ده‌نگى پێى مارێنز دێت.. ئه‌مریكا هەنگاوی یەکەمی جەنگی زەمینی ده‌ستپێده‌كات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2318 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی هێوربونەوەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئامادەکارییە سەربازییەکانی بۆ ئاستێکی بێپێشینە بەرزکردوەتەوە، ڕاپۆرتە هەواڵییەکان ئاشکرایدەکەن، پێنتاگۆن نەک هەر پلانی هێرشی ئاسمانیی، بەڵکو پلانی وردی بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی‌و داگیرکردنی ناوچە ستراتیژییەکانی ئێران ئامادەکردوە، سێ یه‌كه‌ى مارێنز به‌ڕێگه‌وه‌ن.


به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی ئاکسیۆس‌و سەرچاوە سەربازییەکان، واشنتۆن چاوی بڕیوەتە جزیرەی خارگ، ئەم جزیرەیە کە تەنها 15 میل لەکەناراوەکانی ئێرانەوە دورە، بەشادەماری ئابوریی تاران دادەندرێت، چونکە 90٪ی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتەی لێوە ئەنجامدەدرێت.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن، بژاردەی داگیرکردنی جزیرەکە بەهێزی زەمینی یان گەمارۆدانی دەریایی بەجدی لەسەر مێزی ترەمپە، ئامانجەکەش ڕونە كه‌ خۆى ده‌بینێته‌وه‌ له‌ "شکاندنی دەسەڵاتی ئێران بەسەر گەروی هورمزو ناچارکردنی تاران بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بەمەرجەکانی ئەمریکا".

لەنوێترین پێشهاتدا، ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، کەشتییەکی جەنگی گەورەی ئەمریکی کە هەزاران سەربازی هێزی دەریایی (مارێنز)و دەریاوانی هەڵگرتوە، بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتوە، ئەم هێزانە مەشقی تایبەتیان پێکراوە بۆ کردەی دابەزینی سەربازیی کە ئەگەری هێرش بۆ سەر جزیرەکان زیاتر دەکات.

سێ یەکەی تایبەتی مارێنزو کەشتییە جەنگییە گەورەکان بەرەو ئاوەکانی کەنداو بەڕێکەوتون، ئەم هێزانە پسپۆڕن لەکردەی دابەزینی دەریایی‌و کۆنترۆڵکردنی ناوچە کەنارییەکان، ئەمەش نیشانەیەکە کە واشنتۆن خۆی بۆ سیناریۆیەکی درێژخایەن ئامادەدەکات.

کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی لەلێدوانێکدا ڕایگەیاندوه‌، "ئەرکی پێنتاگۆنە کە هەموو بژاردەکان بخاتە بەردەم سەرۆک، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە بڕیاری کۆتایی دراوە".

لەلایەکی دیكه‌شه‌وه‌، ترەمپ بەشێوازی تایبەتی خۆی وەڵامی پرسیاری ناردنی هێزی دایەوەو وتی، "نەخێر، هێز نانێرم، بەڵام ئەگەر بیکەم، دڵنیابن پێتان ناڵێم!".

شارەزایان دەڵێن، ئەمریکا پێویستی بەمانگێک کاتی دیكه‌ هەیە بۆ لاوازکردنی تواناکانی ئێران لەرێگەی هێرشی ئاسمانییەوە، پێشئەوەی هیچ هەنگاوێکی زەمینی بنێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێی ئێران، جەخت لەسەر بەرگریی‌و یەکڕیزیی دەکاتەوە، کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ناوچەکە لەبەردەم جەنگێکی سەخت‌و درێژخایەندایە.