زەیدیی روبەڕوی هەڕەشەی کوشتن دەبێتەوەو سیستمی بەرگری ئاسمانی لەسەر بارەگاکەی دادەنرێت

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 324 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نزیکەی 40 رۆژ مۆڵەت ماوە لەبەردەم گروپە چەکدارەکانی عێراق بۆ ئەوەی چەکەکانیان ڕادەست بکەن، تاکو ئێستاش سێ گروپ رادەستکردنی چەکەکانیان ڕەتدەکەنەوەو هەڕەشەی کوشتن لە عەلی زەیدیی دەکەن، سەرچاوەیەکیش دەڵێت، سەرۆک وەزیران سیستمی بەرگری ئاسمانی لەسەر بارەگاکەی جێگیرکردوەو رێکارە ئەمنییەکانی ناوچەی سەوزی توندوتۆڵتر کردوەتەوە.


ماڵپەڕی "الحرة" لەزاری سەرچاوەیەکی حکومییەوە بڵاویکردوەتەوە، لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا گروپە چەکدارەکان پەیامی هەڕەشەئامێزیان بە سەرۆک وەزیران گەیاندوە، دەزگا هەواڵگیرییە عێراق و بیانییەکانیش حکومەتی عێراقیان لە هەبونی پیلانێک بۆ بەئامانجگرتنی زەیدیی ئاگادارکردوەتەوە.

دیارترین ئەو گروپە چەکدارییانەی تاکو ئێستا ئامادە نین چەکەکانیان رادەستی حکومەت بکەن، بریتین لەهەریەک لە کەتائیبی حزبوڵا، کەتائیبی سەیدولشوهەدا و بزوتنەوەی نوجەبا، کە هەرسێ گروپەکە لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوەو تاکو رۆژی 30ى 9ى 2026 مۆڵەتیان پێدراوە بۆ ئەوەی چەکەکانیان رادەست بکەن.

سەرچاوەیەکی ئەمنی باسی لەوەکردوە، بەهۆی زیادبونی هەڕەشەکانی سەر عەلی زەیدیی، دانانی سیستمی بەرگری ئاسمانی لەناوچەی سەوز چڕترکراونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا فەرماندەی ئەو فیرقەیە گۆڕدراوە کە ئەرکی پاراستنی ناوچەی سەوزە، هەروەها فەرماندەیەکی نوێ بۆ ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا دیاریکراوە.

هاوکات، سەرچاوەیەکی دیکە باسی لەوەکردوە، لەدوایین سەردانی زەیدیی بۆ واشنتۆن، سەرۆک وەزیران کۆمەڵێک ئامێر و کەرەسەتەی تایبەت بە پاراستنی کەسییەوە لەلایەن ئەمریکاوە پێدراوە، تاکو ئێستاش نازانرێت حکومەتی ئەمریکا ئەو ئامێرانەی بەبێ بەرامبەر بە عەلی زەیدیی داوە، یاخود حکومەتی عێراق ئامێرەکانی کڕیوە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرکردەیەکی شیعەکان بە ماڵپەڕی "الحرة"ی وتوە،" لە دوایین کۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان، ئەبو حسێن حەمیداوی ئەمینداری گشتی کەتائیبی حزبوڵا هەڕەشەی لە عەلی زەیدی کردوە، لەبەرامبەردا زەیدییش هەڕەشەی لێکردوەتەوە ".