پەیامێکی توند لەپژاکەوە: ڕزگاربون لەدیکتاتۆری تاکە ڕێگەی دەربازبونی ئێرانە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1217 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا جیهان چاوی لەئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئێران‌و بەرەی (ئەمریکاو ئیسرائیل)ە، کێشەی نەتەوەیی‌و ئازادی لەناوخۆی ئێراندا ڕەهەندێکی نوێ وەردەگرێت، هاوسه‌رۆكى پژاك په‌یامێك ئاراسته‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان ده‌كات.


ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پارتی ژیان ئازادی کوردستان (پژاک)، لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاریەن تیڤی، نەورۆزی ئەمساڵی وەک وەرچەرخانێک وێنا کرد.

کەریمی وێڕای پیرۆزبایی لەهەموو ئەو نەتەوانەی ئەم جەژنە وەک هێمای نوێبونەوە دەبینن، پەیامێکی سیاسیی ڕونی ئاراستەی ناوخۆو دەرەوە کرد.

هاوسەرۆکی پژاک ئاماژەی بەوەکرد، "چارەنوسی گەلانی ئێران نابێت ببێتە قوربانی ململانێ دەەرەکییەکان، تاکە ڕێگەی ڕاستەقینە بۆ دەربازبون لەم قەیرانە نێودەوڵەتییانە، گەڕانەوەیە بۆ ئیرادەی گەل".

کەریمی ئه‌وه‌شى وت، "پێویستە ئێران خۆی لەژێر مەرگ‌و زوڵمی دیکتاتۆری ڕزگاربکات"، ئەم وتەیە ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەوەی کە گۆڕانکاریی ڕاستەقینە دەبێت لەناوەوەو بەدەستی گەلان بێت، نەک لەڕێگەی تێوەگلان لەجەنگە هەرێمییەکانەوە کە تەنها وێرانیی لێدەکەوێتەوە.

بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم پەیامەی کەریمی تەنها پیرۆزباییەکی ئاسایی نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ یەکخستنی دەنگەکان دژی ئەو چەوسانەوەیەی ساڵانێکە بەسەر ناوچەکەدا سەپێندراوە، لەژێر تیشکی ئەم پەیامەدا، نەورۆز لەجەژنێکی نەتەوەییەوە دەبێتە "سەکۆیەک بۆ دەربازبون لەدیکتاتۆریی"‌و دوبارە پێناسەکردنەوەی ناسنامەی ئازادیخوازانە.