پێشنیازێکی نوێ لەبارەی چەکی میلیشیا شیعییەکان.. ئیدارەدانی چەک لەجیاتی داماڵینی

عیراق

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 257 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای کردووە کە سەرکردە دیارەکانی شیعە پێشنیازیان داوەتە گرووپە چەکدارییەکان بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ عەلی فاڵح ئەلزەیدی، سەرۆک وەزیران.


سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە ئەم پێشنیازانە گۆڕینی چەمکی "داماڵینی چەک" بۆ "ئیدارەدانی چەک" لەخۆدەگرێت، بە شێوەیەک کە بەکارهێنانی چەک بە تەواوی بکەوێتە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە بۆ ڕێگریکردن لە هەر جووڵەیەکی سەربازیی لە دەرەوەی بڕیاری دەوڵەت.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، سەرکردە کاریگەرەکانی وەک نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، عەممار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، و هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر بەشدارن لە پێشکەشکردنی ئەم پێشنیازانە.

ئەوەش هاتووە: ئامانج لەم هەنگاوە نەهێشتنی گرژییەکانی ئەمدواییەیە لەگەڵ سەرۆک وەزیران، بە تایبەتی لەگەڵ کەتائیبی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا،  پێشنیازەکانیش بریتییە لە دیاریکردنی ماوەیەکی کاتیی لە نێوان کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەپێی ڕێککەوتنی ئاسایشی بەغدا و واشنتۆن، لەگەڵ دەستپێکردنی ڕێکارەکانی بەڕێوەبردن یان کۆنترۆڵکردنی چەک.

هەروەک دەڵێت: ئەم پێشنیازانە گەیشتوونەتە دەست سەرکردەی گرووپەکان و لایەنە پێشکەشکارەکان چاوەڕێی وەڵامن. لە حالەتی ڕەتکردنەوەیاندا، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی بژاردەی دیکە ڕێکدەخات، بەڵام پێشبینی دەکرێت قبوڵ بکرێن چونکە لە لایەن چەند کەسایەتییەکەوە دراون کە دەیانەوێت ڕێگری لە پێکدادانی ناوخۆیی بکەن و دەسەڵاتی دەوڵەت بپارێزن.

ئەم هەوڵانە هاوكاتن لەگەڵ دەستپێکردنی کاری لیژنەیەکی تایبەتی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئەندامێتیی عامری و حەکیم بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەو گروپانەی ڕەتیدەکەنەوە چەک ڕادەست بکەن.  ئامانجی لیژنەکە ناوبژیوانییە لە نێوان ئەم گروپانە و سەرۆک وەزیراندا تاوەکو ڕێگری لە گواستنەوەی کێشە سیاسییەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی مەیدانی بگرن.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی