سوپای ئيسرائیل لەناو خاكی سوریاوە هەڕەشەی نوێ لە توركیا دەكات

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 255 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەیال زامیر، سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیسرائیل دووپاتیكردەوە كە ئیسرائیل "رێگە نادات هێزە نەیارەكان ئامادەیی خۆیان لە سنورەكانی ئیسرائیلدا جێگیر بكەن"

زامیر لە میانی سەردانێك بۆ ناوچەی ئەمنی لە باشوری سوریا وتی "ئێمە لە واقیعێكی فرە بەرەییدا كاردەكەین، بەرەی سوریاش یەكێكە لەوانە. ئێمە گۆڕانكارییەكان دەبینین و چاودێری دەكەین، و دەبێت بەو پێیەش ئامادەكاری بكەین. ڕێگە نادەین هێزە دوژمنكارەكان ئامادەییان لەسەر سنورەكانمان هەبێت، دەزانین چۆن تواناكانمان بە وردی لە شوێن و كاتێكی گونجاودا بەكاربهێنین".

زامیر دەشڵێت: پێویستە ڕێگری لە پەرەسەندنی هەڕەشە تیرۆریستییەكان بكەین، لە هەمان كاتدا، ڕێگری لە دروستبوونی هەڕەشەیەكی سەربازی گەورە لەسەر سنوورەكانمان بكەین.

ئەم هۆشدارییانەی سوپای ئیسرائیل زیاتر ڕوو لە توركیایە ئەوەش دوای بۆردومانكردنی فڕۆكەخانەی ئەبو زهور لە ئیدلب كە ئیسرائیل بەپاساوی بوونی توركیا لەو ناوچەیە بۆردومانی كردووە.

بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە ڕێگا بەهیچ جموجۆڵێكی سوپای توركیا لەناو خاكی سوریا نادەن ئەوەش وەك پارێزگاری لەئاسایشی نەتەوەییان سەیر دەكەن.