ئایا سزا نوێکانی ئەمریکا دەتوانێت ئێران ناچار بە پاشەکشە بکات ؟

توێژینەوە و شیکاریی

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 251 جار خوێندراوه‌ته‌وه

پوختە
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ماوەى جەنگی ئێران لە شەش مانگ و زیادبوونی فشارە سیاسی و ئابوورییەکان لەسەر حکومەتی ئەمریکا، ستراتیژی واشنگتن بە ئاراستەیەکی دیاریکراوتر بەرەو جەنگی ئابووری و تەنگکردنەوەی گەمارۆی دارایی دەچێت. دونالد ترامپ هەوڵ دەدات بە بەکارهێنانی فشارێکی ئابووریی بێ‌وێنە، تاران ناچار بکات لە هەندێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی خۆی پاشەکشە بکات؛ بە تایبەتی لە بواری پرۆگرامە ناوکییەکە و دۆخی گەرووى هورمز.
بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئایا ئێران لە ژێر فشاری ئابووریی پاشەکشە دەکات، یان فشارەکە دەبێتە هۆی قووڵترکردنەوەی بەربەرەکانێ و زیادکردنی بەهاى پێکدادان؟
هەڵسەنگاندنێکى ستراتیژی بۆ پرسەکە نیشانى دەدات کە ئەمجارە جیاوازییەکی گرنگ هەیە: فشارەکە تەنها گەمارۆی دارایی نییە، بەڵکو فشارە سەربازییەکان، گەمارۆى دەریایی، هەوڵی داخستنی ڕێگاکانی داهات، و فشار لەسەر هاوبەشانی ئێرایش لە خۆ دەگرێت.
بۆیە، ئەم ستراتیژییە دەتوانێت کاریگەرییەکی زیاتر لە سیاسەتى زۆرترین فشاری ساڵانی پێشوو هەبێت؛ بەڵام هێشتا هیچ دڵنیاییەک نییە کە ئەم فشارە بتوانێت تاران بەرەو خۆبەدەستەوە دان بەرێت.
 گۆڕانی ستراتیژی واشنگتن
لە سەرەتای قۆناغی نوێی پێکدادانی نێوان ئێران و ئەمریکا، سەرنجی واشنگتن زیاتر لەسەر توانای سەربازی بوو. بەڵام کەمبوونەوەی کۆگاکانی چەک و زیادبوونی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان لە ئەمریکا، فشارێکی سیاسی دروست کردووە بۆ ئەوەی واشنگتن بەدوای ڕێگایەکی کەم‌ تێچووترددا  بگەڕێت. لەو چوارچێوەیەدا، ئابڵوقە و جەنگی ئابووری دەبنە جێگرەوەیەکی گرنگ بۆ بەردەوامبوونی هەمان ئامانجی سیاسی بە تێچووى سەربازیی کەمتر. ئامانجی واشنگتن بە شێوەیەکی سەرەکی بریتییە لە کەمکردنەوەی داهاتی نەوتی ئێران، داخستنی کەناڵە دارایییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، سزا‌دانی کۆمپانیا و وڵاتانی هاوبەشی بازرگانی لەگەڵ ئێران، کەمکردنەوەی توانای ئێران بۆ بەردەوامبوون لە جەنگ، زیادکردنی فشار لەسەر بڕیارده‌رانی تاران، ناچارکردنی ئێران بە گەڕانەوە بۆ مێزی دانوستان بە مەرجی زیاتر.

 جیاوازی زۆرترین فشاریی نوێ لەگەڵ کۆن
سیاستی ترامپ لە سەردەمی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی بە ناوی Maximum Pressure ـ زۆرترین فشار ناسرابوو، بەڵام ئەمجارە ئەم ستراتیژییە لە ژینگەیەکی جیاوازدا جێبەجێ دەکرێت. لە قۆناغی پێشوودا، گەمارۆکان زۆر بوون، بەڵام هێشتا ئێران توانای بەکارهێنانی چەندین کەناڵی نافەرمی و ناوەندی بازرگانیی ناوچەیی هەبوو. بەڵام ئێستا ئەگەر فشار لەسەر وڵاتانی وەک چین وهیندستان زیاد بکرێت، مەودای مانۆڕی ئابووریی تاران کەمتر دەبێتەوە. لەو ڕووەوە، ئامانجی ستراتیژیی واشنگتن تەنها سزا‌دانی ئێران نییە؛ بەڵکو کەمکردنەوەی توانای ئێران بۆ دۆزینەوەی جێگرەوە بۆ بازاڕ و سیستمی دارایییە.
 خاڵی لاوازیی ستراتیژیی ئەمریکا
گەمارۆکانی ئێران لە ماوەی 47 ساڵى ڕابردوودا پیشانیان داوە کە گەمارۆ بە تەنیا ناتوانێت بە ئاسانی ئێران ناچار بە گۆڕینی سیاسەتەکانى بکات. ئێران لە ماوەی ئەم ساڵانەدا سیستمێکی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گەمارۆکان دروست کردووە. ئەم سیستەمە بریتییە لە فرۆشتنی نافەرمی نەوت، کەناڵە دارایییە ناڕاستەوخۆکان، کۆمپانیا و بازرگانە ناوەندییەکان، گۆڕینی شوێنی بار و بارکردن، هاوبەشانی ناوچەیی، بەکارهێنانی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ چین و هەندستان، ئابوورییەکى ناوخۆیی کە بە شێوەیەکی درێژخایەن بۆ ژینگەی گەمارۆ ڕێکخراوە. لەبەر ئەوە، گەمارۆی نوێ دەبێت زیاتر لە گەمارۆی پێشووتر بێت بۆ ئەوەی بتوانێت هەمان کاریگەرییەکی ستراتیژی دروست بکات.
 ئایا ئێران بەڕاستی لە کۆتایی تواناکانی خۆیدایە؟
لەلایەک ، ئابووریی ئێران بەردەوام لەژێر کاریگەرى ، هەڵاوسان، کەمبوونەوەی توانای کڕین، کێشەکانی بانکی، فشار لەسەر داهاتی نەوت، خەرجییە سەربازییەکان، خەرجییەکانی بەردەوامبوونی جەنگ بووە،  بەڵام لە لایەکی ترەوە، گوشارى ئابووری بە خودى خۆی بەرامبەر نیییە بە شکستی سیاسی. رژیمەکان دەتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ لەژێر فشار بمێننەوە، ئەگەر سیستمی ئەمنی و سیاسیی ناوخۆیان بتوانێت کۆنترۆڵ بەسەر کۆمەڵگەدا بپارێزێت. لەبەر ئەمە، پرسیارەکە نابێت تەنها ئەوە بێت ئایا ئابووریی ئێران دەتوانێت بەرگەی گەمارۆ بگرێت؟بەڵکو دەبێت بپرسین: ئایا فشارە ئابوورییەکان دەتوانن تێکچوونێکی سیاسی لە ناو سیستەمی دەسەڵاتدا دروست بکەن؟
 هەڵوێستی تاران: پاشەکشە یان بەربەرەکانێ؟
بەپێی لۆژیکی ئەمنیی کۆماری ئیسلامی، خۆڕادەستکردن لەژێر فشار دەتوانێت لە ناوخۆدا بە نیشانەی شکست لێک بدرێتەوە. بۆیە فشارێکی زۆر گەورە دەتوانێت دوو ئەنجامی جیاواز دروست بکات:
سناریۆی یەکەم: پاشەکشەی تاکتیکی، تاران بۆ کڕینی کات دەکرێت هەندێک بژاردە قبوڵ بکات، کەناڵی دیپلۆماسی بکاتەوە و لە هەندێک بواردا پاشەکشە بکات.ئەمە زۆرتر لەوەی خۆڕادەستکردن بێت، پاشەکشەی تاکتیکی دەبێت بۆ ڕێکخستنی تواناکان.
سناریۆی دووەم: بەربەرەکانێى زیاتر، ئەگەر تاران وا هەست بکات کە هەر پاشەکشەیەک داواکارییە نوێی واشنگتۆنى لێ دەکەوێتەوە، ئەوا لەوانەیە بە پێچەوانەوە هەڵوێستى توندتربێت، کرانەوەى کەناڵی دیپلۆماسی کەمتر بکاتەوە، زیاتر پشت بە چین و ڕووسیا ببەستێت، فشار لەسەر بەرژەوەندى هاوپەیمانەکانی ئەمریکا زیاد بکات، و هەڵسوکەوتی سەربازیی خۆی بەرز بکات. ئەمەش ئەو ناوچە کوێرەیە کە هەندێک شرۆڤەکاران ئاماژەی پێ دەدەن.
 گەرووى هورمز
گەرووى هورمز لەم ستراتیژییەدا شوێنێکی تایبەتی هەیە. واشنگتن ئەم هاوکێشەیەى دەیەوێت:گەمارۆ + کەمکردنەوەی داهات + فشار لەسەر رژیم + پاشەکشەی سیاسی . بەڵام ئەگەر ئێران بتوانێت بە هەر شێوەیەک هەڕەشەیەکی بەردەوام لەسەر گواستنەوەی نەوت و گاز دروست بکات، ئەوا زنجیرەی سەرەوە دەگۆڕێت بۆ: گەمارۆ + فشار لەسەر ئێران + ناڕەزایی لە بازاڕی جیهانی وزە + فشار لەسەر هاوپەیمانانی ئەمریکا + فشار لەسەر واشنگتن بۆ گرتنە بەرى ڕێکارى دیپلۆماسی. لەو ڕووەوە، هورمز تەنها کێشەیەکی ئێرانی نییە؛ کێشەیەکی جیهانیی وزەیە.
 چین و هیندستان؛ خاڵی سەرەکیی شکستی گەمارۆکان
هەر ستراتیژییەکی نوێی ئەمریکا بۆ گەمارۆی ئێران بە شێوەیەکی گەورە پەیوەستە بە هەڵوێستی چین و هیندستانەوە، ئەگەر ئەم دوو وڵاتە بەردەوام بن لە کڕینی نەوتی ئێران، گەمارۆکە تەواو نابێت. بۆیە واشنگتن بەردەوام دەبێت لەسەر Secondary Sanctions ـ گەمارۆی لاوەکی بۆ دروست کردنى فشارى زیاتر. بەڵام ئەمە خەرجییەکی دیاریکراوی هەیە: ئەگەر ئەمریکا سزا بەسەر کۆمپانیا و دامەزراوەکانی هاوپەیمانانی خۆی بسەپێنێت، ئەوا دەتوانێت هاوپەیمانانی خۆی ناڕازی بکات. بەم شێوەیە، جەنگی ئابووریی دژی ئێران دەتوانێت ببێتە جەنگێکی دیپڵۆماسی لەگەڵ هاوبەشانی خودی ئەمریکا.
 ئایا ئابڵوقە لە بری جەنگ کارایی دەبێت؟
بە تەنیا، بە ئەگەری زۆر کەم. بەڵام ئابڵوقە + فشار سەربازی + فشار دیپڵۆماسی + داخستنی کەناڵە دارایییەکان + فشار لەسەر هاوبەشەکانی ئێران دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆر گەورەتر هەبێت. واتە واشنگتن لە ئێستادا هەوڵ دەدات سیستمێک لە فشاری چەند چین دروست بکات. ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە تاران نەک تەنها هەستی بە گوشارى ئابووری بکات، بەڵکو هەست بکات کە دەرگای هەڵهاتن لە فشارەکە بەردەوام دادەخرێت.
 هەڵسەنگاندنی کۆتایی
پرسیاری ئەوەى ئایا ئەمجارە ئێران پاشەکشە دەکات؟ وەڵامێکی سادەی بەڵێ یان نەخێر نییە. ئەوەی گۆڕاوە ئەوەیە کە ئێران لە ژینگەیەکی زۆر قورس‌تردا قرارى گرتووە. بەڵام ئەوەی هێشتا نەگۆڕاوە ئەوەیە کە گەمارۆ بە تەنیا ناتوانێت بە دڵنیایی رژیمێکی سیاسی ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکات. بۆیە ئەگەر ترامپ بیەوێت لە جەنگى سەربازییەوە بگوازێتەوە بۆ جەنگی ئابووری، سەرکەوتنەکەی پەیوەستە بە سێ فاکتەری سەرەکی:
یەکەم: ئایا ئەمریکا دەتوانێت کەناڵەکانی داهاتی ئێران بەڕاستی ببڕێت؟
دووەم: ئایا چین و هیندستان دەتوانن بەرگەی فشارەکانی واشنگتن بگرن؟
سێیەم: ئایا فشارەکە لە ناوخۆی ئێران دەبێتە هۆی گۆڕینی هەڵوێستی دەسەڵات، یان بە پێچەوانەوە، دەبێتە هۆی یەکخستنی دەسەڵات لە دەوری هەستی بەرگری بەرامبەر بە هەڕەشەی دەرەکی؟
کۆتایی
گەمارۆی نوێی ئەمریکا بە خودی خۆی نابێت ئامرازێک بۆ پاشەکشەکردنی ئێران ؛ بەڵکو ئامرازێکە بۆ زیادکردنی نرخی بەردەوامبوونی جەنگ و بەردەوامبوونی دۆخى تاران. ئەگەر واشنگتن بتوانێت لەگەڵ ئەم فشارە ڕێگایەکی دیپلۆماسیی باوەڕپێکراو دابین بکات، ئەوا ئەگەری پاشەکشەی تاکتیکی ئێران زیاد دەبێت. بەڵام ئەگەر تاران باوەڕ بکات کە هەر پاشەکشەیەک داواکاریی نوێی واشنگتۆنى لێ دەکەوێتەوە، فشارە ئابوورییەکان لەوانەیە بە پێچەوانەوە کاریگەری پێچەوانەى هەبێت و ئێران سوورتر بکات لەسەر هەڵوێستەکانى.