شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی
سوریا ڕایگەیاند، بۆ ئیسرائیلی ڕون کردۆتەوە هیچ پلانێک بۆ دروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی
تورکیا لە بنکەی ئاسمانیی ئەبو ئەلزوھور نییە، کە ڕۆژی سێشەممەی رابردوو لەلایەن ئیسرائیلەوە
بۆردومان کرا، دەشڵێت، شوێنەکە نۆژەن دەکرێتەوە بۆ ئەوەی لەلایەن هێزی ئاسمانیی
سوریاوە بەکاربهێنرێت.
ئەسعەد شەيبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەربازانی
تورکیا لە چوارچێوەی مەشق و ڕاهێنان و هاوکاریی سەربازیی بەربڵاوتر سەردانی بنکەکەیان
کردوە، هەروەها بونی هێزی زیادەی سەربازیی تورکیای ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە دامەزراوەکە
تا ڕادەیەکی زۆر چۆڵ بوە و هێشتا کارکردن تێیدا دەستی پێنەکردوە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی هەواڵیی ئەکسیۆس، شەیبانی ڕایگەیاندوە
کە هیچ مەبەستێک نییە بۆ دروستکردنی بنکەیەکی تورکی لەوێ یان بڵاوکردنەوەی بوونی سەربازیی
بەردەوامی تورکیا یان هێزەکانی.
لە لایەکی ترەوە
بنيامين نەتەنياهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئیسرائیل پێش لێدانەکە
ئاگاداری سوریای کردۆتەوە لە ڕێگەدان بە بوونی تورکیا لە بنکەکەدا. نەتەنیاهو باسی
لەوەکرد کە پەیامەکەیان زۆر ڕون بوە و پێیوایە سورییەکان بە تەواوی تێنەگەیشتون.
لە بەرامبەردا شەيبانی
ڕایگەیاند کە ئیسرائیل هیچ پاساوێکی ڕەوای بۆ ئەم بۆردومانە نییە و سوریا هێشتا
کراوەیە بۆ دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان، هەروەها ئاماژەی بەوەدا
کە هەردوولا پێشکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە بەرەو ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە دانوستانەکانی
رابردودا بە ناوبژیوانی ویلایەتە یەکگرتوەکان، بەڵام ئیسرائیل دواتر لە بەڵێنەکانی
پەشیمان بوەوە.
لەلایەن خۆیەوە
وەزارەتی بەرگریی تورکیا بوونی هێزەکانی لە فڕۆکەخانەی ئەبو ئەلزوھور لە باکوری ڕۆژئاوای
سوریا ڕەتکردەوە، بەرپرسێک لە وەزارەتەکە ڕایگەیاند کە هیچ شاندێکی سەربازیی تورکیا
پێش هێرشەکە یان لە کاتی هێرشەکەی ئیسرائیل لە فڕۆکەخانەکەدا نەبوە.
وەزارەتی بەرگریی
تورکیا جەختیشی کردۆتەوە کە ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی سوریا
بۆ پەرەپێدانی تواناکانی و ژێرخانی سەربازیی، هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی
کرد کە ڕێکاری جددیتر و کاریگەریانەتر بگرنە بەر دژی ڕەفتارەکانی ئیسرائیل کە هەڕەشە
لە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە دەکات.
ئاکۆ عەبدوڵڵا
ئاڵی
