نزیکەی 90 پۆستی بڵاوکردوه‌تەوە.. ترەمپ لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە جەنگی ئێران بەڕێوەدەبات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1075 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەدیمەنێکی بێپێشینەو جیاواز لەنەریتی باوی بەڕێوەبردنی ململانێ نێودەوڵەتییەکان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەکۆی دیجیتاڵی "تروس سۆشیاڵ"ی کردوه‌تە ژورێکی ئۆپەراسیۆنی سیاسیی‌و سەربازیی کاریگەر.


ئەم گۆڕانکارییە لەچەمکی جەنگە مۆدێرنەکاندا، سۆشیاڵ میدیای لەئامرازێکی پەیوەندییەوە گۆڕیوە بۆ چەکێکی ستراتیژیی کە ترەمپ تێیدا بڕیارە هەستیارەکان‌و هەڕەشە توندەکان ڕاستەوخۆ دەگەیەنێتە جیهان.

گرنگیی ئەم سۆشیاڵ میدیایە بۆ ترەمپ لەوەدایە کە ڕێگەی پێدەدات بەبێ گەڕانەوە بۆ کەناڵە دیپلۆماسییە کلاسیکییەکان‌و دور لەبیرۆکراسیی وەزارەتی دەرەوە، پەیامی دەستبەجێ بۆ نەیارو هاوپەیمانەکانی بنێرێت، بەجۆرێک کە هەژمونی ئەمریکا لەکاتی ڕاستەقینەدا نیشانبدات.

بەکارهێنانی ئەم سەکۆیە وەک سەکۆیەکی ئۆپەراسیۆنی هاوتەریب، کاتێک دەردەکەوێت کە ترەمپ تەنها لەکاتژمێر 10:05ی شەوی چوارشەممەدا هەڕەشەی وێرانکردنی گەورەترین کێڵگەی غازی ئێرانی کرد.

ئەم پۆستە دیجیتاڵییە تەنها نوسین نەبوو، بەڵکو گۆڕینی ئاڕاستەی جەنگ بوو لەئامانجە سەربازییەکانەوە بەرەو لەناوبردنی ژێرخانی ئابوریی نەیارەکان.

لەماوەی سێ هەفتەی یەکەمی جەنگی 28ی شوباتەوە، ترەمپ نزیکەی 90 پۆستی دەربارەی بەرەکانی جەنگ‌و ستراتیژییەت بڵاوکردوه‌تەوە، ئەمەش دەریدەخات کە لای ئەو، سۆشیاڵ میدیا گۆڕەپانی سەرەکییە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان‌و دروستکردنی فشار لەسەر وڵاتانی دیكه‌.

هەرچەندە ئەم "دیپلۆماسییە دیجیتاڵییە" لەلایەن شارەزایانی وەک ڕیچارد هاس بەمەترسیدارو دژبەیەک دەبینرێت، بەڵام لای ترەمپ وەک ئامرازێکی هێز بۆ تێپەڕاندنی سنورەکان‌و نیشاندانی خێرایی لەبڕیاردان بەکاردێت.

گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی لەپۆستەکانیدا، لەبانگەشەی کۆتاییهاتنی جەنگەوە تا دەگاتە هەڕەشە لەهاوپەیمانەکانی ناتۆ، هەموی لەچوارچێوەی ئەو تێڕوانینە نوێیەدایە کە سۆشیاڵ میدیا دەتوانێت کاریگەریی زیاتری هەبێت لەکۆبونەوە داخراوەکان.

ئەم شێوازە نوێیەی ترەمپ دەیسەلمێنێت کە جەنگە مۆدێرنەکان چیتر تەنها لەبەرەکانی شەڕدا نین، بەڵکو لەسەر شاشەی مۆبایلەکان‌و لەڕێگەی پۆستە خێراکانەوە ئاڕاستەی کۆتایی‌و چارەنوسی گەلان دیاریدەکرێت، ئەمەش وایکردوە جیهان بەوردی چاودێریی هەر پیتێک بکات کە ئەو لەسەر سەکۆکەی دەینوسێت.