شارپرێس:
تۆمەتبارکردنی
ئۆکرانیا بەدەستوەردان لەکاروباری ئەمنیی عێراق، تەنها هەواڵێکی ئاسایی نییە، بەڵکو
گۆڕانی ستراتیژییەتی جەنگە لەناوچەکەدا، لەکاتێکدا کیێڤ تۆمەتەکان ڕەتدەکاتەوە، مۆسکۆو
تاران چاوەڕێی دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکانی بەغدان تا بزانن کێ لەپشت هێرشە درۆنییەکانی
سەر هەولێرو دامەزراوە هەستیارەکانەوەیە.
تێوەگلانی
گروپە تێکدەرەکان لەعێراقو پەیوەندییان بەئۆکرانیاوە، گومانو پرسیاری زۆری لەسەر
ئاستی جیهانی دروستکردوە؛ ئایا ئۆکرانیا شەڕی خۆی لەگەڵ ڕوسیا گواستوەتەوە بۆ
ناوخاکی عێراق؟.
لەنوێترین پێشهاتدا
کە گۆڕەپانی سیاسییو ئەمنیی عێراقی هەژاندوه، قاسم عەبودی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی
عێراق ئاشکرایکردوه، هێزە ئەمنییەکان چەند گروپێکیان دەستگیرکردوە کە دەستیان هەبوە
لەهێرشکردنەسەر دامەزراوە هەستیارەکانی وڵات.
ئەوەی ئەم هەواڵەی
کردە سەردێڕی میدیا جیهانییەکان، دانپێدانانی دەستگیرکراوەکان بوو کە ڕایانگەیاندوە،
"بۆ بەرژەوەندیی ئۆکرانیا کاردەکەن".
ڕۆژنامەی (ئیزڤێستیا)ی
ڕوسی لەڕاپۆرتێکدا تیشکدەخاتەسەر ئەو جوڵانەو دەپرسێت، "ئایا کیێڤ بڕیاریداوە
بەرەیەکی نهێنی نوێ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە؟"، ئەم گومانانە دوای ئەوەدێن
کە پێشتر ناوی پسپۆڕانی ئۆکرانی لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێش ڕوخانی
حکومەتەکەی ئەسەد دههاتن.
بهگوێرهى
زانیارییەکان، ئەو گروپانە لەعێراق تۆمەتبارن بەئەنجامدانی هێرشی درۆنی بۆسەر هەولێرو
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شارەکەو تەنانەت نزیک کونسوڵخانەی ئەمریکا، شیکەرەوە ڕوسییەکان
پێیانوایە، ئامانجی ئەو هێرشانە تێکدانی دۆخی ناوخۆی عێراقو دروستکردنی گومانە لەسەر
گروپە چەکدارە نزیکەکان لەئێران، تاوەکو بەغدا ناچاربێت بچێتە ناو ململانێیەکی
ناوچەییەوە.
پسپۆڕە سەربازییە
ڕوسییەکان، وەک ئیگۆر کۆرۆتچینکۆو ڤاسیلی داندیکین پێیانوایە، ئۆکرانیا دەیەوێت لەڕێگەی
ئەو ئۆپۆراسیۆنە تێکدەرانەیەوە پەیامێک بۆ واشنتۆن بنێرێتو پێیان بڵێت، "کیێڤ
دەیەوێت بەئەمریکا بسەلمێنێت کە دەتوانێت لەدژی هەژمونی ئێران لەعێراق
کاربکات"، ئەمەش وەک کارتێکی فشار لەکۆبونەوەکانی زێلێنسکیو بەرپرسانی ئەمریکا
بەکاردێت.
سهرچاوهكانى
ههواڵ باس لهوهدهكهن، ئەمە یەکەمجارنییە ناوی ئۆکرانیا لەدەرەوەی سنورەکانی خۆی
لەدۆسیەی "تێکدەرانە"دا دەهێنرێت، پێشتریش لەئەڵمانیا تۆمەتی تەقاندنەوەی
هێڵی (نۆرد ستریم) خرایە پاڵ ئەفسەرێکی ئۆکرانی، هەروەها لەسودانو مالیو سوریا،
دەنگۆی ناردنی پسپۆڕی درۆنو ڕاهێنانی گروپە چەکدارەکان لەلایەن کیێڤەوە بوەتە جێی
باسی میدیاکان، تەنانەت ئێران باسی لەوەکردوە، ئۆکرانیا هێرشیکردوەتەسەر کەشتییەکی
بازرگانییان لەدەریای قەزوین.
وەزارەتی دەرەوەی
ئۆکرانیا بەتوندی ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردوەتەوەو بە"بێبنەما" وەسفیکردون،
لەبەرامبەردا، دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی سەرۆکایەتی ڕوسیا ڕایگەیاندوه، ڕژێمی کیێڤ
خەریکی فراوانکردنی بازنەی "چالاکییە تیرۆریستییەکانیەتی" بۆ دەرەوەی
سنورەکانی.
چاودێران هۆشداریدەدەن،
ئەگەر بسەلمێنرێت ئۆکرانیا دەستی لەم هێرشانەدا هەیە، عێراق ڕوبەڕوی مەترسییەکی گەورە
دەبێتەوە، ئەمەش نەک تەنها دەبێتە هۆی پێکدادانی ناوخۆیی، بەڵکو تاران کە بەوتەی
پسپۆڕان "هیچ هێرشێک بێوەڵام جێناهێڵێت"، ڕەنگە کاردانەوەی توندی هەبێت،
عێراق کە خۆی لەناوەڕۆکی گرژییەکانی ناوچەکەدایە، ڕەنگە ببێتە گۆڕەپانی نوێی تۆڵەسەندنەوەی
نێوان جەمسەرە جیهانییەکان.
چاودێرانیش
ئاماژه بهوهدهكهن، ئێران، عێراق بەقوڵایی ستراتیژیی خۆی دەزانێتو زۆربەی
گروپە چەکدارەکانی ناو عێراق هاوپەیمانی تارانن، کاتێک دەنگۆی ئەوە بڵاودەبێتەوە کە
ئۆکرانیا لەپشت هێرشە تێکدەرەکانو درۆنییەکانی ناو عێراقە (وەک هێرشەکانی سەر هەولێر
یان بنکەکانی حەشد)، تاران ئەمە وەک هێرشێکی ڕاستەوخۆ بۆسەر بەرژەوەندییەکانی دەبینێت.
وەک لەهەواڵەکاندا
هاتبوو، ئێران کیێڤی تۆمەتبارکردوە بەوەی کە لەدەریای قەزوین هێرشیکردوەتەسەر کەشتییەکی
بازرگانیی ئێرانو بوەتە هۆی کوژرانی کارمەندێکیان، ئێران هەمیشە پەیڕەوی لەستراتیژییەتی
"وەڵامدانەوەی هاوشێوە" دەکاتو هیچ هێرشێکی سەر کەشتییەکانی بێوەڵام جێناهێڵێت.
ڕاپۆرتەکان
ئاماژە بەوەدەکەن، پسپۆڕانی ئۆکرانی ڕاهێنانیان بەگروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی
سوریا کردوە (وەک تەحریری شام)و درۆنیان پێداون بۆ لێدانی هێزەکانی حکومەتی ئەسەد،
لەبەرئەوەی ئێران پارێزەری سەرەکیی حکومەتی سوریایە، ئەم جوڵانەی ئۆکرانیا بەهەوڵێک
دەبینێت بۆ لاوازکردنی پێگەی ئێران لەناوچەکەدا.
