شارپرێس:
لەوەرچەرخانێکی توندی دیپلۆماسیدا، وەزیرانی دەرەوەی 12 دەوڵەتی عەرەبیو ئیسلامی لەکۆبونەوەیەکی نائاساییدا لەڕیاز، پەیامێکی توندو هۆشدارییەکی ڕاستەوخۆیان ئاراستەی تاران کرد، کۆبونەوەکە کە تێیدا وڵاتانی وەک (سعودیە، میسر، تورکیا، ئوردن، ئازەربایجانو ئیمارات) بەشداربون، داوای "وەستانی دەستبەجێی" هێرشە موشەکیو درۆنییەکانی ئێرانیان کرد بۆسەر ناوچە مەدەنیو ژێرخانە ستراتیژییەکان.
بەشداربوان بەپشتبەستن بەمادەی (51)ی میساقی نەتەوەیەکگرتوەکان جەختیان لەمافی وڵاتان بۆ بەرگریی لەخۆیان كردوهتهوه، چاودێرانیش دهڵێن، ئەمە ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی کە چیتر تەنها بەسەرکۆنەکردن نەوەستنو ئەگەری وەڵامدانەوەی سەربازیی لەئارادایە ئەگەر هێرشەکان بەردەوامبن.
پاراستنی ئاسایشی دەریاییو گەروەکان، خاڵێكى دیكهى كۆبونهوهى وڵاتانى عهرهبىو ئیسلامى بوو، ئهوان هۆشدارییاندا بەئێران لەهەر هەوڵێک بۆ داخستن یان تێکدانی هاتوچۆی کەشتیوانی لەگەروی هورمزو باب المندب، کە ئەمە وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی وزەو ئابووری جیهان ناویان بردوه.
بۆ یەکەمجار بەشێوەیەكى ڕاشکاوانە، داوا لەئێران کرا، دەستبەجێ کۆتایی بەدابینکردنی داراییو پڕچەککردنی میلیشیاکان بهێنێت لەوڵاتانی عەرەبیدا، کە تاران وەک ئامرازێک بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆییو دژی سەقامگیریی ناوچەکە بەکاریاندەهێنێت.
وەزیرەکان داوای جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی ژمارە (2817)ى ئهمساڵیان كردوه کە ئەمەش نیشانیدەدات، دۆسیەی ئێران چوەتە قۆناغێکی نوێی نێودەوڵەتییەوەو فشارەکان تەنها هەرێمی نین.
سەبارەت بەلوبنان-یش، کۆبونەوەکە هاوسەنگییەکی سیاسی نیشانداوه، لەلایەکەوە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلیان بۆسەر ئەو وڵاتە سەرکۆنە کردو لەلایەکی دیكهشهوه جەختیانکردەوە، "پێویستە تەنها دەوڵەتی لوبنان خاوەنی چەک بێت، نەک گروپە چەکدارەکانی سەر بەئێران".
ئەو کۆبونەوەیەی ڕیاز تەنها کۆبونەوەیەکی ڕاوێژکاریی نەبوو، بەڵکو کێشانی نەخشە ڕێگهیەک بوو بۆ داهاتوی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران، پەیامی وڵاتانی بەشداربوو ڕونبوو ئهویش، "داهاتوی پەیوەندییەکان لەگەڵ تاران بەندە بەڕێزگرتن لەسەروەریی وڵاتانو نەهێشتنی هەڕەشە سەربازییەکان".
