شارپرێس:
سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی كۆماری توركیا، دەڵێـت، "هەڕەشە و درۆكانی ناتانیاهو دەرهەق بە توركیا و سوریا ڕەنگدانەوەی گۆشەگیری نێودەوڵەتیی، ترسە سیاسییەكان و دڵەڕاوكێكانییەتی".
بورهانەددین دوران سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكان لەسەرۆكایەتی توركیا وەڵامی لێدوانەكانی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلی لەبارەی توركیاوە دایەوە و دەڵێت "هەڕەشە و درۆكانی ناتانیاهو لەو دیمانەیەی ئەنجامی داوە دەرهەق بە توركیا و سوریا ڕەنگدانەوەیەكی نوێی گۆشەگیریی نێودەوڵەتییە كە ڕوو لە زیادبوونە، لەگەڵ ترسە سیاسییەكان و دڵەڕاوكێكانی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلە. هەوڵەكانی ناتانیاهو بۆ چەواشەكردنی ڕای گشتیی نێودەوڵەتیی لە ڕێگای دروستكردنی هەڕەشە و دوژمنی خەیاڵییەوە، ئیدی هیچ كاریگەرییەك دروست ناكات، چونكە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی هاوڕایە لەسەر خراپی ئەو سیاسەتانەی پەیڕەویان دەكات".
ئەو بەرپرسەی توركیا بۆ میدیای فەڕمی وڵاتەکەی ڕایگەیاند "كاردانەوەی ئەمریكا، بەریتانیا و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەرامبەر سیاسەتە شەڕانگێزییەكانی ئیسرائیل ڕوو لە زیادبوونە. سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بەهۆی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان، نیگەرانی ناوخۆیی سیاسی و ترسەكانییەوە، خۆی بەم هەڵوێستە ناعەقڵانییەوە گرتووە. دوژمنكاریی توركیا لە واتای سیاسییدا وەك هۆكارێكی ڕزگاربوون دەبینێت".
وتیشی، "بەردەوام دەبن لەبەرەنگاربوونەوەی چالاكییە ناسەقامگیركەرەكانی ناتانیاهوی ئەنجامدەری جینۆساید و پشتیوانی كردنی ئەو دەوڵەتانەی سیاسەتی ئاشتیخوازانە دەگرنەبەر بەتایبەت سوریا و، مێژوو بە ڕونی نیشانی دەدات كە هیچ شتێك نییە نەتوانین ئەنجامی بدەین بۆ ئاسایشی خۆمان، مانەوەی دەوڵەت و سەلامەتیی گەلەكەمان".
