شارپرێس:
لەهەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا کە وەک بومەلەرزەیەکی سیاسیی لەناوەندی بڕیاری تورکیادا وەسفدەکرێت، دەوڵەت باخچەلی ڕێبەری پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مهههپه)و هاوپەیمانی سەرەکیی ئەردۆغان، بانگەوازێکی مێژویی ئاڕاستەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە کرد، ئەم پەیامەی باخچەلی هەموو هاوکێشە سیاسییەکانی تورکیای بەرەو قۆناغێکی نوێ برد.
باخچەلی کە بەتوندترین نەیاری پرسی کوردو پەکەکە ناسراوه لهمێژوى ڕابردویدا، لەکۆبونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا وتى، "ئەگەر گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان هەڵبگیرێت، با بێت لەکۆبونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لەناو پەرلەمانی تورکیادا قسە بکات".
ئەم داواکارییە تەنها بۆ قسەکردن نییە، بەڵکو باخچەلی داوادەکات، ئۆجەلان لەوێوە بەدەنگی بەرز "کۆتاییهاتنی توندوتیژییو هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی پەکەکەو دانانی چەکەکان" ڕابگەیەنێت".
باخچەلی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئۆجەلان ئەم بوێرییە نیشانبداتو کۆتایی بەپرسى چهك بهێنێت، ئەوا دەکرێت ڕێگەی یاسایی بۆ سودمەندبونی لەمافی هیوا بکرێتەوە، کە مەبەست لێی ئازادکردنی مەرجدار یان پێداچونەوەیە بەسزای زیندانی هەتاهەتاییەکەیدا، ئەمەش یەکەمجارە سەرکردەیەکی نەتەوەپەرستی وەک باخچەلی باس لەئەگەری ئازادبونی ئۆجەلان بکات.
چاودێران پێیانوایە ئەم گۆڕانکارییەی باخچەلی پەیوەندیی بەچەند خاڵێکەوە هەیە، یهكێكیان هەوڵدانى توركیایه بۆ یەکلاکردنەوەی ناوخۆیی بەر لەپەرەسەندنی ململانێیە ههرێمیهكانو ههروهها دهشڵێن، "ئەردۆغانو باخچەلی پێویستیان بەدەنگی کورد هەیە بۆ تێپەڕاندنی دەستورێکی نوێ"، كۆتا خاڵیش کۆتاییهێنانه بەململانێی 40 ساڵە بۆ ئهوهش تورکیا دەیەوێت لەڕێگەی "سەری ڕێکخراوەکەوە" کۆتایی بەجەنگێکی درێژخانی بهێنێت کە زیانی گەورەی ئابورییو مرۆیی لێداوە".
ئەم پەیامە لەناوخۆی تورکیا شۆکێکی گەورەی دروستکردوە، دهم پارتى بەوریاییەوە پێشوازیی لێکردوهو جەختیکردەوە، کە "پێویستە قسە ببێتە کردارو گۆشەگیریی هەڵبگیرێت"، لەلایەکی دیكهشهوه، ئۆپۆزسیۆنی تورکیاو هەندێک باڵی نەتەوەپەرست، ڕەخنەی توند دەگرنو ئەم هەنگاوە بە"سازشکردن" ناودەبەن.
دەوڵەت باخچەلی کە ساڵانێک بوو داوای لەسێدارەدانی ئۆجەلانی دەکرد، ئێستا دەرگای پەرلەمانی بۆ دەکاتەوە؛ ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە سیاسەت لەتورکیا گەیشتوەتە خاڵێکی وەرچەرخان، بۆ ئهمهش چاودێران دهپرسن، ئاخۆ ئۆجەلان وەڵامی ئەم بانگەوازە دەداتەوە؟ ئایا قەندیل پابەندی بڕیارێکی لەو شێوەیە دەبێت؟ لهوهڵامیشدا دهڵێن، "ڕۆژانی داهاتوو وەڵامی ئەم پرسیارانە دەدەنەوە کە چارەنوسی تورکیاو ناوچەکە دەگۆڕن".
