عه‌لى زه‌یدیى: عێراق به‌ره‌و سه‌قامگیرییه‌كى بێوێته‌ هه‌نگاو ده‌نێت

عیراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2341 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆک وەزیرانی عێراق پلانێکی فراوانی بۆ گەشەپێدانی ئابوریی، بنبڕکردنی گەندەڵی‌و چارەسەرکردنی تەنگژەی نیشتەجێبون ڕاگەیاندو جەختیکردەوە، عێراق بەرەو سەقامگیرییەکی بێوێنە هەنگاو دەنێت.


عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانی هەشتەمین کۆنفڕانسی (دیالۆگی بەغدا)دا، زنجیرەیەک بڕیارو پلانی ستراتیژیی حکومەتەکەی ئاشکراکرد، زەیدی وتى، "موچەی فەرمانبەران بۆ ئەمساڵ‌و ساڵانی داهاتوش دابینکراوەو حکومەت هەنگاوی کردەیی ناوە بۆ دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی نیشتەجێبون بەسەر ئەو هاوڵاتیانەی کە هیچ موڵکێکیان نییە، بەجۆرێک کە لەماوەی کەمتر لەسێ ساڵدا هەمویان زەوییەکانیان وەربگرن".

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەشکرد، بودجەی ساڵی داهاتوو نەخشەڕێگەی داهاتوی ئابوریی عێراق دەبێت‌و جەختی سەرەکی لەسەر کەرتی کارەبا (بەرهەمهێنان‌و گواستنەوە)و وزەی خۆر دەبێت، ئه‌وه‌شى وت، "لەڕێگەی مۆدێلێکی نوێی ئابوریی لەکەرتی سوتەمەنی ناوخۆدا، توانیمان بڕی 17.8 ترلیۆن دینار بۆ گەنجینەی دەوڵەت بگەڕێنینەوە".

سەبارەت بەکەرتی نەوت، زەیدیی ڕایگەیاند، "عێراق هەوڵدەدات ئاستی هەناردەکردن بۆ هه‌شت تا 10 ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا بەرزبکاتەوە لەماوەی شەش ساڵی داهاتودا، دادپەروەرانە نییە عێراق کە لەجیاتی جیهان شەڕی داعشی کردوە، پشکی هەناردەکردنی کەم بێت؛ دەبێت پشکی ئێمە لەئۆپێک هاوتای قەبارەی دانیشتوان‌و یەدەگی نەوتیمان بێت، کار بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی جێگرەوەی هەناردەکردن لەڕێگەی بەندەرەکانی جەیهان، بانیاس‌و عەقەبە بەردەوامە".

لەلایەنی ئەمنییەوە، سەرۆک وەزیران جه‌ختیكرده‌وه‌، هەموو هێزە سیاسییەکان کۆکن لەسەر کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتداو هیچ ئەگەرێکی پێکدادانی سەربازیی لەئارادانییە.

سەبارەت بەگەندەڵیش وتی، "بناغەی گەندەڵی لەزیادەڕۆیی نرخەکانی گرێبەستەکاندایە، بۆیە وردبینی پێشوەختەمان پەیڕەوکردوەو لەشەڕی گەندەڵی پاشەکشە ناکەین".

سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق باسی لەدامەزراندنی سندوقی گەشەپێدان کرد بەسەرمایەی 100 ملیار دۆلارو جەختیکردەوە، بەبێ پاڵپشتی کەرتی تایبەت، گەشەپێدان مەحاڵە، حکومەت کاردەکات بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەک کە هانی فەرمانبەران بدات لەکەرتی گشتییەوە بەرەو کەرتی تایبەت کۆچ بکەن.

لەکۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، پابەندە بەوەی بۆ خولی دوەم خۆی کاندید نەکاتەوەو ئامانجی ئەو بونیادنانی دەوڵەتە نەک تەنها حکومەت، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق لەمەیدانی ململانێوە گۆڕاوە بۆ پردی گفتوگۆو لێکتێگەیشتن لەناوچەکەداو ئێستا وڵاتێکی کاریگەرە لەسەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بەپەلە