نوسینگەی ناتانیاهۆ: ئەردۆغان کوردی کۆمەڵکوژ کردوەو تیرۆریستانی حەماسی داڵدەداوە

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 726 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وەڵامی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی بنیامین ناتانیاهۆی لەلایەن تورکیا دایەوەو دەڵێت،" ئەردۆغان دیکتاتۆرێکی دژەجوە، کوردی کۆمەڵکوژ کردوەو تیرۆریستانی حەماسی داڵدەداوە و نیوەی قوبرسی داگیرکردوە ".


نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" هەوڵەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ترساندنی سەرکردە و سەربازانی ئیسرائیل جێگەی بەزەییە و بە هیچ شێوەیەک ناگاتە ئامانجەکەی ".

ئەوەشیخستەڕوو،" ئێستا ئەردۆغان هەوڵدەدات دەستدرێژییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل درێژ بکاتەوە بۆ ناو سوریا، بەڵام ئیسرائیل ئەمە قبوڵ ناکات".

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی، ئاکن گۆرلیک، وەزیری داد تورکیا لە پەیامێکدا کە لەسەکۆی "ئێکس" بڵاویکردەوە، باسی لەوەکرد،" لەچوارچێوەی رێکارەکانی دادگا  پەیوەست بە هێرشی سەر چالاکوانانی (کەشتی بەرخودان) لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەرچوو ".