ئامادەکاری بۆ نیشتنەوەی گەورە.. جوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران دەچێتە قۆناغێکی مەترسیدار

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2048 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پنتاگۆن‌و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) خەریکی داڕشتنی نەخشەی ئۆپەراسیۆنێکی پیادەن، لەکاتێکدا ئاسمانی ناوچەکە بەئاگر داپۆشراوە، واشنتۆن بژاردەی ناردنی هەزاران سەربازیی دیکەو کۆنترۆڵکردنی دورگەی خارگ-ی خستوەتە پێشەوەی ئەولەویەتە سەربازییەکانی.


گرنگترین‌و مەترسیدارترین جوڵەی سەربازیی ترەمپ، ناردنی هێزی پیادەیە بۆ ناو قوڵایی خاکی ئێران (دورگەی خارگ)، ئەم هەنگاوە تەنها بۆ تێکشکاندن نییە، بەڵکو بۆ کۆنترۆڵکردنی فیزیکیی ئەو ناوچە ستراتیژییەیە کە 90٪ی هەناردەی نەوتی ئێرانی لێوەدەکرێت، شارەزایانی سەربازیی دەڵێن، ئەمریکا دەیەوێت بەو هێزە پیادەیە گەروی هورمزو کێڵگە نەوتییەکان لەژێر دەستی تاران دەربهێنێت.

به‌گوێره‌ى داتا فەرمییەکانی سێنتکۆم، لە 28ی شوباتەوە تائێستا مەیدانی جەنگ بەمشێوەیە بوە، 7800 هێرشی ئاسمانی‌و موشەکی بۆسەر پێگەکانی ئێران ئەنجامدراون‌و هاوكات 120 کەشتیی جەنگی‌و بارهەڵگریی ئێران لەناو ئاوەکاندا تێکشکێنراون یان پەکخراون، لەبەرەی ئەمریکاش، باجەکە قورس بوە، 13 سەرباز کوژراون‌و نزیکەی 200 سەربازیی دیکە برینداربون کە ئەمە نیشانەی چڕی بەرپەرچدانەوەکانی ئێرانە بەموشەک‌و درۆن.

لەڕاپۆرتێکی سەربازیی هەواڵگریدا بۆ کۆنگرێس، تولسی گابارد جەختیکردەوە، لەهێرشەکانی حوزەیرانی ڕابردودا، ژێرخانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بەتەواوی لەناوبراوەو دەروازەی بنکە ژێرزەمینییەکان بەکۆنکرێت داخراون، ئەمەش وەک گورزێکی کەمەرشکێن بۆ توانای ئەتۆمی تاران ئەژماردەکرێت.

هەرچەندە بڕیارە هەفتەی داهاتوو گروپێکی دوو کەسی لەهێزەکانی مارێنز بگەنە ناوچەکە، بەڵام کشانەوەی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری زەبەلاحی "USS Gerald R. Ford" بەرەو یۆنان بەمەبەستی نۆژەنکردنەوە، جۆرێک لەبۆشایی لەتوانای مانۆڕی دەریایی ئەمریکادا دروستکردوە، کە ڕەنگە تاران وەک هەلێک بۆ هێرشی موشەکیی بیبینێت.

ئیدارەی ترەمپ لەبەردەم بڕیارێکی مێژوییدایە؛ یان ناردنی هەزاران سەربازیی پیادە بۆ ناو جەرگەی مەترسی لەخارگ‌و کۆتاییهێنان بەتوانای موشەکیی‌و دەریایی ئێران، یان پاشەکشە لەبەردەم هەڕەشەی درۆن‌و موشەکە بالیستییەکانی تاران کە ئێستا بنکەو هێزەکانی ئەمریکایان کردوەتە ئامانج.

بەپەلە