شارپرێس:
لەوەرچەرخانێکی مەترسیداری ململانێی نێوان ئێرانو
ڕۆژئاوا، هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) بێدەنگیی شکاندو ئامادەباشیی تەواوی خۆی
ڕاگەیاند بۆ بەرگریكردن لەئەندامانی هاوپەیمانییەکە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکی ئەگەریی
کۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەناوخاکی ئەوروپادا.
ئەم هەڵوێستە توندەی ناتۆ دوای بڵاوبونەوەی زنجیرەیەک
ڕاپۆرتی هەواڵگریی دێت کە ئاشکرایانکردوە؛ تاران وەک کاردانەوەیەک بۆ فشارەکانی ئەمریکا،
تاووتوێی بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی واشنتۆن دەکات لەناو خاکی ئەوروپادا، بەتایبەت
ئەو بنکانەی لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتو باشوری ئەوروپادان.
وتەبێژی ناتۆ جەختیکردەوە، هاوپەیمانییەکە بەوردی
چاودێریی پەرەسەندنەکانو توانا موشەکییەکانی ئێران دەکات، پەیامەکەی ناتۆ ڕونە ئهویش
ئهوهیه، هەر دەستدرێژییەک بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لەئەوروپا، بەهێرش بۆسەر تەواوی
هاوپەیمانییەکە ئەژماردەکرێتو وەڵامێکی بەکۆمەڵو توندیی بۆسهر ئێران بهدوادادێت".
چاودێران پێیانوایە، گواستنەوەی هەڕەشەکانی ئێران
لەسنورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ناوخاکی ئەوروپا، هێڵێکی سورە کە ناتۆ
ناتوانێت چاوی لێ بپۆشێت، ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوەدێت، ئێران هۆشداریدابوو، ئەگەر
ژێرخانی وڵاتەکەی بکرێتە ئامانج، ئەوا موشەکەکانی سنورە هەرێمییەکان دەبەزێننو دەگەنە
قوڵایی ئەوروپا.
ئەم لێدوانەی ناتۆ ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی کە
جیهان لەبەردەم قۆناغێکی نوێی "جەنگی سارد" یان پێکدادانێکی فراواندایە
کە تێیدا ئاسمانی ئەوروپا بوەتە بەشێک لەنەخشەی ململانێ چەکدارییەکانی نێوان واشنتۆنو
تاران.
زانیارییهكان ئاماژه بهوهدهكهن، مەبەستهكهى
ئێران لههێرشكردنهسهر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتو باشوری ئەوروپا، ئەو ناوچانەیە کە لەڕوی
جوگرافییەوە لەئێرانەوە نزیکنو کەوتونەتە ناو مەودای موشەکە بالیستییەکانی ئێران
(مەودای دوو ههزار کیلۆمەترو زیاتریشه)، ئەو وڵاتو بنکە سەرەکییانە دەگرێتەوە کە
بۆ ئەمریکاو ناتۆ بایەخێکی ستراتیژییان هەیە بۆ نمونه، ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، ئەم
ناوچەیە گرنگترین بەشی قەڵغانی موشەکی ناتۆی تێدایە ئهوانیش:
ڕۆمانیا: بنکەی (دێڤێسێلو)یه کە سیستەمی (ئەجیس
ئاشۆر)ی تێدایە، ئەمەش سیستەمێکی بەرگریی موشەکییەو بەتایبەت بۆ بەرپەرچدانەوەی
موشەکەکانی ئێران جێگیرکراوە.
بولگاریا: بنکەی ئاسمانی (بیزمیر)و بنکەی (نۆڤۆ
سێلۆ)، ئەم دوو بنکەیە بۆ گواستنەوەی سەربازییو سوتەمەنی پێدانی فڕۆکە ئەمریکییەکان
بەکاردێن (هەروەک لەڕاپۆرتەکەی فایننشاڵ تایمزدا هاتبوو، ئێران چاوی لەسەر بولگاریایە).
پۆڵەندا: بنکەی (ڕێدزیکۆڤۆ) کە ئەویش بەشێکە لەقەڵغانی
موشەکی ناتۆ.
بهشێكى دیكهى ههڕهشهكانى ئێران بۆسهر
باشوری كیشوهرى ئەوروپایه كه ئەم وڵاتانە دەکەونەسەر دەریای ناوەڕاستو گەورەترین
بنکە ئەمنییەکانی ئەمریکایان تێدایە ئهوانیش بریتین له:
تورکیا (وەک بەشێک لەباڵی باشوری ناتۆ): بنکەی
ئاسمانی (ئینجیرلیک) کە گەورەترین بنکەی ئەمریکایە لەناوچەکە، هەروەها وێستگەی ڕاداری
(کورەجیک) کە ئەرکی یەکەمی چاودێریکردنی هەڵدانی موشەکەکانە لەناوخاکی ئێرانەوە.
ئیتاڵیا: بنکەی ئاسمانی (ئاڤیانۆ)و بنکەی دەریایی
(سیگۆنێلا) لەسیستەم، ئەمانە ناوەندی سەرەکیی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانو چالاکییە دەریاییەکانی
ئەمریکان.
یۆنان: بنکەی دەریاییو ئاسمانی (سۆدا بەی) لەدورگەی
کریت.
قوبرس: (ئەگەرچی ئەندامی ناتۆ نییە، بەڵام بنکەی
ئاسمانی ئەکرۆتیری بەریتانیای تێدایە کە ئەمریکا بەکاریدەهێنێت)، ئێران بەفەرمی
ناوی قوبرسی هێناوە وەک ئامانجێکی ئەگەریی.
موشەکەکانی ئێران وەک (شەهاب-3و خەیبەر) دەگەنە
ئەم وڵاتانە، بەڵام هێشتا ناگەنە قوڵایی ڕۆژئاوای ئەوروپا (وەک فەرەنساو بەریتانیا)،
ئەم وڵاتانەش هێڵی یەکەمی بەرگریی ئەمریکاو ناتۆن، هەر هێرشێکی ئێرانیش بۆسەر ئەم
بنکانە، دەبێتە هۆی پەکخستنی توانای ئەمریکا بۆ وەڵامدانەوەی سەربازیی لەڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاستدا، ناتۆ-ش دەیەوێت بەئێران بڵێت، (بولگاریا، ڕۆمانیا، تورکیاو ئیتاڵیا) وەک
عێراقو سوریا نین؛ هەر هێرشێک بۆسەریان، بەواتای هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر دێت لەگەڵ
هەموو وڵاتانی ناتۆ.
