شیکاریی شارپرێس:
بەرەبەیانی دوێنێ سێشەممە، ئاسمانی ئیدلیب بەبڵێسەی ههشت موشەکی ئیسرائیلی سور هەڵگەڕا، ئامانجەکە فڕۆکەخانەی سەربازیی (ئەبو زوهور) بوو، بەڵام پەیامەکە زۆر لەسنوری فڕۆکەخانەکە گەورەتربوو؛ پەیامەکە ڕوبەڕوی کۆشکی سپیو ئەنكەرە کرایەوە، ئەم هێرشە لەکاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو زانیارییەکان باسیان لەوەدەکرد، دۆناڵد ترهمپ سەرۆکی ئەمریکا، ڕاستەوخۆ داوای لەبنیامین ناتانیاهۆ کردبوو "دان بەخۆیدا بگرێت"و هیچ هێرشێک نەکاتەسەر ئەو بنکە سەربازییانەی کە تورکیا تێیاندا ئامادەیی هەیە لهسوریا.
ههشت هێرشى ئاسمانیو پەیامێکی خوێناوی
سەرچاوە سەربازییەکانی سوریا پشتڕاستیانکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، بەههشت هێرشى چڕو زۆر قورس، ڕێڕەوی فڕۆکەخانەو کۆگا ستراتیژییەکانی (ئەبو زوهور)یان پێکاوە. هەرچەندە زیانی گیانی لێنەکەوتوەتەوە، بەڵام پەیامە سەربازییەکە ڕونە، ئهویش ئهوهیه، ئیسرائیل هیچ هێڵێکی سور ناناسێت کاتێک مژارەکە پەیوەستبێت بەگۆڕانکاریی لەهاوسەنگیی هێز لەباکوری سوریا.
بۆچی ئێستا؟ سێبەری تورکیا لەسەر فڕۆکەخانەکە
ئەم هێرشە تەنها چەند ڕۆژێک دوای سەردانی وەفدێکی سەربازیی باڵای تورکیا بۆ فڕۆکەخانەی ئەبو زوهور دێت، بهگوێرهى زانیارییهكان، ئەنكەرە بەنیازبوه لەگەڵ حکومەتی سوریا دەستبکات بەنۆژەنکردنەوەو ئامادەکردنەوەی ڕێڕەوەکانی فڕۆکەخانەکە بۆ بەکارهێنانی سەربازیی، ئیسرائیل بەم بۆردومانە، وەڵامێکی توندیدایەوە کە ڕێگەنادات هیچ هێزێکی ناوچەیی، تەنانەت ئەگەر تورکیاش بێت، پێگەی سەربازیی خۆی لەسوریا بەهێزبکات، بەشێوەیەک کە هەڕەشەبێت بۆسەر بەرژەوەندییەکانی تەلئەبیب.
تەقینەوەی پەیوەندییەکانی واشنتۆنو تەلئەبیب
گرنگترین ڕەهەندی ئەم ڕوداوە، شکاندنی داواکارییەکەی دۆناڵد ترهمپە لەلایەن ناتانیاهۆوە، ترهمپ کە هەوڵدەدات هێوریی لەناوچەکەدا بپارێزێتو نێوەندگیریی نێوان هاوپەیمانەکانی (ئیسرائیلو تورکیا) بکات، داوایکردبوو، هێرشنەکرێتەسەر پێگەکانی تورکیا لەناو خاكى سوریادا، بەڵام ناتانیاهۆ بەم هێرشە، نەک هەر تورکیای توڕە کرد، بەڵکو ئیدارەی نوێی ئەمریکاشی خستە بەردەم دۆخێکی شەرمەزارکەرهوه.
تۆم باراک نێردهى ئەمریکا بۆ سوریا، بەڕاشکاوی نیگەرانیی قوڵی واشنتۆنی نیشانداو هێرشەکەی بهناڕهوا ناوبردو ڕایگهیاند، "حکومەتی سوریا هیچ مەترسییەکی بۆسەر ئیسرائیل دروستنەکردوە".
دیمەشق: سەروەریمان پێشێلکراوە
وەزارەتی دەرەوەی سوریا ڕاگهیهنراوێكى بڵاوكردهوهو ئاماژهى بهوهداوه، ئهو هێرشەی كرایهسهرمان، دوژمنکارییەکی مەترسیدارهو ئامانجیش لێی تێکدانی سەقامگیریی وڵاتەکەیە لەم قۆناغە هەستیارەدا.
دیمەشق ئیسرائیل تۆمەتباردەکات بەوەی، دەیەوێت سوریا بەرەو جەنگێکی ناوچەیی پەلکێش بکات، لەکاتێکدا وڵاتەکە خەریکی بونیادنانەوەی دامەزراوەکانیەتی.
سوریا وەک تەختەی شەترەنج
هێرشەکەی سەر (ئەبو زوهور) دەریدەخات کە سوریای دوای ئەسەد، هێشتا مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێی زلهێزەکانە، ئیسرائیل بەم هەنگاوە نیشانیدا کە تەنانەت پەیوەندییە تایبەتەکانی ناتانیاهۆو ترهمپ-یش نابنە ڕێگر لەبەردەم ئەوەی ئیسرائیل بەرژەوەندییەکانی خۆی بەسەر هەمواندا نەسەپێنێت، تەنانەت ئەگەر بەهای ئەوەش پێکدادان بێت لەگەڵ تورکیا یان پشتگوێخستنی داواکارییەکانی کۆشکی سپی.
گۆڕینی فڕۆکەخانەکە بۆ بنکەیەکی ئاسمانیی هەمیشەیی
زانیارییهكان ئاماژه بهوهدهكهن، ئامانجەکانی تورکیا لەفڕۆکەخانەی (ئەبو زوهور) زۆر ستراتیژییو قوڵ بون، هەر ئەوەش وایکرد، تەلئەبیب بەو خێراییەو بەو توندییە بێتەسەرخەت.
تورکیا دەیەوێت لەباکوری سوریا تەنها خاڵی چاودێریی یان هێزی وشکانی نەبێت، بەڵکو دەیەوێت خاوەنی ژێرخانێکی ئاسمانی بێت، نۆژەنکردنەوەی ڕێڕەوی فڕۆکەخانەی ئەبو زوهور بەواتای ئەوەدەهات، تورکیا دەتوانێت فڕۆکە جەنگییەکانیو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی (بایراکتار) لەوێ جێگیربکات، ئەمە هەژمونی تورکیا لەئاسمانی سوریادا دەسەلمێنێت.
پاڵپشتیی سەربازیی بۆ حکومەتی سوریا
تورکیا دەیەوێت حکومەتی نوێی سوریا (دوای ئەسەد) بەتەواوی بکەوێتە ژێر باڵی خۆیەوە، بەکاراکردنەوەی ئەم فڕۆکەخانەیەش، تورکیا دەیتوانیی هێزە سورییەکانی سەر بەخۆی پڕچەک بکاتو پشتیوانیی ئاسمانییان بۆ دابین بکات، ئەمەش تورکیای دەکردە "پارێزەری سەرەکی"ی دەسەڵاتی نوێ لەدیمەشق، ئەمەش شتێکە ئیسرائیل نایەوێت.
کۆنتڕۆڵکردنی باکورو بەستنەوەی پارێزگاکان
فڕۆکەخانەی ئەبو زوهور شوێنێکی زۆر ستراتیژی هەیە؛ دەکەوێتە نێوان (ئیدلیب، حەلەبو حەما)، تورکیا دەیویست ئەم فڕۆکەخانەیە بکاتە مەڵبەندی لۆجستی بۆ گواستنەوەی چەکو هێز لەنێوان باکورو ناوەڕاستی سوریا، کۆنتڕۆڵکردنی ئەم شوێنە بەواتای کۆنتڕۆڵکردنی ڕێگهکانی گواستنەوە دەهات.
پەیامی ئیسرائیل بۆ تورکیا: هێڵی سور مەبەزێنە
ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی تورکیا، سوریا بکاتە پێگەیەک بۆ فراوانکردنی ململانێی خۆی لەگەڵ تەلئەبیب، بەتایبەت لەسایەی توندبونی زمانەوانیی ئەردۆغان دژی ئیسرائیل، چاودێرانیش پێیانوایه، تەلئەبیب بەو هێرشەى سێ پەیامی نارد، یهكهمیان بهتورکیاى وت، ڕێگەنادەین فڕۆکەخانەی سەربازیی لەنزیک سنورەکانمان نۆژەنبکەیتەوە، دوهمیش بۆ ترهمپ بوو، "ئاسایشی ئیسرائیل لەسەروی هەموو داواکارییو نێوەندگیرییەکەوەیە، تەنانەت ئەگەر جەنابت داوات لێکردبین"، سێهمیش بۆ حکومەتی نوێی سوریا بوو كه هەر بنکەیەک بدەنە تورکیا، دەبێتە ئامانجی فڕۆکەکانمان.
شکاندنی باڵادەستیی ئاسمانی
ئیسرائیل نایەوێت هیچ هێزێکی ناوچەیی (جگە لەئەمریکا) خاوەنی فڕۆکەخانەی سەربازیی کارابێت لەسوریا، کاراکردنەوەی فڕۆکەخانەکە لەلایەن تورکیاوە، بەواتای ئەوەبوو کە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا زۆر لەسنورەکانی ئیسرائیل نزیکدەبنەوە، ئەوەش بۆ تەلئەبیب هەڕەشەیەکی ستراتیژیی نوێیە.
تورکیا دەیویست (ئەبو زوهور) لهشارۆچکەی ئەبو زوهور كه دەکەوێتە پارێزگای ئیدلیب لەباکوری ڕۆژئاوای سوریا، بکاتە گەورەترین بنکەی ئاسمانیی خۆی لەناوخاکی سوریا بۆ ئەوەی بڕیاردەری یەکەم بێت لەداهاتوی وڵاتەکەدا، ئیسرائیلیش بەم هێرشە چڕە، نەک هەر ڕێڕەوی فڕۆکەخانەکەی تێکدا، بەڵکو پڕۆژە گەورەکەی تورکیاشی لەو ناوچەیەدا پەکخست.
