شارپرێس:
لەوەرچەرخانێکی مەترسیداری شەڕی نێوان ئەمریکاو ئێراندا، بۆ یەکەمجار لەمێژوی ئەم ململانێیەدا، فڕۆکەیەکی جەنگیی (ستێڵس)ی پێشکەوتوی نەوەی پێنجەم لەجۆری F-35 Lightning II، دوای پێکانی لەلایەن بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێرانەوە، ناچار بەنیشتنەوەی بەپەلە کرا.
بەرەبەیانی ڕۆژى پێنجشهممه، لەکاتێکدا فڕۆکە پێشکەوتوەکەی ئەمریکا لەئەرکێکی جەنگیدا بوو لەقووڵایی خاکی ئێران، لەلایەن سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی (نەناسراوو نوێ)ی سوپای پاسدارانەوە کرایە ئامانج.
تیمی پەیوەندییەکانی (سێنتکۆم) پشتڕاستیکردەوە، فڕۆکەکە زیانی پێگەیشتوە، بەڵام توانیویەتی خۆی بگەیەنێتە بنکەیەکی ئاسمانیی ئەمریکا لەناوچەکەو فڕۆکەوانەکەش تەندروستی جێگیرە.
سوپای پاسدارانی ئێران بەفەرمی ڕایگەیاندوه، ئەوان کەرەستەی بەرگریی ئاسمانیی زۆر پێشکەوتویان بەکارهێناوە کە توانیویەتی سیستەمی خۆشاردنەوەی (Stealth)ی فڕۆکەکە ببڕێت.
بڵاوبونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانی ساتی پێکانی فڕۆکەکە لەمیدیاکانی تاران، شەپۆلێکی گەورەی نیگەرانی لەناوەندە سەربازییەکانی جیهان دروستکردوە، چونکە ئەو فڕۆکەیە کە بەهاکەی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلارە، وەک قەڵغانی نەبەزی ئاسمانی ئەمریکا دەبینرا.
ئەو ڕوداوە تەنها پێکانی فڕۆکەیەک نییە، بەڵکو شکانی شکۆو نھێنییە تەکنەلۆژییەکانی فڕۆکەی F-35یە، شارەزایانیش دەڵێن، ئەگەر ئێران توانیبێتی ئەوجۆرە فڕۆکەیە ڕاوبکات، ئەوا ستراتیژی ئاسمانیی ئەمریکاو ئیسرائیل لەناوچەکەدا پێویستی بەپێداچونەوەیەکی خێراو بنەڕەتی دەبێت.
