شارپرێس:
پەردە لەسەر گەورەترین
ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەی نایاسایی سەرمایە لەمێژوی هاوچەرخی ئێراندا لادرا، کە تێیدا
موجتەبا خامنەییو عەلی ئەنساری لەڕێگەی تۆڕێکی ئاڵۆزی کۆمپانیا سێبەرەکانو هەژمارە
بانکییە نهێنییەکان لەئەوروپا، ملیارەها دۆلار داهاتی نەوتو سامانی گشتییان بۆ
ناو جەرگەی بازاڕی خانوبەرەی لەندەنو پڕۆژە گەشتیارییەکانی ئەڵمانیاو نەمسا
گواستوەتەوە، بەمەش ئیمپراتۆرییەتێکی دارایی وایان بونیادناوە کە نەک هەر گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی
پەکخستوە، بەڵکو سیستەمی دارایی بەریتانیاشی ڕوبەڕوی شەرمەزارییەکی گەورەی یاسایی
کردوەتەوە.
پرسیارە سەرەکییەکە
ئەوەیە، چۆن پارەی حەمامی خوێنی نەوتی ئێران، لەوڵاتێکی وەک بەریتانیا کە خاوەن
توندترین یاسای ڕوبەڕوبونەوەی سپیکردنەوەی پارەیە، توانیویەتی دزە بکاتە ناو سیستەمی
بانکیو لەبازاڕی خانوبەرەدا (پۆست) بکرێت؟
تۆڕە ئاڵۆزەکانو
پیاوە سێبەرەکان
بهگوێرهى لێکۆڵینەوەکان،
ئەم سامانە زەبەلاحە بەناوی ڕاستەقینەی خاوەنەکانیانەوە تۆمارنەکراون، عەلی ئەنساری
کە وەک ئەندازیاری دارایی ئەم ئیمپراتۆرییەتە دەبینرێت، تۆڕێکی ئاڵۆزی لەکۆمپانیا
سێبەرەکان لەپەناگە داراییەکانی وەک لوکسمبۆرگو دورگەی مان دروستکردوە، ئەو کۆمپانیایانە
وەک پەردەیەک کاردەکەن بۆ شاردنەوەی ناسنامەی ڕاستەقینەی خاوەن سودمەندەکان.
تەکنیکی قەرزی وەهمی
یەکێک لەشێوازە
هەرە سەرنجڕاکێشەکان بۆ تێپەڕاندنی چاودێرییەکان، بەکارهێنانی قەرزی گەورەیە لەکۆمپانیا
وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەکان، بەمجۆرە، پارە ڕەشەکە لەڕێگەی لایەنی سێیەمەوە دەخرێتە
ناو پڕۆژەیەکو دواتر وەک وەبەرهێنانی یاسایی یان قەرز دەردەکەوێت، کە ئەمەش ڕێگە
بۆ کڕینی شوقەی 36 ملیۆن پاوهندى لەناوچە هەرە گرانبەھاکانی کەنزینگتۆن خۆشدەکات.
کەلێنە یاساییەکانی
بەریتانیا
هەرچەندە بەریتانیا
لەساڵی 2022وە یاسای شەفافیەتی قەوارە بیانییەکانی توندترکردوە، بەڵام ڕاپۆرتە نوێیەکان
دەریدەخەن کە هێشتا لایەنی جێبەجێکردن لاوازە، زۆرێک لەو موڵکانەی کە گومانیان لێدەکرێت،
پێش سەپاندنی سزاکان بەسەر عەلی ئەنساری لەساڵی 2025، پێگەی خۆیان لەبازاڕدا جێگیرکردوە.
لەتارانەوە بۆ شەقامی
ملیاره دۆلارییەکان
ئەمڕۆ باس لەوەدەکرێت،
کە تەنها لەشەقامی بەناوبانگی Bishops Avenue (کە بەشەقامی ملیاره دۆلارییەکان ناسراوە)، نزیکەی 11 کۆشکی گەورە پەیوەندییان بەو
تۆڕەوە هەیە، ئەمە جیا لەزنجیرە هۆتێلە لوکسەکانی ئەڵمانیاو نەمسا، کە بەهاکانیان
بەسەدان ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێندرێت.
ئەم ئابڕوچونە
داراییە تەنها کێشەی نێوان ئێرانو نەیارەکانی نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە
بۆ دەزگا ئەمنییەکانو سیستەمی دادوەری بەریتانیا، چالاکوانان دەپرسن، ئایا کاتی ئەوە
نەهاتوە یاسای (سامانی ڕوننەکراوە ـ UWO)
بەسەر ئەم موڵکانەدا جێبەجێبکرێتو ئەو سامانانە بۆ خەڵکی ئێران بگەڕێندرێنەوە؟.
