به‌هۆى بێئاگایى په‌روه‌رده‌ له‌ساڵنامەی حکومەت تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 گۆڕانیان به‌سه‌رداهات

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 375 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەدرێژەی زنجیرە "سوپرایزەکانی" وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم بۆ قوتابیانی پۆلی 12، ئەمجارەیان وەزارەت، بەبڕیارێکی تر قوتابیانی توشی شۆککرد، لەکاتێکدا هەموو فەرمانبەرو هاوڵاتییەکی ئەم هەرێمە دەزانێت ڕۆژمێری حکومەت چی تێدایەو کەی پشوی فەرمیە، بەڵام لەوەزارەتی پەروەردە کار بەو ساڵنامەیە نەکراوە یان لێی بێ ئاگابون.

ئەگەرچی یادی لەدایکبونی پێغەمبەر (د.خ) یان یەکی موحەڕەم، ڕوداوێکی کتوپڕ نین‌و ساڵانە لەڕۆژمێری فەرمیدا بەرەنگی سور دیاریکراوه کە پشوی فەرییە‌، کەچی بەرێوەبەرێتیەکی گەورەی وەزارەتی پەروەردە لەهەمان رۆژدا تاقیکردنەوەی بۆ وتابیانی پۆلی ١٢ ئامادەیی داناوە ، دوای ئەوەی خشتەی تاقیکردنەوەکان راگەیەنراوەو ئێستا قوتابیان لەگەرمەی خۆ ئامادەکردنن بۆئەو تاقیکردنەوانەی کە ماون، وەزارەت بەڕاگەیەنراوێک ئاشکرایکرد کە هەڵەیەکیان کردوەو تاقیکردنەوەی رۆژی ٢٥ ئاب بەهەڵە لەخشتەکە دانراوەو ئەو رۆژە لەهەرێمی کوردستان پشوی فەرمییە.

به‌گوێره‌ى بڕیارە نوێیەکەی ئەمڕۆ 19ی ئاب، وەزارەت دەستیکردوە بەگۆڕینی خشتەکە بەشێوازێک تاقیکردنەوەی سێشەممە (25ی ئاب) خراوه‌ته‌ ڕۆژی پێنجشەممە (27ی ئاب)‌و تاقیکردنەوەی پێنجشەممەش (27ی ئاب) وەک پاشکۆ، گوازرایەوە بۆ یەکشەممەی دواتر (30ی ئاب) کە ئەمەش دەبێتە هۆی دواخستنی تاقیکردنەوەکان و کۆتایی تاقیکردنەوەکان لەبری ئەم هەفتەیە دەکەوێتە هەفتەی ئایندە کە ئەمەش رەنگە دڵتەنگی  و شڵەژان لەدەرونی قوتابیان و پلانی کەس و کاریاندا دروست بکات.

ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى په‌روه‌رده‌ به‌ناوى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تاقیکردنەوەکان‌و ساڵنامەی خوێندن بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، بەڵام وەک دەردەکەوێت گەورەترین کێشەیان لەگەڵ خودی ساڵنامەى حكومه‌تدایه‌، قوتابیانیش دەپرسن، ئەگەر وەزارەتێک نەتوانێت سەیری ڕۆژژمێرێکی ئاسایی بکات‌و تاقیکردنەوەیەک ڕێکبخات جێی سەرنج و تێرامانە.