شارپرێس:
بەندکراوێکی سیاسی بە ناوی کوروش کەیوانی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە یەکێک لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسێدارە درا. ئەم بەندکراوە لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی پێشووی ئیسرائیل و ئێران دەستبەسەر کرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی کوروش کەیوانی، خەڵکی ساوجبلاغی پارێزگای ئەلبۆرز، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. جێبەجێکردنی ئەم سزایە لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لە پەرەسەندنی شەپۆلی سێدارەکان بەهۆی تێکهەڵچوونە سەربازییەکانی ناوچەکە، ڕووی لە زیادبوون کردووە.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی "میزان"، میدیای فەرمیی دەزگای دادوەریی ئێران، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم هاووڵاتییە، هیچ زانیارییەکی تری لەسەر وردەکاریی دۆسیەکە، شوێنی وردی جێبەجێکردنی سزا و پڕۆسەی دادگاییکردنەکەی بڵاو نەکردۆتەوە؛ پڕۆسەیەک کە هەمیشە بە ناڕوونی و بێبەشکردنی تۆمەتبار لە مافی هەبوونی پارێزەر بەڕێوە دەچێت.