ئیسرائیلیه‌كه‌ باسیكردوه‌، سەرچاوە ئەمنییەکان دەڵێن، کلیلی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە لەچاودێرییەکی چڕی جوڵە نهێنییەکاندا بوه‌، دوای ئەوەی شەمخانی هەستی بەمەترسی کردبوو، پەنای بۆ شوقەیەکی تایبەت بەخێزانەکەی بردبوو وەک حەشارگەیەک، بەڵام هەواڵگریی ئیسرائیل پێشوەختە شوێنەکەیان دەستنیشانکردبوو.

به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كان، دوای دڵنیابونەوە لەبونی فیزیکی خۆی، شوقەکە ڕاستەوخۆ کراوه‌ته‌ ئامانج‌و دەستبەجێ کوژراوه‌.

ئیسرائیل پێیوایە، نەمانی شەمخانی تەنها کوژرانی بەرپرسێک نییە، بەڵکو تێکچونی هاوسەنگیی هێزە لەناو جەرگەی دەسەڵاتی ئێراندا، ئەو کەسایەتییەک بوو کە پردی پەیوەندیی نێوان تاران‌و گروپە هاوپەیمانەکانی بوو، ئێستا بەنەمانی ئەو، ململانێیەکی قووڵ لەنێوان باڵە جیاوازەکانی ناو دەسەڵات بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکەی سەریهەڵداوە.

باس له‌وه‌شكراوه‌، ئەو گروپە سەرەکییانەی کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆو قووڵیان لەگەڵ شەمخانی هەبوە بریتین لە:
1ـ حزبوڵڵای لوبنان: شەمخانی ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لەهەماهەنگیی سەربازیی‌و دارایی لەگەڵ ئەم گروپە، بەتایبەت لەداڕشتنی پلانە بەرگرییەکان دژی ئیسرائیل.

2ـ حوسییەکانی یەمەن (ئەنساروڵڵا): وەک بڕیاردەرێکی ئەمنی، شەمخانی سەرپەرشتی بەشێکی زۆری هاوکارییە تەکنیکی‌و سەربازییەکانی بۆ حوسییەکان دەکرد، بەتایبەت لەبواری درۆن‌و موشەکە بالیستییەکاندا.

3ـ گروپە چەکدارەکانی عێراق (وەک حەشدی شەعبی، کەتائیبی حزبوڵڵاو نوجەبا): شەمخانی پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ سەرکردە ئەمنییەکانی ئەو گروپانەش هەبوو بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکان دژی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق.

4ـ بزوتنەوەی حەماس‌و جیهادی ئیسلامی لەفەڵەستین: ئەو وەک ته‌ڵه‌زگه‌یه‌كی په‌یوه‌ندییه‌كان دەبینرا بۆ گەیاندنی پشتیوانییە لۆجستی‌و سیاسییەکانی ئێران بۆ غەززە.

5ـ فەیلەقی قودس: هەرچەندە شەمخانی لەپۆستێکی سیاسی-ئەمنیدا بوو (ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی)، بەڵام هەماهەنگکاری سەرەکی بوو لەنێوان سوپای پاسداران‌و دامەزراوە دیپلۆماسییەکان بۆ پشتگیریکردنی ئەم گروپانە.

نەمانی شەمخانی، وەک لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، "بۆشاییەکی گەورەی لەم تۆڕە ئاڵۆزەی پەیوەندییانەدا دروستکردوەو بوەتە هۆی تێکچونی هاوسەنگیی نێوان تاران‌و ئەم هاوپەیمانانەی".