شارپرێس:
کێشمهکێشی نێوان ئەمریکاو
کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بەکۆتاییهێنان بەجەنگو بارودۆخی گەروی هورمز بەردەوامە،
ئەمە لەکاتێکدایە کە قەتەرو پاکستان هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان چڕکردوەتەوە بۆ
خاوکردنەوەی گرژییەکانو گەڕانەوەی هەردولا بۆسەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام واشنتۆن جەخت
لەبەردەوامیی ئابڵۆقەی دەریایی دەکاتەوەو تاران-یش لەبری ئاگربەست، داوای کۆتاییهێنان
بەجەنگ دەکات.
عەباس عێراقچی وەزیری
دەرەوەی ئێران لەلێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، تاران بەنێوەندگیرەکانی
ڕاگەیاندوە کە "ئێمە ئاگربەست قبوڵناکەین، بەڵکو دەبێت جەنگ بەتەواوی کۆتایی
بێت".
عێراقچی جەختیکردەوە،
"دەبێت ئاسایشی ناوچەی کەنداو، ئاسایشێکی بەکۆمەڵ بێتو ڕەهەندە ئابورییەکانیش
بگرێتەوە، هەروەها ستایشی ڕۆڵی قەتەرو پاکستانی کرد لەهەوڵەکانی نێوەندگیریدا.
هاوکات لەگەڵ ئەم
ململانێ دیپلۆماسییە، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ڕایگەیاند، چاودێریی دوو موشەکی
بالیستییان کردوە کە لەئێرانەوە ئاڕاستەکراون؛ یەکێکیان لەدەرەوەی ئاوە هەرێمییەکانی
ئیماراتو ئەوی دیكهیان لەناو ئاوە هەرێمییەکاندا کەوتوەتە خوارەوە.
لەلایەکی دیكهوه، دۆناڵد
ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاریداوە چاوەڕێبکاتو داوای لەتیمەکەی کردوە هیچ گفتوگۆیەکی
نوێ لەگەڵ تاران ئەنجامنەدەن تائەوکاتەی ئێران ئامادەدەبێت بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی
نوێ.
ترەمپ جەختیکردوهتهوه،
"ئابڵۆقەی دەریایی بەتەواوی بەردەوامەو گەروی هورمز-یش بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان
کراوەیەو مینە دەریاییەکان لەو ناوچەیە پاککراونەتەوە".
ماجد ئەنساری وتەبێژی
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند، هەوڵەکانی ئێستای وڵاتەکەی جەخت لەسەر خاوکردنەوەی
گرژییەکانو گەڕانەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆ دەکەنەوە بۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن.
ئەنساری ئاماژەی بەوەشکرد،
قەتەر کاردەکات بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێک کە کردنەوەی گەروی هورمزو ئاگربەست پێکەوە
گرێبدات، چونکە بەبڕوای دهوحە، تەنها ڕێگە بۆ دەربازبون لەم دۆخە، ڕاگرتنی شەڕو دەستپێکردنەوەی
دانوستانەکانە.
لهوبارهیهوه محەمەد
باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هاتهدهنگو بەتوندی هێرشیکردەسەر ئهمریكاو
تۆمەتباریکردن بەوەی دەیانەوێت لەڕێگەی فشارەوە سازش لەتاران وەربگرن کە بەشێک نەبوە
لەیاداشتنامەی لێکتێگەیشتن.
قالیباف وتی، "وەزیرانی
داراییو بەرگریی ئەمریکا شیاوی ئەوەنین داوای سازش لەئێران بکەن، واشنتۆن ڕوبەڕوی
قەیرانێک بوەتەوە کە خۆی دروستیکردوە".
