یەک هەنگاو تا کارەسات!

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 59 جار خوێندراوه‌ته‌وه

تام باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە، ئاشکرای کرد کە تورکیا پێشوەختە ئاگادار نەکرابوو لە هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەى ئەبوو ئەلزهور لە سوریا، و فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیل لە کاتی هێرشەکەدا لەلایەن ڕادارەکانی تورکیاوە دەستنیشان کرابوون.
کاتێک ئەو فڕۆکە جەنگییانە بەئاراستەی سنووری تورکیا جوڵاون، ئەنقەرەش هێزی ئاسمانی خۆی، لەوانە F-16 ـەکان، ئامادەبوون بۆ وەڵامدانەوى سەربازی، بەلام باراک وتوویەتی تورکیا دەیتوانی وەڵامی سەربازی بداتەوە، بەڵام خۆى گرتووە و ئارامی هەڵبژاردووە.
هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەى ئەبوو ئەلزهور لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا، کە ٧٠ کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا دوورە، بە هەشت هێرشی ئاسمانی ئەنجام دراوە و بەپێی سەرچاوە سورییەکان، ڕێڕەوی فڕۆکەخانە و شوێنی هەڵگرتنی کەرەستەکانی فڕۆکەخانەکە زیانیان پێگەیشتووە، بەڵام هیچ قوربانییەکی مرۆیی ڕانەگەیەنراوە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل لەسەر دۆخی سوریا بە شێوەیەکی بەرچاو ئاڵۆزبووە. ئیسرائیل گومان دەکات کە تورکیا لە داهاتووی نزیکدا دەتوانێت بوونی سەربازیی خۆی لەم فڕۆکەخانەیە بەهێز بکات.
لە بەرامبەردا، واشنگتن هەوڵ دەدات میکانیزمێکی پەیوەندی و ڕێکخستنی جوڵە سەربازییەکان لەنێوان ئیسرائیل، تورکیا و سوریا دروست بکات، بۆ ئەوەی ڕووداوێکی لەم جۆرە نەگاتە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ. باراک جەختی کردووەتەوە کە کەمیی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئەو هێزانە دەتوانێت هەڵەی هەڵسەنگاندن دروست بکات و بارودۆخی ناوچەکە زیاتر بخاتە مەترسییەوە.
بەم شێوەیە، ڕووداوەکە تەنها هێرشێکی ئیسرائیلی بۆ سەر ئامانجێکی سەربازی لە سوریا نییە؛ بەڵکو نیشانەیەکی گرنگە بۆ زیادبوونی مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەی هەواڵگری و سەربازی لەنێوان دوو هێزی سەربازیی بەهێزی ناوچەکە، تورکیا و ئیسرائیل، لە خاکی سوریا. واشنگتنیش ئێستا هەوڵ دەدات پێش ئەوەی هەڵەیەکی سەربازی بگۆڕێت بە قەیرانێکی گەورەتر، کەناڵێکی پەیوەندی و ئاگادارکردنەوەی ڕاستەوخۆ دابین بکات.