وەزارەتی بەرگری توركیا داوا لەئیسرائیل دەكات هێرشەكانی سەر سوریا ڕابگرێت

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 324 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
 
وەزارەتی بەرگریی توركیا دەڵێت "پێش هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر بنكەی ئاسمانیی ئەبوزوهور لە سوریا یان لە كاتی هێرشەكەدا، هیچ شاندێكی سەربازی توركی لە بنكەكەدا نەبووە".

وەزارەتی بەرگریی توركیا بۆ میدیای فەڕمی وڵاتەكەی ڕونیكردەوە "هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر بنكەی ئاسمانیی ئەبوزوهور، كردەیەكە بۆ زیانگەیاندن بە سەقامگیریی، ئاسایش، یەكێتیی و یەكپارچەیی و ژێرخانی سوریا. لە هەموو دەرفەتێكدا جەخت لەوە دەكەینەوە ئەو هێرشانەی سەروەری و یەكپارچەیی خاكی سوریا دەكەنە ئامانج جێگەی قبوڵ نین".

دەشڵێت " ڕایدەگەیەنین كە پێش هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر بنكەی ئاسمانیی ئەبوزوهور لە سوریا یان لە كاتی هێرشەكەدا، هیچ شاندێكی سەربازی توركی لە بنكەكەدا نەبووە. لەپێناو ئارامیی و سەقامگیریی سوریا و ناوچەكە، پێویستە ئیسرائیل كۆتایی بەم جۆرە هێرشانە بهێنێت و پێویستیەكانی یاسای نێودەوڵەتیی جێبەجێ بكات، بەردەوامیش دەبین لە پشتیوانی كردنی چالاكییەكانی بنیاتنانی ژێرخان و توانای سەربازیی سوریا".