شارپرێس:
سەرچاوە سەربازییەکان
ئاشکرایان کردووە کە حوسییەکان بە ئاراستەکردنی ڕاستەوخۆی ئێران، خەریکی گۆڕینی
ستراتیژیی خۆیانن و دەیانەوێت مەترسییەکانی شەڕی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل
بۆ دەریای سوور و کەنداوی عەدەن بگوازنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوانە، لە مانگی 7ی ئەمساڵدا
کۆبوونەوەیەکی نهێنیی لەلایەن "ئەنجوومەنی جیهادی"ی حوسییەکانەوە لە سەنعا
بەڕێوەچووە. لە کۆبوونەوەکەدا 4 ئەفسەری ئێرانی، لەوانە باڵیۆزی ئێران لە سەنعا و
شارەزایەکی باڵای سوپای پاسداران لە یەمەن، بەشدارییان کردووە.
باس لەوەشکراوە کە ئامانجی کۆبوونەوەکە دیاریکردنی ڕۆڵێکی
فراوانتر بۆ حوسییەکان بووە، بە تایبەتیی لە هەڕەشەکردن لە کەشتیوانیی و وزە و
دروستکردنی فشار لەسەر دراوسێکانی ئێران.
ئەوەش هاتووە: چەند ڕۆژێک دوای کۆبوونەوە نهێنییەکە، حوسییەکان
ڕاگەیاندیان کە کەشتییە پەیوەندیدارەکان بە بەندەرەکانی عەرەبستانی سعودی لە دەریای
سووردا قەدەغە دەکەن. ئەم بڕیارە کاریگەرییەکی سەرەتایی لەسەر کەشتیوانی دانا و ڕێژەی
تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان لە بابولمەندەب بە نزیکەی 24% کەم بووەوە، بەڵام
لە مانگی ئێستادا جووڵەی کەشتیوانی تا ڕادەیەک جێگیر بۆتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، حوسییەکان هێرشەکانیان لەسەر هێزە حکومییەکان
لە کەناری ڕۆژئاوای یەمەن زیاد کردووە، بە تایبەتی لە ناوچە نزیکەکانی بابولمەندەب
و بەندەری مەخا.
شارەزایان پێیان وایە ئەم هەنگاوانە ڕەنگە پێشەکییەک بۆ
ئۆپەراسیۆنی زیاتر بێت، بەڵام حوسییەکان هێشتا نەیانتوانیوە ئەو گەرووە بە شێوەیەکی
بەردەوام دابخەن یان کاریگەرییەکی گەورە لەسەر بازرگانیی جیهانی دابنێن.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی