شارپرێس:
لەهەنگاوێکی چاوەڕواننەکراوداو لەژێر گوشاری ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکە، نێردەی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) بڕیاری چۆڵکردنی بنکەکانیو کشانەوەی لەخاکی عێراق ڕاگەیاند، ئەم بڕیارە کە وەک پاراستنی گیانی ئەندامانی نێردەکە وەسفکراوە، ئاماژەیەکی ڕونە بۆ مەترسییەکانی پەرەسەندنی ململانێ هەرێمییەکان.
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی عێراق ئاشکرایکردوه، نێردەی ناتۆ دەستیکردوە بەپرۆسەی چۆڵکردنی سەربازگەکانیانو گواستنەوەی کارمەندەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات.
بهبڕواى چاودێرانى سیاسیى، ئەو جوڵەیەى ناتۆ لەکاتێکدایە، ناوچەکە لەسەر ئاگرێکی سور وەستاوەو جەنگێکی فراوان هەڕەشە لەهەموو لایەک دەکات.
سەرچاوە عێراقیهكه جەختیکردوهتهوه، ئەم کشانەوەیە کۆتاییهێنان نییە بەئەرکەکانیان، بەڵکو تەنها ڕێکارێکی کاتییو خۆپارێزییە.
نێردەی ناتۆ، کە ئەرکەکەی لەعێراقدا تەنها ڕاوێژکارییو مەشقو ڕاهێنان بوەو هیچ بەشدارییەکی جەنگییان نەبوە، وهكو سهرچاوهكه وتویهتى، "بەڵێنیداوە کە دەستبەجێ دوای کۆتاییهاتنی جەنگو سەقامگیربونەوەی دۆخەکە، بگەڕێنەوە بۆسەر کارەکانیان".
ئەم ڕوداوە پرسیارێکی زۆر لەسەر ئایندەی پەیوەندییە سەربازییەکانی عێراقو هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی دروستدەکات، لەکاتێکدا عێراق هەوڵدەدات دامەزراوە سەربازییەکانی بەهێزبکات، نەبونی ڕاوێژکارانی نێودەوڵەتی لەم ساتە هەستیارەدا، دەکرێت بۆشاییەکی کاتیی لەپرۆسەی مەشقو پەرەپێدان دروستبکات.
