تره‌مپ 48 كاتژمێرى دیاریكردوه‌و ئێرانیش وه‌ڵامێكى توند ده‌داته‌وه‌

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2569 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 

دۆناڵد تره‌مپ سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەیەکی توندی ئاڕاستەی تاران کردو ڕایگەیاند، ئەگەر لەماوەی 48 کاتژمێردا گەروی هورمز بەڕوی کەشتیوانیدا نەکەنەوە، ئەمریکا دەستدەکات بەبۆردومانکردنی وێستگەکانی وزەو کارەبا لەئێران.


لەپۆستێکدا لەسۆشیاڵ میدیای (تروس سۆشیاڵ)، تره‌مپ ئاماژەی بەوەکردوە، "هێرشەکان لەگەورەترین وێستگەی وزەوە دەستپێدەکەن، ئامانجەکانمان لەئێران پێکاوەو زیانێکی زۆرمان بەتوانای سەربازیی ئەو وڵاتە گەیاندوە، ئێستاش نامەوێت هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ تاران بكه‌م".

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ فەرماندەیی یەکگرتوی هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشدارییانداوە، هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکەیان، بەوەڵامێکی ڕاستەوخۆ دەبێت‌و سەرجەم وێستگەکانی وزەی ئەمریکا لەناوچەکەدا دەکەنە ئامانج.

ئەو وادەیەی تره‌مپ دیاریکردوە، وا بڕیارە ڕۆژی دوشەممە واته‌ سبه‌ینێ کۆتایی بێت، ئەمەش دوای ئەوەدێت کە داخستنی گەروەکە بوەتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا.