یسرائیل كاتز بۆ ئەردۆغان: هێزی ئیسرائیل تاقی مەكەرەوە

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 320 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بە تۆمەتبارکردنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەوەی تورکیا دەخاتە ناو دۆخێکی مەترسیدار لە سوریا، ئاگاداری سەرۆک کۆماری تورکیای کردەوە کە ئیسرائیل ڕێگە نادات هیچ هەنگاوێکی ئەنقەرە لە سوریا هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئەو دروست بکات.

کاتس لە پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی «X» ـدا، کە بۆ ئەردۆغان ناردویەتی، وتی باشترە ئەردۆغان بەردەوام بێت لە وتارەکانی دژی ئیسرائیل لە پەرلەمانی تورکیا و هێزی ئیسرائیل بۆ بەرگری لە خۆی تاقی نەکاتەوە.

ئەو جەختی کردەوە کە ئیسرائیل ڕێگە نادات هیچ لایەنێک ئاسایشی ئەو وڵاتە بخاتە مەترسییەوە. ڕۆژنامەی جیڕۆزالیم پۆست ئەم لێدوانانەی لە کاتێکدا بڵاو کردەوە کە ئاڵۆزی و ناکۆکییەکان لەنێوان ئیسرائیل و تورکیا لەسەر سوریا ڕوو لە زیاد بوون کردووە.

هەڕەشەکەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دوای هێرشی ئەم وڵاتە بۆسەر بنکەی فڕۆکەوانی ئەبوزهور لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا هات. بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، وتویەتی دیمەشق ئاگادارکردنەوەکانی تەل ئەبیب لەبارەی ئەگەری جێگیرکردنی هێزە تورکییەکانی بە جدی وەرنەگرتووە و هێرشەکە بۆسەر ئەم بنکەیە بۆ گەیاندنی ئەم پەیامە بە شێوەیەکی ڕون ئەنجام دراوە.

ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاندووە کە لە کاتی هێرشەکەدا هیچ هێزێکی سەربازیی تورکی لە بنکەکەدا نەبووە. دیمەشقیش ڕایگەیاندووە کە ئامادەبوونی ئەفسەرە تورکەکان تەنها بۆ مەشق و ئاڵوگۆڕی ئەزموونی سەربازی بووە و هیچ پلانێک بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی هەمیشەیی تورکیا لەم شوێنەدا نییە.

لە مانگەکانی ڕابردودا، ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا لەسەر سوریا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بووە. ئیسرائیل دژی فراوانبوونی ئامادەبوونی سەربازیی تورکیا لە سوریایە، لە کاتێکدا ئەنقەرە جەخت لە بەردەوامبوونی هاوکارییە سەربازییەکان لەگەڵ دیمەشق دەکاتەوە.