وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێكی بۆ هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل دەركرد

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 542 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بڕیارێكی لەبارەی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلەوە دەركرد.

وەزارەتەكە لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژە بەوە دەكات، بە گوێرەی رێنمایی ژمارە (٧) ی ساڵی ٢٠٢٦ كە هەمواری یەكەمی رێنمایی ژمارە (١٤)ی ساڵی ٢٠٢٥ ی تایبەت بە مەرجەكانی سەلامەتی و تۆماركردنی ئۆتۆمبێلی هاوردەكراو، كە رۆژی پێنج شەممە ڕێكەوتی ٢٠ی ئابی ٢٠٢٦ بە واژوو ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە نوسراوی ژمارە ٢٥١٥١ ك دەرچووە، ڕێكەوتی گۆڕینی مۆدێلی ئۆتۆمبێلی ساڵ بۆ هاوردەكردن لە یەكی ئەیلول كراوەتە یەكی تشرینی دووەم. 

لەوبارەیەوە هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، دوای ئەوەی بە هۆی بارودۆخی شەڕ لە ناوچەكە و كاریگەری لەسەر بازرگانی نێودەوڵەتی، كاسبكار و بازرگانانی بواری هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل داواكارییان پێشكەشی نوسینگەی سەرۆك وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ كرد بۆ پێدانی كاتی زیاتر و گۆڕینی وادەی گۆڕینی مۆدێلی ئۆتۆمبێل بۆ هاوردە كردن لە یەكی ئەیلول بۆ یەكی تشرینی دووەم دوای دیراسەكردن، هەمواری رێنمایی ژمارە ١٤ ی ساڵی ٢٠٢٥ كرا و وادەی گۆڕینی مۆدێلی ئۆتۆمبێل بۆ ئەمساڵ كرایەوە یەكی تشرینی دووەم.

دەشڵێت، بەم جۆرە بازرگانان و كاسبكارانی بواری هاوردە كردنی ئۆتۆمبێل تا ئەو ڕێكەوتە دەتوانن ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠٢٤ هاوردەی هەرێمی كوردستان بكەن. 

هەروەها وەزارەتی ناوخۆ بە گوێرەی هەمواری ئەو ڕێنماییە، هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی ڕاسپاردووە كاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی بە هۆی بارودۆخی شەڕەوە ئەو بازرگان و كاسبكارانەی ئۆتۆمبێلیان كڕیوە و بارەكانیان لە ڕێگایە، كاتی زیاتریان هەبێت و توشی زیان نەبن.