شارپرێس:
لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی ئاهەنگی تۆپی پێ دەکات، بڕیارە نوێیەکانی یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (FIFA) بونە هەوێنی گەردەلولێکی سیاسییو وەرزشیی، جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا بەفەرمی ڕایگەیاند، هیچ گۆڕانکارییەک لەخشتەی مۆندیالی 2026دا ناکرێت، ئەمەش وەک وەڵامێکی توند بۆ داواکارییەکەی ئێران.
تاران بەفەرمی داوایکردبوو، یارییەکانی لەخاکی ئەمریکاوە بگوازرێتەوە بۆ مەکسیک، بەهۆی ئەو گرژییە سەربازییە توندانەی لەکۆتایی مانگی شوباتەوە دەستیپێکردوە، بەڵام فیفا بێگوێدانە تەپڵو مۆسیقای جەنگ، پێداگریی لەسەر ئەوەکردەوە، ئێران دەبێت لەشارهكانى (لۆس ئەنجلوسو سیاتڵ) یاریهكانى بکات.
ئینفانتینۆ بەپەیامێکی ناڕاستەوخۆ وتی، "تۆپی پێ پردی ئاشتییە"، بەمەش تۆپەکەی خستەوە گۆڕەپانی تاران کە ئایا ئامادەیە لەخاکی نەیارە سەرسەختەکەیدا یاری بکات یان پاشەکشە دەکات؟
لەلایەکی دیكهوه، هیواکانی یەکێتیی تۆپی پێی فەڵەستین بۆ سزادانی ئیسرائیل توشی بێئومێدی بوو، فیفا بڕیاریدا هیچ ڕێکارێکی یاسایی دژی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسرائیل نەگرێتەبەر، ئینفانتینۆ بەپاساوی ئەوەی "دۆخی یاسایی کەرتی ڕۆژئاوا ئاڵۆزەو یەکلایی نەکراوەتەوە"، خۆی لەکێشە جیۆپۆلیتیکییەکان دزییەوەو ڕایگەیاند، "فیفا ناتوانێت کێشە مێژوییەکانی جیهان چارەسەربکات".
بهبڕواى شیكهرهوانى سیاسیىو وهرزشى، "ئەم بڕیارانەی فیفا نیشانیدەدەن کە (بزنسو وەرزش) لەسەروی هەموو ململانێیەکی سیاسییەوەن، ئێستاش چاوەکان لەسەر هەڵوێستی کۆتایی ئێرانه؛ ئایا درێسە ڕەنگاوڕەنگەکانی مۆندیال دەپۆشن، یان بایکۆتکردنی لۆس ئەنجلوس دەبێتە گەورەترین شکستی وەرزشیی ساڵ؟".
