ترەمپ‌و ئێران.. ستراتیژی لێدان بێ ڕوخاندن‌و گەمەی هەینی‌و شەممە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1873 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەنێوان هەڕەشە توندەکانی ساڵی 2018و هێرشە ئاسمانییەکانی ساڵی 2026دا، ستراتیژی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بەکۆماری ئیسلامی ئێران وەرچەرخانێکی گەورەی بەخۆوە بینیوە، لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی هەڵوەشانەوەی تەواوەتی سیستمی حوکمڕانی دەکات لەتاران، ڕاپۆرتێکی نوێی (واشنتۆن پۆست)ى ئه‌مریكى ئاشکرایدەکات، ترەمپ، بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، ئامانجی سەرەکی گۆڕینی ڕژێم نییە.


لەخولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ خاوەنی دروشمی (فشاری زۆرترین ـ Maximum Pressure) بوو، ئەو بەکشانەوە لەڕێککەوتنی ئەتۆمی‌و کوشتنی قاسم سولەیمانی، پەیامێکی ڕونی ناردو جه‌ختیكرده‌وه‌، "ئێران دەبێت ڕەفتارەکانی بگۆڕێت یان ده‌بێت لەژێر باری سزاکاندا بپسێت"، لەو سەردەمەدا، تیمی ترەمپ هیوایان بەوەبوو، فشارە ئابورییەکان ڕژێمەکە ناچار بەڕوخان یان تەسلیمبونێکی تەواوەتی بکەن.

لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل لەمساڵدا، زۆرێک وایاندەزانی ئەمە کاتی کۆتاییهاتنی سیستمی ویلایەتی فەقێیە، بەڵام گۆڕانکارییەک لەدیدگای ترەمپدا دروست بوە.

دواى ڕاپۆرته‌كه‌ى ڕۆژنامه‌ى واشنتۆن پۆست له‌باره‌ى ئه‌و وەرچەرخانە خێراو دژبەیەکەی ترەمپ لەسەر پرسی ئێران، زۆرێک لەچاودێرانی سیاسیی‌و تەنانەت بەرپرسانی پنتاگۆنیشی توشی سەرسوڕمان کردوەو چاودێرانیش جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌، ئەو شێوازە پێی دەوترێت دیپلۆماسیی شێوا.

به‌گوێره‌ى ئه‌وه‌ى له‌میدیاكان ده‌رده‌كه‌وێت، ترەمپ لەیه‌ك ڕۆژدا دوو پەیامی تەواو جیاواز دەنێرێت؛ بەیانیان لەتویتەر (یان پلاتفۆڕمی ئێکس‌و تروس سۆشیال) داوا لەگەلی ئێران دەکات بڕژێنەسەر شەقام‌و دەستبەسەر چارەنوسی خۆیاندا بگرن، ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆ ڕوخانی ڕژێم، بەڵام ئێواران لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت، "ئێمە نامانەوێت ڕژێم بگۆڕین، تەنها دەمانەوێت چەکی ئەتۆمییان نەبێت"، ئەمەش وایکردوە، ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش نەزانن ئایا ئەمریکا پشتیوانییان دەکات یان تەنها وەک کارتی فشار بەکاریاندەهێنێت.

سەیروسەمەرەیی ترەمپ لەوەدایە کە لەکاتێکدا قورسترین هێرشی سەربازیی دەکاتەسەر سوپای پاسداران، لەهەمانکاتدا ئامادەیی خۆی نیشاندەدات بۆ دانیشتن لەگەڵ سەرانی ئێران، ئەو بڕوای وایە کە بەسەرئێشە دروستکردن بۆ تاران، دەتوانێت ناچاریان بکات بێنەسەر مێزی گفتوگۆو وێنەیەکی مێژویی لەگەڵ بگرن، هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکور کردی.

وەک واشنتۆن پۆست ئاماژەی پێداوە، "ترەمپ لەڕوی دەرونییەوە ڕقی لەو جەنگانەیە کە کۆتاییان نایەت، ئەو دەزانێت ڕوخانی ڕژێم واتە بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی ئێران بۆ 10 ساڵی داهاتوو، ئەمەش تێچویەکی زۆری دەوێت"، هه‌ربۆیه‌ تره‌مپ ڕۆژێك دەڵێت، ڕژێم دەڕوخێنین بۆ ئەوەی ترسیان لێ بنیشێت‌و ڕۆژى دواتر دەڵێت، مەبەستم گۆڕینی سیستم نییە، بۆ ئەوەی ڕێگریی بکات لەهەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر.

یەکێک لەهەڵوێستە زۆر غەریبەکانی ترەمپ ئەوەیە کە چاوی لەوەیە کەسێک لەناو خودی دەسەڵاتی ئێراندا بۆ نمونە فەرماندەیەکی سەربازی یان بەرپرسێکی باڵا کودەتا بکات، ئەو پێیوایە ئەمە هەرزانترین ڕێگەیە؛ هەم ڕژێمەکە دەگۆڕێت‌و هەمیش ئەمریکاش یەک سەربازی لێ ناكوژرێت.

سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر ئێران وەک کۆنتڕۆڵی دورەدەست وایە؛ دەیەوێت بەهێرشی ئاسمانی‌و سزا، ئێران بخاتەسەر چۆک، بەڵام نایەوێت خۆی بچێتە ناو قوڕەکەوە.