بەڵگەنامە نهێنییەکان پەردە لەسەر "پلانە گەورەکەی" حوسییەکان لادەدەن؛ ئەفریقا دەبێتە گۆڕەپانی نوێی هەژموونی ئێران

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1897 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڵگەنامەو کۆنوسە نهێنییەکان دەریدەخەن کە پڕۆژەی بڵاوبونەوەی حوسییەکان لەکیشوەری ئەفریقیا بەسەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سوپای پاسدارانی ئێران‌و هەماهەنگیی حزبوڵڵای لوبنان بەڕێوەدەچێت.


بەڵگەنامەو کۆنوسە نهێنییەکان کە تازە ئاشکرابون، پەردە لەسەر ستراتیژییەکی مەترسیداری گروپە چەکدارەکانی حوسی لادەدەن بۆ بڵاوکردنەوەی هەژمونی خۆیان لەکیشوەری ئەفریقیا.

به‌گوێره‌ى ئەو زانیارییانە، ئەم پڕۆژە فراوانخوازییە تەنها هەوڵێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو بەچاودێریی وردو ڕاستەوخۆی سوپای پاسدارانی ئێران‌و بەهەماهەنگیی نزیک لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان جێبەجێدەکرێت.

بەڵگەنامەکان ئاماژە بەوەدەکەن، سەرکردە ئەمنییە باڵاکانی حوسییەکان ئەرکی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیەیان پێسپێردراوە، ئامانجی سەرەکییشیان بریتییە لەبونیادنانی وێستگەی هەواڵگریی پێشکەوتوو و دروستکردنی تۆڕی نفوز لەچەندین دەوڵەتی ناوچەکەدا، ئەم وێستگانە نەک تەنها بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی، بەڵکو وەک بنکەیەک بۆ چاودێریکردنی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان‌و هەڕەشەکردن لەبەرژەوەندییەکانی نەیارانی ئێران لەناوچەکەدا بەکاردێن.

به‌گوێره‌ى کۆنوسە نهێنییەکان، ئەم جوڵەیە لەچوارچێوەی "یەکگرتنی بەرەکان"دا دێت، کە تێیدا حزبوڵڵای لوبنان ڕۆڵی ڕاوێژکارو ڕێکخەری پەیوەندییەکان دەگێڕێت، لەکاتێکدا سوپای پاسداران پاڵپشتیی دارایی، تەکنیکی‌و لۆجیستیی پڕۆژەکە دابیندەکات، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئێران دەیەوێت قوڵایی ستراتیژیی خۆی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ناو قوڵایی کیشوەری ئەفریقیا بگوازێتەوە.

چاودێرانی سیاسیی هۆشداریدەدەن، جێگیربونی چەکدارو سیخوڕەکانی حوسی لەئەفریقیا، دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی ئەو وڵاتانەی کە ئێستا بەدەست کێشەی ناوخۆییەوە دەناڵێنن، هەروەها ئەم بڵاوبونەوەیە دەبێتە هۆی دروستکردنی فشارێکی زیاتر لەسەر گەروی بابولمەندەب‌و دەریای سور کە یەکێکە لەگرنگترین ڕێڕەوە بازرگانییەکانی جیهان.

ڕاپۆرتەکان باس لەوەدەکەن، حوسییەکان کار لەسەر ڕاکێشانی لایەنگرو دروستکردنی شانەی نوستوو لەناو وڵاتانی ئەفریقیدا دەکەن، تاوەکو لەکاتی پێویستدا وەک ئامرازێکی فشار دژی حکومەتەکان یان هێزە نێودەوڵەتییەکان بەکاریان بهێنن.

ئەم ئاشکرابونە نوێیە دەریدەخات کە ململانێی یەمەن تەنها لەسنورە جوگرافییەکانی ئەو وڵاتەدا نەمایەوە، بەڵکو بوەتە بەشێک لەیارییەکی گەورەتر کە تێیدا ئەفریقیا کراوەتە قوربانیی پڕۆژە گەورەکانی ئێران بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆی لەناوچەکەدا.

بەپەلە